کۆمیسیۆن: هەموارکردنەوەی یاسای کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گرنگە

22-11-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەنگ بە هەمواری یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بدات و کۆمیسیۆنەکەش دەڵێت، هەموارکردنەکە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێویستە.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 22-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی هەمواری نوێی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کارەکانی کۆمیسیۆن بۆ شەش مانگی دیکە درێژ دەکرێنەوە.
 
کاژێر 13:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 22-11-2023، پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و بڕگەی دووەمی دانیشتنەکە تایبەتە بە دەنگدان لەسەر پێشنیازە یاسای هەمواری یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق.
 
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، "درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆن گرنگ و پێویستە؛ بوونی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران وادەکات کارەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواو بکرێن، چونکە کۆمیسیۆن لە 07-01-2024 کارەکانی تەواو دەبن".
 
 عیماد جەمیل گوتی، پێویستە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجامەکانیش پەسندبکرێن؛ بۆیە درێژکردنەوەکە تاوەکو 07-07-2024 دەبێت.
 
بڕیارە لە 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. رۆژی 25-02-2024 دیاریکراوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە، 03-08-2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.