رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی دەڵێت، بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە، کارکردن لە پردی دووڕێیانی ژاڵەناو و رێگەی ناوتاق بۆ زەڕایەن وەستاوە، مەترسی لەسەر کارکردن لە رێگەی زەڕایەن - دەربەندیخانیش دروستبووە.
سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پردی دوو رێیانی ژاڵەناو کە هاوتووچۆی سەرەکیی ناحیەی بەمۆ و گوندەکانی و رێگەی هاتووچۆی دەروازەی پشتەشی لەسەرە، کارکردن تێیدا راگیرا."
قایمقامی دەربەندیخان دروستکردنی پردەکەی بۆ دانیشتووانی سنوورەکە بە "ستراتیژی" پێناسە کرد. گوتیشی، "بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە بۆی، کۆمپانیای جێبەجێکار کارەکانی راگرت."
یەکێکی دیکە لەو رێگایانەی کارکردن تێیدا وەستاوە، قیرتاوکردنی رێگەی ناوتاقەکە رێگەیەکی نێوان دەربەندیخان و ناحیەی زەڕایەنە و دەربەندیخان دەبەستێتەوە بە شاری سلێمانییەوە.
سلێمان محەممەد گوتی، "ئەگەر رێگەی ناوتاق وەک رێگەی جێگرەوە، کارکردن تێیدا تەواو نەکرێ، بۆ زستانی ئەم ساڵ مەترسی گەورە لەسەر ژیانی خەڵک بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە لە رێگە سەرەکەییەکە دروست دەبێت."
رێگەی ناوتاق 21 کیلۆمەترە و تاوەکو ئەمڕۆ 8 کیلۆمەتری قیرتاوکراوە. قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، "لانیکەم دوو کیلۆمەتری دیکە قیرتاو بکرێ ئەم ساڵ شۆفێران دەتوانن بە باشی بەکاری بهێنن، چونکە بەشەکەی دیکە هەرچەند زۆر کۆن بووە و تێکچووە، بەڵام هەر باشە و قیرتاوە و دەتوانرێت بەکاربهێندرێت."
نێوەڕاستی ئەم ساڵ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، واژۆی لەسەر نووسراوێک کرد کە تایبەت بوو بە دووسایدکردنی رێگەی نێوان قەزای دەربەندیخان و ناحیەی وارماوا.
قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، "هیچ پارەیەک بۆ پڕۆژەکە خەرج نەکراوە. جەرجنەکردن بەردەوام بێ کارکردن لەو پڕۆژەیەش دەوەستێ، چونکە کۆمپانیای جێبەجێکار تاوەکو سنوورێک دەتوانێ بێ خەرجکردنی پارە کار بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ