نرخی ماسی لە هەرێمی کوردستان دادەبەزێت؛ "لێرە هیچ حەوزێک تێکنادرێت"

22-11-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی وەزارەتی سەرچاوەکانی عێراق رایگەیاند، 15 هەزار حەوزی ماسییان بەهۆی زێدەڕۆییەوە لەنێوبردووە، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێ: "هیچ بەرنامەیەکی تێکدانی حەوزەکانمان نییە."
 
بێستوون بەکر، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارەکەی عێراق بۆ تێکدانی حەوزەکانی ماسی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە لێرە زێدەڕۆیی نەکراوەتەسەر موڵکی حکومەت و گشتی."
 
خالید شیمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، 19ی ئەم مانگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زیاتر لە 15 هەزار حەوزی زێدەڕۆی ماسی لابراون."
 
بێستوون بەکر گوتیشی، "عێراق بەهۆی کەمیی ئاوەوە بڕیارەکەی داوە، بەڵام سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان زۆرن و پێویست ناکات حەزەکان تێکبدەین، بۆیە هیچ بەرنامەیەکی هاوشێوەی ئەوەی عێراقمان نییە."
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان، ساڵانە 40 هەزار تۆن ماسی بەرهەمی نێوخۆ هەیە. بێستوون بەکر گوتی، "بەرهەمی نێوخۆ 65%ی پێداویستی بازاڕ پڕ دەکاتەوە."
 
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کرد، "بەرهەمی ماسی هەرێمی کوردستان ساڵانە مانگی 9 بۆ مانگی 12یە، لە ئێستادا کە بەرهەم هەیە بەشێکی هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت."
 
بەگوێرەی ئامارەکان، کەمتر لە 25%ـی حەوزەکانی ماسی لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی فەرمییان هەیە، بەڵام بێستوون بەکر دەڵێت، "ئەوانەی مۆڵەتیان نییە کێشەکانیان چارەسەردەکەین و بەشێکیان سەرقاڵی دەرهێنانی مۆڵەتن."
 
نرخی ماسی دادەبەزێت
 
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە هەرێمی کورستان دەڵێ، بەهۆی پێگەیشتنی بەرهەمی نێوخۆوە نرخی ماسی دابەزیوە.
 
بە گوتەی بێستوون بەکر، "پێشتر کیلۆیەک ماسی بە زیاتر لە 7 هەزار دینار دەگەیشتە دەستی هاونیشتمانییان، ئێستا بە زیاتر لە 5 هەزار دینار؛ بە نزیکەی هەر کیلۆیەک دوو هەزار دینار دابەزیوە."
 
بڕی بەرهەمی ماسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق
 
بەرهەمی ماسی لە هەرێمی کوردستان ساڵانە 40 هەزار تۆنی تێپەڕاندووە. لەبارەی عێراقیشەوە فەرمانگەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانی پەرلەمانی عێراق راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە.
 
فەرمانگەکە بەم شێوەیە ئامارەکەی لە ساڵانی 2020 بۆ شەش مانگی 2025 خستووەتەڕوو:
 
- ساڵی 2020؛ بەرهەمی ماسی 75 هەزار تۆن بووە.  
- ساڵی 2021؛ بەرهەمی ماسی 96 هەزار تۆن بووە.
- ساڵی 2022؛ بەرهەمی ماسی 56 هەزار تۆن بووە.
- ساڵی 2023؛ بەرهەمی ماسی 22 هەزار تۆن بووە.
- ساڵی 2024؛ بەرهەمی ماسی 45 هەزار تۆن بووە.
- 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵ: بەرهەمی ماسی 31 هەزار تۆن بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.