رووداو دیجیتاڵ
کۆنسوڵی هۆڵەندا لە هەولێر رایگەیاند، ئەنجامی هەڵبژاردنی هۆڵەندا کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و هۆڵەندا نابێت، "ئێمە پەیوەندیمان باش و هاوڕێیانەیە". هەروەها بەشداریی کوردەکانی لەو هەڵبژاردنە بەرز نرخاند و گوتی، "ئەوە شتێکە پێویستە پێشوازیی لێبکرێت. کوردەکان بە چڕی کاردەکەن و چالاکانە بەشداریی کۆمەڵگە دەکەن."
رۆژی چوارشەممە، 22-11-2023، یاکۆ بیرێندس، کۆنسوڵی هۆڵەندا لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەڵبژاردنی هۆڵەندا تەنیا کاریگەری لەسەر سیاسەتی نێوخۆیی وڵاتەکە دەبێت، ئەنجامی هەڵبژاردن هیچ کاریگەرییەک لەسەر پەیوەندییە باشەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا ناکات، ئێمە پەیوەندییەکی هاوڕێیانەمان هەیە."
هەر لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەوە، بیرێندس گوتی، "من نازانم بە دیاریکراوی چ روودەدات و ناتوانم پێشبینیی بکەم. بەڵام سیاسەتی هۆڵەندا لەم ناوچەیە [کوردستان] بریتییە لە ئاسایش، سەقامگیری و گەشەسەندن. ئەنجامەکانیش هەر چییەک بن، ئەو سیاسەتانە هەروا دەمێننەوە."
لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی هۆڵەندا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەدەچێت، چوار کەس بەربژێرن بۆ ئەوەی شوێنی مارک رووتە وەک سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا بگرنەوە.
دیلان یەشیلگۆز، بەربژێری پارتەکەی مارک رووتەیە و بە بنەچە کوردە، دەکرێت ببێتە یەکەمین سەرۆکوەزیرانی ژن لە مێژووی ئەو وڵاتە ئەوروپییەدا. لەو بارەوە کۆنسوڵە هۆڵەندییەکە گوتی، "بەشداریکردنی بەربژێرانی کورد لە هەڵبژاردنی هۆڵەندا مایەی پێشوازییە. کاتێک بە دیاریکراوی سەیری کوردەکان دەکەیت، بە بڕوای من خەڵکی کورد بە چڕی کاردەکەن، نەک هەر بە مانای هەبوونی پیشەیەک، بەڵکو ئەوان حەزدەکەن لە کۆمەڵگە بەشداربن."
لە وەڵامی پرسێکیشدا کە چەند هاووڵاتیی هۆڵەندی لە کوردستان دەژین؟ گوتی، "بە دیاریکراوی ژمارەم لانییە، چونکە ئەوانەی خاوەن وڵاتینامەی عێراقین مەرجیان لەسەر نییە بۆ ئەوەی لای ئێمە لە کونسوڵخانە خۆیان تۆماربکەن، بەڵام دەتوانم بڵێم نزیکەی 5 بۆ 7 هەزار هەڵگری پاسپۆرتی هۆڵەندی لە کوردستان دەژین."
پەرلەمانی هۆڵەندا لە 150 کورسی پێکدێت و پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە پاڵپشتی 76 پەرلەمانتارە.
بەگوێرەی دوایین راپرسییەکان، پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسیی دەسەڵاتدار 27 کورسی بەدەستدەهێنێت و بە جیاوازییەکی کەم لەپێش هاوپەیمانیی سەوزەکان و پارتی کرێکارانی هۆڵەندا دێت کە پێشبینی دەکرێت 26 کورسی بەدەستبهێنێت.
هەروەها راپرسییەکان ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ژمارەی دەنگی پارتی ئازادی هۆڵەندی راستڕۆ دەکەن کە پارتێکی دژە کۆچبەرە و چاوەڕوان دەکرێت 26 کورسی بەدەستبهێنێت؛ هەروەها پارتێکی نوێی نێو سیاسەتی هۆڵەندا کە بە پارتی گرێبەستی سۆشیاڵی نوێ ناسراوە و بانگەشەی چاکسازی لە سیستمی سیاسی هۆڵەندا و سنووردارکردنی وەرگرتنی ژمارەی کۆچبەران دەکات، پێشبینی دەکرێت 21 کورسی بەدەستبهێنێت.
کاژێر 9ی شەو بە کاتی ئەمستەردام، واتە 11 بە کاتی هەولێر، سندووقەکانی دەنگدان دادەخرێن و جیاکردنەوەی دەنگەکان رۆژی 23ی مانگ کۆتایی دێت. دوای راگەیاندنی ئەنجامەکە، هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستپێدەکەن. ئەو پارتەی کە زۆرترین کورسی بەدەستهێناوە وەک یەکەمین پارتی دانوستاندنکار بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێردرێت.
چاوەڕوان دەکرێت رۆژی 5-12-2023 پەرلەمانی ئێستا کۆبێتەوە و رۆژی 6-12-2023ش پەرلەمانی نوێ کۆبێتەوە. مارک رووتە و کابینەکەی لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن تاوەکو حکومەتی نوێ دەستبەکار دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ