ئەروا دەیمن براوەی خەڵاتی شیفا گەردی 2020: لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و رووبەڕوو بەردەوام لەژێر هێرشداین

24-02-2020
رووداو @Rudawkurdish
ئەروا دەیمن براوەی خەڵاتی شیفا گەردی 2020: ئێمە لەژێر هێرشداین لەلایەن ئەوانەی سۆشیالمیدیا بەكاردەهێنن یان لەلایەن سەركردەی بەهێزەوە كە ئێمە بە درۆزن ناودەبەن
ئەروا دەیمن براوەی خەڵاتی شیفا گەردی 2020: ئێمە لەژێر هێرشداین لەلایەن ئەوانەی سۆشیالمیدیا بەكاردەهێنن یان لەلایەن سەركردەی بەهێزەوە كە ئێمە بە درۆزن ناودەبەن
نیشانەکردن شفیا گەردی ئەروا دەیمن رووداو سی ئێن ئێن
A+ A-
رووداو - هەولێر 

ئەروا دەیمن، پەیامنێری دەزگای میدیایی نێوداری ئەمریكی CNN و خاوەن نێوبانگێكی زۆر گەورەی جیهانییە، لەلایەن كۆمیتەی هەڵبژاردنی خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردییەوە بە براوەی خەڵاتەكە لە ساڵی 2020 دیاریكرا. رۆژی 22/2/2020 لە رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەكەدا، لەلایەن جینین پاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق و سەرۆكی UNAMI  خەڵاتی شیفا گەردی پێبەخشرا.
 
باوكی ئەروا دەیمن، جۆرج دەیمن خەڵكی ئەمریكایە، دایكی جومانە بەرازی دەیمن، خەڵكی سووریایە و كوردە. باوكی دایكی ناوی موحسین بەرازییە و لە ساڵی 1949 بووەتە سەرۆكوەزیرانی سووریا، بەڵام لە هەمان ساڵدا لە كودەتای سەربازیدا كوژرا. باوكی دایكی هەروەك لە پاشناوەكەیەوە دیارە، لە عەشیرەتی بەرازییە و لەشاری حەما لەدایكبووە. عەشیرەتی بەرازی، عەشیرەتێكی زۆر گەورەیە لە باكوور و رۆژئاوای كوردستان. ئەروا دەیمن خۆیشی باسی ئەوە دەكات كە ئەو لە دایكییەوە رەگێكی كوردە.
 
ئەروا دەیمن، دوای وەرگرتنی خەڵاتەكە وتارێكی كاریگەری بە زمانی ئینگلیزی لە رێوڕەسمەكەدا پێشكێشكرد، لێرەدا بە كوردی بڵاوی دەكەینەوە:
 
سڵاو بەڕێزان.. میوانانی ئازیز..
 
سڵاو لە خێزانی شیفا و هاوڕێ و هاوكارەكانی و هەموو ئەوانەی كە خۆشیاندەویست.
 
زۆر سوپاستان دەكەم.
 
ئەم جۆرە بۆنانە هەمیشە هەستی دژبەیەك بە مرۆڤ دەبەخشن، چونكە لەلایەك شەرەفێكی گەورەمان پێدەبەخشن، لەلایەكی دیكە هیوادەخوازین كە لە جیهانێكدا ژیابوواین پێویستی بەوجۆرە بۆنانە نەكردبایە. ئەوەش ئەو جیهانە بوو كە شیفا كاری لەپێناودا دەكرد، هەروەها ئەو جیهانەیە كە ئێمەش هەموومان لەپێناویدا كار دەكەین. ئەمڕۆ هاوكاتە لەگەڵ هەشتەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ئەفسانەیەكی دیكەمان، ئەویش ماری كۆڵڤنە كە لە بابا عەمر كوژرا. لەگەڵ كۆچی دوایی هەریەكێكمان، لەگەڵ كوشتنی هەریەكێكمان و لەگەڵ بێدەنگكردنی هەر یەكێكمان، ئێمە بەهێزتر دەبین.
 
سۆزێكی بەتینمان هەیە كە دەمانگەیێنێتە ئەو ئاستە، سۆزێك كە من دەزانم شیفاش هەیبووە. بڕوایەكی سەرەتاییە كە لەوانەیە ساویلكانەش بێت، بەڵام ئەركە لەسەر ئێمە كە شایەتی بدەین. سۆزێكی ئەوەندە بەهێزە كە هەندێجار لە هەناوەوەیە و بەڕاستی زەحمەتە بە وشە دەرببڕدرێت. قورسە بۆ ئەوانەی كە گرنگیمان پێدەدەن، بۆ ئەوانەی كە لە خەمی ئێمەدان، بۆ ئەوانەی خۆشیاندەوێین، رەنگە لەوە تێنەگەن ئێمە بۆچی ژیانی خۆمان دەخەینە مەترسییەوە. كەسانێك هەن، وەك ئەمشەو گوێمان لێبوو، هیچ شتێك بۆ كپكردنی دەنگی ئێمە نایانوەستێنێ. نموونەی ئەو كەسانە لە سەرانسەری جیهان هەن، كە وێنەكانی هەندێكیان لەم هۆڵەدان.
 
هەندێ كەس هەن نایانەوێت ئێمە لێپرسینەوە لەگەڵ دەسەڵاتداران بكەین، نایانەوێت ماسكی درۆكانیان لابدەین و نایانەوێت هەوڵبدەین ئەوانەی كە دوورن بێنینە نێو ژیانی ئەو كەسانەی هەندێجار لە هەموومان بێبەختترن. ئێمە بەردەوامین لەسەر ئەم كارە، چونكە ئێمە خۆمان بەو هیوا و بڕوا سەرەتاییەوە گرێداوە، كە پێماندەڵێن پێویستە لەسەرمان بەردەوامبین لە خەباتكردن بەو هیوایەی رۆژێك لە رۆژان جیاوازییەكی راستەقینە بێنینە كایەوە. جیهانی رۆژنامەڤانی ئەمڕۆ زۆر جیاوازە. لە مەودایەكی زۆر فراوان پێكدێت، نەك تەنیا تەلەڤزیۆن یانیش لە چاپەمەنی، بەڵكو زۆر سەرچاوەی دیكەی هەواڵ هەن، جا چ رۆژنامەڤانانی سەر توویتەربن یان چالاكڤانانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، یاخود ئەوانەی لەنێو گۆڕەپانەكەدان، كە ئەمانە هەموویان هەوڵدەدەن هەواڵ و زانیارییان دەستبكەوێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە بەردەوام لە ژێر هێرشداین، جا چ لەلایەن ئەوانە بێت كە توویتەر بەكاردەهێنن بۆ لێدان لە گرنگیی كارەكانمان، یانیش لەلایەن سەركردەی بەهێزترەوە كە ئێمە بە درۆزن ناودەبەن.
 
من ماوەیەكی كەم پێش ئێستا لە ئیدلب هاتمە دەرەوە، ئەزموونێكی زۆر دڵتەزێن بوو. لەوێ منداڵی بێ پێڵاو هەبوون كە بە درێژایی حەوت كاژێر بەنێو سەرما و سۆڵەدا بەپێ لە بەرەكانی شەڕ هەڵاتبوون. هەندێ منداڵی دیكە هەبوون كە دایك و باوكیان بە ئێمەیان گوت ناتوانن یاریەكانیان لەگەڵ خۆیان بەرن لەكاتی هەڵاتندا. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم منداڵانە نەدەگریان، گلەییشیان لە هیچ شتێك نەدەكرد. شەڕەكە ئەوانی لە تەمەنەكانیان بەهێزتركردووە.
 
دروستكردنی ئەو راپۆرتە یەكێك بوو لە سەختترین كارەكانی ئەزموونی من. لەوە دەترسام نەتوانم ئەو شتە بكەم كە لەوێ دەمبینی. لە ماوەی ئەو گەشتەماندا، زۆربەی ئەوانەی كە قسەمان لەگەڵ دەكردن، لە ئێمەیان دەپرسی "بۆچی دەبێ چیرۆكی خۆمان بۆ ئێوە بڵێین؟ ئەوە نۆ ساڵ دەربازبوون، چ جیاوازییەكی هەبووە؟".
 
جیهان دەزانێ لە سووریا چی دەگوزەرێت. شەڕێكە لە هەموو ئەوانیدیكە باشتر دۆكیۆمێنت كراوە. منیش نەمتوانی پێیان بڵێم ئەگەر چیڕۆكی ژیانی خۆیانمان پێبڵێن لەوانەیە ژیانیان بگۆڕێت. نەمتوانی پێیانبڵێم كە رەنگە بۆمبارانەكان بوەستن ئەگەر ئەوان ئازار و مەینەتی خۆیان بە ئێمە بڵێن و رەنگە جیاوازییەك دروستبكات. هەموو ئەوەی كە توانیم پێیانبڵێم، هەموو ئەوەی كە توانیم بیكەم ئەوە بوو هەوڵبدەم بۆیان روونبكەمەوە كە بۆچی كارەكەمان هێشتا گرنگە. تەنانەت ئەگەر ئەو كارەی ئێمە دەیكەین، تەنیا تۆماركردنی مێژووبێت، چونكە هەروەك ئێوە دەزانن و ئەمشەو گوێتان لێبوو، هەروەك ئەوەی كە شیفاش بڕوای پێی هەبووە و ماریش بڕوای پێدەكرد، تەنیا بە ئامادەبوون لەنێو گۆڕەپانی رووداوەكان سەرباری مەترسییەكان دەتوانین بە راستی و وردبینییەوە مێژوو تۆمار بكەین.
 
كارەكەی ئێمەش ئەركێكە بە كۆمەڵ دەکرێت، ئەو ڤیدیۆیانەی كە لێرە بینیتان و زۆربەی ئەو كارەی ئێمە دەیكەین هەر بەو شێوەیەن، ئێمە تیمێكمان لەگەڵە. دیمەنەكانی وێنەگرەكەم بۆشاییەكان پڕدەكەنەوە و ئەو وێنانەتان پێدەدەن كە من ناتوانم لە راپۆرتەكانمدا بە وشە بۆ ئێوەیان باسبكەم.
 
هەروەها دەمەوێ ساتێك دان بە رۆڵی ئەو رۆژنامەڤانانەدا بنێم كە ئەو خۆشبەختییەی ئێمە هەمانە ئەوان نیانە. ئەو خۆشبەختییەش ئەوەیە كە دوای تەواوكردنی چیرۆكێك بتوانی لە چیرۆكێك دووركەویەوە و جێیبهێڵیت. چونكە زۆر هەن لە بەرەكانی شەڕدا دەمرن، ئەوانەی كە توندوتیژی و تاوانكاری تەنیا نەبووەتە چیرۆكی رۆژنامەڤانییان، بەڵكو بوونەتە بەشێك لە ژیانی رۆژانەیان. هەر ئەو كەسانەش قارەمانی راستەقینەن، جا چ شۆفێرەكانمان بن، فیكسەرەكانمان بن، پرۆدیوسەرە خۆجێییەكانمان بن، یان وێنەگرەكانمان بن كە بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی راستەوخۆدان.
 
ئەو رۆژنامەڤانانەی ئێرە، سووریا، یەمەن و جیهان هەوڵدەدەن ئەو راستییانە ئاشكرا بكەن كە دەسەڵاتدارەكان و خاوەن چەكە گەورەكان دەیانەوێ ژێرخاكیان بكەن، ئەوان بەردەوام هەڕەشەیان لێدەكرێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەردەوام پێداگری دەكەن. مەترسی لەسەر ژیانیان كۆتایی نایێت، وەكو من كاتێك كە رۆژی كاركردن كۆتایی دێت یانیش كاتێك كە ئەركەكەم تەواو دەبێت.
 
ئەو رۆژنامەڤانانە ئەوانەن كە چیرۆكەكە ژیانیانە، ئەوانەن كە دەبێ خەڵات بكرێن و دان بە رۆڵیاندا بنرێت، هەموو رۆژێك، لەبەر ئازایی و چاونەترسییان، لەبەرئەوەی ژیانی خۆیان و خێزانەكانیان دەخەنە مەترسییەوە.
 
من شەرەفی ئەوەم پێ نەبەخشرا كە شیفا رووبەڕوو ببینم. من ئەوم لە رێگەی ئەو چیرۆكانەوە ناسی كە لە هاوكارەكانی و كەسە نزیكەكانییەوە بیستم، ئەو چیرۆكانەی كە ئەمشەو دووبارە بە وردەكاری زیاترەوە گوێمان لێبوونەوە، ئەو چیرۆكانەی باس لە میهرەبانی و سۆزی ئەو دەكەن، ئەو چیرۆكانەی باس لە سرووشتی جوان و خەمخۆریی ئەو دەكەن. وەك ئەمشەو گوێتان لێبوو، بەخشینی ئەم شەرەفە بڕێك پارەشی لەگەڵە وەك خەڵات. هەروەها وەك دەزانن من دەزگایەكی خێرخوازیم دامەزراندووە بەناوی (ئینارە) و پێنچ ساڵ لەمەوبەر دەستمپێكرد. ئەو پارەیەش بێگومان بۆ ئەو دەزگا خێرخوازییە دەبێت.
 
من پێموایە شیفاش ئەم شتەی پێ خۆش دەبوو. هەروەها پێموایە ئەمە شایەتییەكە بۆ هێزی شیفا بۆ گۆڕینی ژیانی خەڵك، نەك تەنیا لەبەرئەوەی كە خەڵاتێك بەناوی ئەوەوە كراوە، لە رێگەیەوە بەردەوام دەبێ لە بەخشینی ئیلهام بە رۆژنامەڤانەكان، بەڵكو لەبەرئەوەش كە هەرچەندە چیدیكە بە جەستە لەگەڵ ئێمەدا نییە، بەڵام دەبێتە مایەی گۆڕینی ژیانی منداڵەكانی سووریا، ئەو منداڵە سوورییانەی كە زامدارن، ئەوانەی دووبارە توانای ئەوەیان دەبێ بگەڕێنەوە قوتابخانە و بە تەندروستییەكی باشترەوە بژین، سەرەڕای ئەو توندوتیژیەی كە بەرۆكی ئەوانی گرتووە. 
 
من لەبەرئەوە دەزگای خێرخوازی ئینارەم دامەزراند، چونكە گەیشتمە ئەو بڕوایەی كە پێویستە زیاتر كاربكەم لەوەی تەنیا راپۆرت لەسەر جەنگ دروستبكەم. چونكە بینیم پێویستییەك هەبوو، هەروەها چونكە ئێمە لە جیهانێكدا دەژین كە بەداخەوە هێزی رۆژنامەڤانیی تێیدا لاوازكراوە، لەبەرئەوەی ئێمە بەردەوام لە ژێر هێرشداین، جا چ لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بێت، یاخود رووبەڕوو هێرشمان بكرێتە سەر و دەنگمان كپكەن.
 
گواستنەوەی رووداوەكان هەندێجار هەستێكی وای هەیە وەك ئەوەی لەنێو بۆشاییەكی تاریكدا هاوار بكەی. بەڵام سەرەڕای ئەو هەستانە، هەروەها دەشزانم كە زۆر لە ئێمە هەمان هەستمان هەیە، هیچیەك لە ئێمە وازناهێنین. بە یادی شیفا، بە یادی ماری كۆڵڤن و بە یادی سەتان ئەو رۆژنامەڤانانەی كە كوژراون، من بەڵێن دەدەم، پەیمان دەدەم، ئێمە واز ناهێنین. چونكە كاتێك هەست بەوە دەكرێت كە رۆژنامەڤانی هیچ جیاوازییەك دروست ناكات، لە شەڕكردن لەپێناو دەرخستنی راستییەكان ناوەستین، لە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی ناوەستین. دەجەنگین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی مێژوو لەلایەن دەسەڵاتدارترینەكانەوە نانووسرێتەوە، بەڵكو لەنێو راستییە تاڵەكاندا نووسراوەتەوە.
 
بەو هیوایەی نەوەكانی داهاتوو دڕندەیی ئەوانە بزانن و پێچەوانەی ئێمە، هەرگیز رێگە نەدەن شتێكی وا رووبدات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە