رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کشتوکاڵ دەڵێت، وەک پاڵپشتییەک بۆ جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە چەند رۆژی داهاتوودا هاوردەکردنی تەماتە لە دەرەوەی وڵات قەدەخە دەکرێت. گوتیشی، ''دەمانەوێت لە سەرانسەری عێراق رۆژژمێرێکی کشتوکاڵیی یەکگرتوو هەبێت.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-01-2025، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە دیوانی وەزارەتەکە پێشوازی لە نوێنەرانی جووتیارانی کۆمەڵەی کشتوکاڵی ئەلزوبێری بەسرە و نوێنەرایەتیی جووتیارانی پێنجوێن کرد.
بەگوێرەی راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دیدارەکە بە مەبەستی ''هاوئاهەنگی و پاڵپشتیی وەزارەت بۆ جووتیارانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق و رەخساندنی دەرفەت بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان بەتایبەتی بەرهەمی تەماتە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان'' کراوە.
دوای کۆبوونەوەکە، بێگەرد تاڵەبانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''شاندەکە ئەو باباتانەیان خستەڕوو کە تایبەت بوون بە قەەخەکردنی [هاوردەکردنی] تەماتە لە سەرانسەری عێراق، بۆ ئەوەی بتوانین پاڵپشتیی جووتیارانی خۆمان بکەین.''
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گوتی، ''ئێمە بڕیاری قەدەخەکردنی هاوردەی تەماتەمان لە دەرەوەی وڵات دەرکردووە کە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش وەک پاڵپشتییەک بۆ بەرهەمە نێوخۆییەکان.''
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی کشتوکاڵ کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، قەدەخەکردنەکە لە 26ـی کانوونی دووەمەوە دەستپێدەکات و تێیدا هاتووە، ''پاڵپشت بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەروبوومی کشتوکاڵیی ژمارە 4ـی ساڵی 2008، لەسەر داوای جووتیارانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کە ئێستا بەرهەمی تەماتە لەو ناوچانەدا پێگەیشتووە، بڕیارمان دا بە قەدەخەکردنی هاوردەی بەرهەمی (تەماتە) لە دەرەوەی وڵات.''
بێگەرد تاڵەبانی جەختیشی لەوە کردەوە، ''دەمانەوێت لە سەرانسەری عێراق رۆژژمێرێکی کشتوکاڵیی یەکگرتوو هەبێت کە پارێزگاری لە مافی جووتیارانی عێراق بکات بە هەرێمی کوردستانیشەوە.''
بەگوتەی بێگەرد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەییان دەربڕیوە کە پاڵپشتیی جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەن، ''لەهەمانکاتیشدا داوامان کرد کە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقیش لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی ئێمەدا، بۆ پاڵپشتیی جووتیارانمان هاوکار بێت.''
ئەو وەزیرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، ''پابەند دەبین بە رۆژژمێرێکی کشتوکاڵیی یەکگرتوو، هیوادارم وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقیش لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمەکاندا پابەند بێت بە نێوەرۆکی هەمان رۆژژمێر کە رێکەوتنمان لەسەر کردووە.''
نوێنەرانی جووتیارانی بەسرە لە سەردانەکەیاندا وەکو دەستخۆشی عەبایەکی تایبەتیان بە دیاری بە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بەخشی. بێگەرد تاڵەبانی لەوبارەوە ئاماژەی دا، ''ئێمە لە کابینەی نۆیەم، جیا لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی، پەیوەندییەکی پتەومان لەگەڵ جووتیارانیش هەبووە، چی لە هەرێمی کوردستان و چی لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ