رووداو دیجیتاڵ
هەوای بەشێک لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پیسە و بەو هۆیەوە ئەمڕۆ لە قوتابخانەکانی شاری ورمێ، شیفتی بەیانی لە مهاباد و سێ پارێزگای ئێران پشووە.
بەشی پەیوەندییەکانی پارێزگای ورمێ بڵاویکردەوە، بەهۆی پیسبوونی هەواوە لە سەرجەم قوتابخانەکانی نێو شار و دەرەوەی ورمێ ئەمڕۆ شەممە پشووە.
بەشی پەیوەندییەکانی پارێزگای ورمێ باس لەوە دەکات، "هەوای بەشێک لە شارەکانی پارێزگاکە بەهۆی زۆربوونی رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکانەوە لە ئاستی هۆشداریدایە و هەربۆیە بۆ خەڵکی نەخۆش، منداڵ و بەساڵاچووان مەترسیدارە."
هاوکات محەممەد سادق ئەمین عەشایری، قایمقامی مهاباد رایگەیاند، "بەهۆی پیسبوونی هەواوە دەوامی بەیانیی سەرجەم قوتابخانەکان لە شارەکەدا نییە."
لە 9 پارێزگای ئێرانیش بەهۆی پیسبوونی هەواوە هۆشداری دراوە و لە قوتابخانەکانی پارێزگاکانی تاران، یەزد و تەورێز پشووە.
ناوەندی پێشبینیی کەشوهەوای ئێران دەڵێت، "پیسیی هەوا تاوەکو سێشەممە بەردەوام دەبێ و فەرمانگە تەندروستییەکان داوا دەکەن هاووڵاتییان لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە."
هەوای ژمارەیەک شاری دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش وەک شنۆ، پیرانشار و ساینقەڵا (پارێزگای ورمێ) لە ئاستی ناستاندار و مەترسیداردایە.
رۆژی 10-11-2025، عەلیڕەزا رەئیسی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران رایگەیاند، پار 58 هەزار و 975 کەس بەهۆی پیسبوونی هەوا و کاریگەرییەکانییەوە لە ئێران گیانیان لەدەستداوە.
یەدوڵڵا سوهرابی، ئەندامی کۆمەڵەی دەرمانسازانی ئێرانیش رایگەیاند، ''رێژەی پیسبوونی هەوا لە ئێران لە دۆخی مەترسیداردایە و هەر ئەمەش وایکردووە، بەکارهێنانی دەرمانی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان و دڵ 30% بۆ 50% زیاد."
سووتاندنی مازۆت لە کارگەکان، خراپی بەنزین و کواڵیتیی ئۆتۆمبێلەکان بە هۆکاری سەرەکیی زیاتر پیسبوونی هەوای رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دادەنرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ