عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: بۆ دۆسیەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە سەردانی ئێران دەکەینەوە

23-01-2025
پەیمان محەممەد
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان قسە بۆ میدیاکان دەکات.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان قسە بۆ میدیاکان دەکات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان سەبارەت بە دۆسیەی منداڵە ونبووەکان دەڵێت، کۆبوونەوەیەکی دیکە بە بەشداریی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و لایەنی ئێرانی لە هەولێر دەکرێت. گوتیشی، ''دوای کۆبوونەوەکە شاندێکی هاوبەش پێکدەهێنین و سەردانی ئێران دەکەین''.
 
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دواداچوون بۆ دۆسیەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە لە بەغدایە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-01-2025، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان کە سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''بۆ ئامادەکاری و کارئاسانیی زیاتر بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە سەردانی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی فیدراڵیمان کرد.'' 
 
لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆردێک بە ناوی بۆردی تایبەت بە یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان پێکهێندراوە؛ عەبدوڵڵا حاجی مەحموود ئاماژەی دا، ''بۆردەکە نوێنەرایەتیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەخۆگرتووە کە جیا لەم سەردانەمان بۆ بەغدا، چەندین کۆبوونەوەی گرنگ و کاریگەری دیکەی لە هەرێمی کوردستان کردووە.''
 
لە ساڵی 1988 و لەکاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا چەندین منداڵ لە خێزانەکانیان دابڕان و بردرانە ئێران کە تەنیا چارەنووسی ژمارەیەکی کەمیان روون بووەتەوە.
 
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیان بۆ بەغدا ئەوەشی خستەڕوو، ''هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا هەرێمێکی دەستووریی فیدراڵییە، لەبەر ئەوەی دۆسیەی منداڵە ونبووەکان لەنێوان دوو وڵاتدایە، پێویستە وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش لەنێو پرسەکەدا بێت.''
 
کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دوو رۆژی خایاندووە. عەبدوڵڵا حاجی مەحموود دەڵێت، وەزارەتی دەرەوەی فیدراڵی ئیدارەی کۆبوونەوەکانی داوە و جیا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراقی، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق و باڵیۆزی عێراقیش لە ئێران لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا بەشدار بوون.
 
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەبارەی نێوەرۆکی کۆبوونەوەکان ئاماژەی دا، ''پێکەوە وەکو تیمێک، گفتوگۆیەکی چڕمان کرد لەسەر دیاریکردنی میکانیزمی پێویست بۆ چوون [بۆ ئێران]، گەڕان و گەڕاندنەوەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە بە رێکارە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کرد.''
 
بەگوتەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر ئەوە دراوە، ''جارێکی دیکە بە ئامادەبوونی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لایەنە پەیوەندیدارەکان، لایەنی ئێرانی و رێکخراوەکانی تایبەت بەو بوارە لە هەولێر کۆببینەوە، بۆ ئەوەی رێکاری زانستی، یاسایی و کۆتایی بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە منداڵە ونبووەکان بگرینەبەر.''
 
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئەوەشی خستەڕوو، ''دوای کۆبوونەوەکەی هەولێر شاندێک پێکدەهێنن کە نەوێنەرایەتیی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لایەنی ئێرانی، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بۆردی تایبەت بە یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی لەخۆگرتبێت و بۆ دۆزینەوەی ونبووەکان سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین.''
 
وەک ئەو وەزیرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ هاوکاریی بۆردی تایبەت بە یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان و گوتوویەتی، ئەوەی لە توانای کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بێت، ئامادەن هاوکاری و هاوئاهەنگییان لەگەڵ بکەن.
 
بەگوێرەی ئامارێکی بۆردی تایبەت بە یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان و چەندین رێکخراوی دیکە، لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا 211 منداڵ ون بوون کە تاوەکو ئیستا تەنیا 10 بۆ 18 منداڵ گەڕاونەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە