رووداو دیجیتاڵ
فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لیستێکی لە "بەڵگە" بڵاوکردەوە کە تێیدا سوپای عەرەبیی سووریا بە زنجیرەیەک "تاوانی جەنگ" دژی هاونیشتمانییانی سڤیل لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە تۆمەتباردەکات.
رۆژی هەینی 23-01-2026 فەرهاد شامی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئێکس رایگەیاند: "ئەم بەڵگانە تەنیا لە کەمتر لە 17 رۆژی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای سووریادا کۆکراونەتەوە."
فەرهاد شامی ئاماژەی بەوە کرد، ئەمانە تەنیا نموونەیەکی کەمن، "چونکە بەهۆی نەبوونی چاودێریی نێودەوڵەتی، دەیان پێشێلکاریی دیکە کراون کە تۆمارنەکراون."
وردەکاریی تاوانەکان؛ لە گازی ژەهراوییەوە تاوەکو سووکایەتی بە تەرمەکان
ئەو بەڵگەنامانەی هەسەدە بڵاوی کردوونەتەوە، زیاتر لە 50 خاڵ و بەستەری ڤیدیۆیی لەخۆدەگرن کە پۆلێن کراون بۆ چەندین جۆری پێشێلکاریی مەترسیدار.
فەرهاد شامی دەڵێ:
هێرش بۆ سەر نەخۆشخانەکان: گەمارۆدانی نەخۆشخانەی (خالید فەجر) لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب بۆ سێ رۆژ، کە تێیدا بریندار و سڤیلەکان بەبێ خواردن و دەرمان مابوونەوە. هەروەها بەکارهێنانی گازی ژەهراوی لە لایەن سوپای سووریاوە کە بووەهۆی خنکانی چەندین کەس لەنێو نەخۆشخانەکەدا.
کوشتنی مەیدانی و تێکدانی تەرمەکان: بەڵگەکان چەندین ڤیدیۆیان تێدایە کە نیشانی دەدەن سوپای سووریا خەڵکیان لەسەر شەقام کوشتووە، تەرمی شەڕڤانی ژنیان لە باڵەخانەکانەوە خستووەتە خوارەوە و سووکایەتییان بە تەرمی بریندارەکان کردووە.
ئەشکەنجە و سووکایەتی: لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، ڤیدیۆکان سووکایەتیی تووند بە دیلەکان و هاووڵاتییانی سڤیل نیشان دەدەن و هاووڵاتییان بە "بەرازی کورد" ناودەبرێن؛ هەروەها بەڵگەی وەرگرتنی گوتەی چەکدارانی سەر بە حکومەتی تێدایە کە هەڕەشەی ئەوە دەکەن ژنانی کورد دەکەنە "کەنیزەک."
پەیوەندی لەگەڵ داعش: هەسەدە بەڵگەی بڵاوکردووەتەوە، نیشانی دەدات چەکدارانی داعش لەنێو ریزەکانی سوپای سووریا و گرووپەکانی سەر بە حکومەتدا شەڕ دەکەن؛ هەروەها دۆکیۆمێنت کراوە، گرووپەکانی سەر بە دیمەشق بە ئەنقەست دەرگەی زیندانەکانیان بۆ چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان لە کەمپی هۆل کردووەتەوە تاوەکو هەڵبێن.
داواکاری بۆ لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی
لەو راپۆرتەدا کە بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نێردراوە، هەسەدە جەخت دەکاتەوە: "ئەم کردەوانە پێشێلکاریی راشکاوی یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتننامەکانی جنێڤن."
فەرهاد شامی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بەپەلە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەم "تاوانانە" دەستپێبکەن و رێگری لە بەردەوامیی ئەم "هەڵمەتە خوێناوییە" بکەن کە دژی گەلی کورد لە سووریا بەڕێوەدەچێ.
ئەم بەڵگانە لە کاتێکدا بڵاودەکرێنەوە، وەزارەتی بەرگریی سووریا شەوی رابردوو دانی بە هەبوونی هەندێک "پێشێلکاریی"دا نا و رایگەیاند، رێکاری یاسایی بەرامبەر سەربازەکانیان دەگرنەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ