رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان پلانی ساڵانەی خۆی بۆ تۆمارکردنی زانیاریی ئەو جووتیارانە دەستپێدەکات کە گەنمیان چاندووە. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێ، هەر جووتیارێک ناوی تۆمارنەکرێ، بۆ وەرزی داهاتوو گەنمەکەی لێ وەرناگیرێ.
رۆژی دووشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، بەپێی پلانی ساڵانەی وەزارەت، تەواوی داتای ئەو جووتیارانەی گەنمیان داچاندووە تۆماردەکرێ کە زانیارییە وردەکانی وەک رووبەری زەویی چێندراو، جۆری بنەتۆو و شێوازی چاندنی گەنم لەخۆدەگرێ.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، ئەو زانیارییانە دەخرێنە سەر سیدییەک و دەدرێنە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ ئەوەی داتای جووتیاران لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە تۆماربکرێ؛ گوتیشی: "ئەو جووتیارەی زانیارییەکەی لەنێو ئەو سیدییەدا نەبێ، ساڵی داهاتوو گەنمی لێ وەرناگیرێ."
هیوا عەلی باسی لەوە کرد، پڕکردنەوەی فۆرم لە سەرەتای ساڵی نوێوە دەستپێدەکات.
هێمن سەیید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێویستە جووتیاران لە 2026-1-4 تاوەکو 2026-2-15 سەردانی بەش و بەڕێوەبەرایەتییە کشتوکاڵییەکانی سنووری خۆیان بکەن".
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، مەبەست لەم سەردانە تۆمارکردنی ناوی جووتیارانە لە لیستی "پۆستەی بەبازاڕکردنی گەنم" بۆ سایلۆکان، بۆیە پێویستە ئەو جووتیارانەی زەوییەکانیان بە دانەوێڵە چاندووە، لە کاتی دیاریکراودا سەردانیان بکەن تاوەکو لە پرۆسەی وەرگرتنی گەنم بێبەش نەبن.
ئەم ساڵ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان 10ی حوزەیران دەستیپێکرد. ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ تۆنێک وەرگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ