رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێن، دوای سێ کاژێر کۆبوونەوەیان بڕیاریان داوە بۆ داواکردنی مافەکانیان کە دامەزراندنیانە بچنە بەغدا و لە بایکۆتیش بەردەوام بن. نوێنەرێکیان دەڵێت، نایانەوێت لەوە زیاتر خوێندن لە بەشێکی هەرێمی کوردستان دوابکەوێت.
رۆژی سێشەممە 21-11-2023، پشکۆ ئەحمەد، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری سلێمانی راگەیێندراوی (گشتی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی لە هەرێمی کوردستان) خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، دوای کۆبوونەوەیان بۆ ماوەی سێ کاژێر گەیشتوون بە چەند خاڵێک، لەنێویدا بۆ داواکردنی مافەکانیان کە دامەزراندنیانە رووبکەنە بەغدا.
لە راگەیێندراوەکەدا مامۆستایانی وانەبێژ رایانگەیاند، "بەردەوام دەبین لە بایکۆت و خۆپێشاندانی مەدەنیانە تاوەکو جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان کە دامەزراندنە بەشێوەی هەمیشەیی".
لەو راگەیێندراوەدا وانەبێژان دەڵێن، "لە رۆژانی داهاتوودا، پاڵپشت بە مامۆستایانی دامەزراو، ئاڕاستەی خۆپێشاندانەکانمان بەرەو بەغدا دەگرینەبەر و لە هەرێمی کوردستانیش بەردەوام دەبین لە بایکۆت".
لەوبارەیەوە کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ و بەشدار لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای بێ ئومێدبوون لە هەرێمی کوردستان لە دوای 70 رۆژ، بڕیارماندا رووبکەینە بەغدا، چونکە لەمە زیاتر نامانەوێت خوێندن بە فیڕۆبدرێت و منداڵان بێبەشبن لە قوتابخانەکان؛ بۆیە بۆ مافەکانمان هەموو رێگەیەک دەگیرنەبەر".
13ـی ئەیلوول خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد؛ لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە قوتابخانەکان نەکراونەتەوە و تاوەکو ئەمڕۆش بایکۆتی وانەبێژان و مامۆستایانی دامەزراو بەردەوامە.
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە، خاڵە سەرەکییەکان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانە.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابییان، دەوامیان نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ