هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر "پێگەکانی داعش" لە سووریا؛ چەند جۆرێک فڕۆکە بەکارهێندراون

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێزی ئاسمانیی ئەمریکا رۆژی هەینی زنجیرە هێرشێکی سەربازیی بەرفراوانی کردە سەر ژمارەیەک بنکە و شوێن لە سووریا کە ئامانج لێی "لەنێوبردنی" چەکدارانی داعش و پێگەکانی چەکی ئەو رێکخراوە بوو. بەرپرسانی ئەمریکا هێرشەکە بە "بەرفراوان" ناودەبەن و پێشبینی هێرشی زیاتر دەکەن.
 
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) وردەکاری هێرشەکەی ئاشکرا کرد و دەڵێ، نزیکەی 70 ئامانجی جیاوازی لە نێوەڕاستی سووریا کردووەتە ئامانج، کە زۆربەیان ژێرخان و کۆگای چەکی داعش بوون. 
 
میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا ئامانجەکانیان لە ناوچە گوندنشینەکانی پارێزگاکانی دێرەزوور و رەققە، هەروەها لە ناوچەی شاخاوی جەبەل ئەموور لە نزیک تەدمور لە پارێزگای حومس پێکاوە. 
 
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی هێرشەکەوە نووسی: "ئەمە دەستپێکی جەنگ نییە، بەڵکو راگەیاندنی تۆڵەیە. ئەمریکا لەژێر سەرکردایەتیی سەرۆک ترەمپدا هەرگیز دوودڵ نابێت و هەرگیز سڵ ناکاتەوە لە بەرگریکردن لە گەلەکەمان و بەرژەوەندییەکانمان."
 
دۆناڵد ترەمپ کە دوای هێرشی سەر هێزەکانی لە سووریا، بەڵێنی "تۆڵەسەندنەوەیەکی زۆر تووندی" دا، لە گوتارێکیدا لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور ئۆپەراسیۆنەکەی بە "هێرشێکی گەورە" ناوبرد و گوتی، "چەتەکانی داعش"ی لە سووریا لەنێوبرد کە هەوڵی خۆڕێکخستنەوەیان دەدا.
 
پێش ئەم گوتانە، ترەمپ لە پۆستێکیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پشتیوانیی خۆی بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا دووپاتکردەوە و رایگەیاند، شەرع "بە تەواوی پشتگیری" لە هەوڵەکانی ئەمریکا دەکات بۆ بنبڕکردنی پاشماوەکانی داعش.
 
ترەمپ هەڕەشەیەکی تووندی کرد و داعشی ئاگادارکردەوە لەوەی جارێکی دیکە بیر لە هێرشکردنە سەر کارمەندانی ئەمریکی نەکاتەوە. سەرۆکی ئەمریکا نووسی: "لێرەوە هۆشداری دەدرێتە هەموو ئەو تیرۆریستانەی کە هێندە خراپن هێرش بکەنە سەر ئەمریکییەکان، ئەگەر بە هەر شێوەیەک هێرش بکەنە سەر ئەمریکا یان هەڕەشەی لێبکەن، ئەوا گورزێکی تووندتریان لێ دەوەشێنرێ لەوەی کە تاوەکو ئێستا لێیان دراوە."
 
بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، هێرشەکە بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگیی F-15 Eagle، فڕۆکەی هێرشبەری زەوینی A-10 Thunderbolt و هێلیکۆپتەری هێرشبەری AH-64 Apache ئەنجامدراوە.
 
 بەرپرسێک ئاماژەی بەوەشدا کە فڕۆکەی جەنگیی F-16ی سەر بە هێزی ئاسمانیی ئوردن و سیستمی مووشەکهاوێژی HIMARSیش لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەکارهێنراون.
 
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM)، کە سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکات، لە پۆستێکدا لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی رایگەیاند، فڕۆکە، هێلیکۆپتەر و تۆپخانەکانی ئەمریکا زیاتر لە 100 مووشەکی وردپێکیان ئاراستەی ئامانجەکانی داعش لە سووریا کردووە.
 
وەڵامی سووریا بۆ ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا
 
ئەو هێرشەی کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا، بووە تاقیکردنەوەیەکی گەورە بۆ پەیوەندییە گەرموگوڕ و تازە دامەزراوەکانی نێوان ئەمریکا و سووریا، کە لەدوای دوورخستنەوەی بەشار ئەسەد لە ساڵێک لەمەوبەرەوە هاتە ئاراوە. 
 
دۆناڵد ترەمپ دوای هێرشەکەی سەر تەدموور کە لە ئەنجامدا 3 هاووڵاتیی ئەمریکی کوژران، گوتی، هێزەکانی سووریا شانبەشانی هێزەکانی ئەمریکا شەڕیان کردووە و رایگەیاند، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا "زۆر تووڕە و نیگەرانە لەم هێرشە."
 
وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکەی ئەم بەیانییەی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکەی هەفتەی رابردوو "جەخت لە پێویستیی بەپەلەی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی دەکاتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەموو شێوەکانییەوە." 
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی سووریادا ئاماژە بەوە کراوە کە سووریا پابەندە "بە شەڕکردن دژی داعش و دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ پەناگەیەکی ئارامی لە خاکی سووریا نەبێت" و بەردەوام دەبێت لە "چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی رێکخراوەکە لە هەر شوێنێک کە هەڕەشە دروست بکات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە