کشتوکاڵی هەولێر: هێلکە شەش هێندەی پێداویستی نێوخۆیە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێ، بڕی بارانبارین لەم وەرزەدا لە سنووری پارێزگاکە بەراورد بە وەرزی رابردوو دوو بەرامبەر زیادی کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هێلکە لە سنووری پارێزگاکە شەش هێندەی پێداویستی نێوخۆ زیاترە.
 
هێمن سەیید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر میوانی بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو بوو کە رۆژانە محەممەد رەحیم  پێشکشی دەکات و باسی دۆخی کشتوکاڵی سنووری پارێزگاکەی کرد و رایگەیاند، ئەو شەپۆلە بارانەی سەرەتای ئەم مانگە هەرێمی کوردستانی گرتەوە، جێگەی دڵخۆشییە و لە زۆرینەی ناوچەکانی پارێزگاکەدا بەراورد بە وەرزی رابردوو چەند هێندە باران باریووە و هەربۆیە جووتیاران خەریکی کێڵان و تۆوکردنن.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر داوا لە جووتیارانی پارێزگای هەولێر دەکات کە خۆیان بۆ پلانی وەرگرتن و بەبازاڕکردنی گەنم تۆمار بکەن. هێمن سەیید موراد دەڵێ: "لە سەرەتای کانوونی دووەمی 2026ـەوە پڕۆسەی تۆمارکردنی ناوی جووتیاران لە پلانی بەبازاڕکردنی گەنم دەستپێدەکات و تاوەکو 15ـی شوباتی 2026 بەردەوام دەبێ. هەر جووتیارێک خۆی تۆمارنەکات، لە پڕۆسەی وەرگرتن و بەبازاڕکردنی گەنم بێبەش دەبێت."
 
بەگوتەی هێمن سەیید موراد، لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی 2 ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەیە؛ گوتیشی، زیاتر لە 90٪ی دانەوێڵەی پارێزگاکە گەنمە و گونجاوترین جۆری گەنمیش ئەو جۆرەیە لە بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەی کشتوکاڵی پەسەندکراوە، وەک تەرزەکانی (هەولێر2 و هەولێر4،  کۆیە 16 و کۆیە18).
 
سەبارەت بە بڕی بارانبارین لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئامارە بەراوردکارییەکانی خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا لە سەنتەری هەولێر 74 ملم باران باریوە، لە کاتێکدا وەرزی رابردوو لەم کاتەدا تەنیا 33 ملم بوو؛ گوتیشی: "لە هەندێک ناوچەی وەک کۆیە بڕی بارانبارین گەیشتووەتە 233 ملم، ئەمەش نیشانەیەکی زۆر باشە کە مەترسیی وشکەساڵی لە هەنگاوی یەکەمدا ڕەویوەتەوە."
 
هێمن سەید موراد گوتی، حکومەت نزیکەی 2 هەزار و 500  تۆن بنەتۆوی بە نیوەی نرخ و بە 450 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک دابەش کردووە بەسەر جووتیاراندا. 
 
لەبارەی ناردنی بەرهەمی نێوخۆیی بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ئەو بەرپرسە گوتی: "رۆژانە 200 بۆ 250 بارهەڵگر لە بەرهەمی برا جووتیارەکانمان هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێ و بەرهەمی پەلەوەریشمان سێ هێندە و هێلکەش 6 هێندەی پێداویستی نێوخۆیە."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، لە ساڵانی رابردوودا گرنگییەکی زۆر بە وەبەرهێنانی کشتوکاڵی دراوە و ئێستا دەیان پرۆژەی گەورەی کشتوکاڵی و پەلەوەری لە پارێزگاکەدا هەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دروێنەی گەنم. وێنە: Reuters

جووتیاران ئاگادار دەکرێنەوە؛ لە 4ـی 1ـەوە ناوی خۆتان تۆماربکەن

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان پلانی ساڵانەی خۆی بۆ تۆمارکردنی زانیاریی ئەو جووتیارانە دەستپێدەکات کە گەنمیان چاندووە. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێ، هەر جووتیارێک ناوی تۆمارنەکرێ، بۆ وەرزی داهاتوو گەنمەکەی لێ وەرناگیرێ.