رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، 3 گەڕەکی نزیک قەڵای شارەکە نۆژەن دەکرێنەوە و دەکرێنە مۆزەخانە و شوێنی گەشتیاری.
رۆژی شەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پلانمان هەیە 3 گەڕەکی هەولێر لەسەر شێوازی خۆیان نۆژەن بکەینەوە و بیانکەینە مۆزەخانە و شوێنی گەشتیاری، ئامانجمان برەودانە بە کولتوور و مێژووی پارێزگای هەولێر".
هەر سێ گەڕەکەکە دەکەونە نزیک قەڵای هەولێر. ئومێد خۆشناو دەڵێت، "بەهۆی نەبوونی بودجەوە، پڕۆژەکە هێشتا دەستیپێنەکردووە".
قەڵای هەولێر یەکێکە لە شوێنەوارە هەرە دێرینەکانی کوردستان و جیهان، بە تەمەنی 6 هەزار ساڵییەوە بە كۆنترین شاری دنیا دادەنرێت، كە ژیان تێیدا بەردەوامە و لە لیستی 100 گرنگترین شوێنەواری جیهانە. ئەم قەڵایە لە ساڵی 2007 نۆژەنکردنەوەی خانووەکانی دەستیپێکردووە، لە ساڵی 2014 لەلایەن یوونسکۆوە خراوەتە لیستی میراتی جیهانییەوە.
سەبارەت بە گەڕەکەکان، پارێزگاری هەولێر گوتی، "بڕیارە هەریەک لە گەڕەکەکانی خانەقا، عارەبان و تەعجیل لەسەر شێوازی کۆنی خۆیان و بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش نۆژەن بکرێنەوە".
بەرنامەی ئەم پڕۆژەیە، لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە ئامادە کراوە و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ