رووداو دیجیتاڵ
هەفتەیەکە گەنجێکی دانیشتووی قەزای کەلار لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی چارەنووسی نادیارە و نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، "گەڕان لە ئاو و وشکانی بەردەوامە، بەڵام سەرەداومان دەستنەکەوتووە."
مەهدی محەممەد، تەمەن 25 ساڵ، دانیشتووی کەلار، لە ئێوارەی 16ی ئەم مانگەوە دوای ئەوەی پەیوەندییەکی بۆ چووە، لە ماڵ دەرچووە و چووەتە نزیک رووباری سیروان و تاوەکو ئەمڕۆ نەگەڕاوەتەوە.
عارف عادل، قایمقامی قەزای کەلار ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رۆژی ونبوونی مەهدییەوە گەڕان بەردەوامە و تاوەکو ئەمڕۆ هیچ سەرەداوێکمان دەستنەکەوتووە."
ئەو شوێنەی گەنجەکەی لێ ون بووە دەکەوێتە سەر رێگەی کەلار بۆ خانەقین. قایمقامی کەلار گوتی، "شوێنە نزیکە لە کەلارەوە و قورسە بگوترێ لەلایەن گروپی چەکدراوە رفێندرابێ، لەگەڵ ئەوەشدا گەڕانی هێزە ئەمنییەکان بەردەوامە، بەڵام هیچ سەرەداوێکیان دەستنەکەوتووە."
عارف عادل ئاماژەی بەوەشکرد، تیمی ژێرئاوی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانیی گەرمیان لەو شوێنەی مەهدی لێ ونبووە زۆر گەڕاوە و ئەوانیش هیچ سەرەداوێکیان دەستنەکەوتووە.
لەبارەی ونبوونی مەهدییەوە، محەممەد خالیدی باوکی 20ـی ئەم مانگە بە رووداوی راگەیاند: "نزیکەی کاژێر 04:35 خولەک مەهدی دەچێتە چایخانەیەک لە بازاڕ. تەلەفۆنێکی بۆ هاتبوو و دەڕوا لەودیو پردەکەی ساڵح ئاغاوە کە بازگەیەکی لەبەردەمە و جادەیەکی لێ جیادەبێتەوە بۆ کانی ماسی و ئەو ناوە، ئیتر لەوێ دیار نامێنێت."
مەهدی کوڕە گەورەی خێزانەکەیە، خوێندکاری قۆناخی چواری بەشی فیزیایە لە زانکۆی گەرمیان. جگە لە کەسوکاری، بۆ دۆزینەوەی، هێزەکانی پێشمەرگە ناوچەکەیان کێوماڵکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ