رووداو دیجیتاڵ
دەزگای روانگە خولێکی راهێنان بۆ چۆنێتیی نووسینی توێژینەوەی زانستی و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە گەرمیان دەکاتەوە. بەڕێوەبەری لقی گەرمیانی دەزگای روانگە دەڵێ، خولەکە بێ بەرامبەرە و مامۆستایانی زانکۆ و پەیمانگەکان و خوێندکاران تێیدا بەشدارن.
ئەمڕۆ شەممە 22-11-2025 خولێکی راهێنان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لەلایەن ناوەندی توێژینەوەی دەزگای روانگەوە بە مەبەستی بەهێزکردنی چۆنێتیی توێژینەوەی زانستی بۆ زیاتر لە 60 مامۆستای زانکۆ و پەیمانگەکان و خوێندکاران کرایەوە.
ئارام عەدنان، بەڕێوەبەری لقی گەرمیانی دەزگای روانگە بە هونەر حەمید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خولەکە بۆ ئەو کەسانەیە کە پێویستییان بەوەیە لە گۆڤارە نێودەوڵەتییەکاندا توێژینەوەکانیان بڵاوبکرێتەوە.
بەگوتەی ئارام عەدنان، ئامانج لە راهێنانەکە پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی توانای توێژەران و بەکارهێنانی باشتری ژیریی دەستکردە.
بەڕێوەبەری لقی گەرمیانی دەزگای روانگە گوتی، بەشێک لەو مامۆستا ئایینییانەی لە خوێندنی باڵادان، لە راهێنانەکەدا بەشدارن و گوتی، ''ئەوانیش کە لە بەشێک لە زانکۆکانی کوردستان وانە دەڵێنەوە، پێویستە لەگەڵ ژیریی دەستکرد زیاتر ئاشنا بن، بۆ ئەوەی لە نووسین و تەنانەت گوتارەکانی رۆژی هەینیدا بەکاریبهێنن.''
راهێنانەکە بۆ سێ هەفتە بەردەوام دەبێت و وەک ئارام عەدنان دەڵێت، ''کەسانی پسپۆڕ، شارەزا و ئەکادیمیی شارەکانی کوردستان خولەکە بەڕێوەدەبەن."
بەڕێوەبەری لقی گەرمیانی دەزگای روانگە ئەوەشی خستەڕوو، خولەکە بێ بەرامبەر بۆ مامۆستایان، خوێندکارانی خوێندنی باڵا و مامۆستایانی ئایینی بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ