رووداو دیجیتاڵ
زۆربەی بینا و باڵەخانەکانی هەرێمی کوردستان بە کۆدی ئەمریکی دروستدەکرێن، ئەندازیارێکی شارستانیش دەڵێت، لە رووی سەلامەتییەوە زۆر لە کۆدەکانی دیکە سەلامەتترە و لەکاتی بوومەلەرزە، ترسی رووخان و هەرەسهێنان ئەگەرێکی دەگمەنە.
ئەحمەد عەبدولباست، ئەندازیاری شارستانییە و ئاماژە بەوە دەکات، هەندێ کۆدی تورکی، هەندێ نەخشەیان بۆ هاتووە کە دەڵێت، با پایەکان بێ شیش بن ئاساییە، یان دەڵێت، پایەیەک شیشی تێبکەن با پایەکەی تەنیشتی بێ شیش بێت، "بەڵام کۆدی ئەمریکی ئەمە قبووڵ ناکات" و سەلامەت نییە.
کۆدی ستانداردی بیناسازیی ئەمریکی (ASCE) رێوشوێنەکانی دیزانی قورسایی باڵەخانەکان و پێکهاتەکانیان دیاری دەکات لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لەسەر بنەماکانی (قورسایی مردوو، ئەو پێکهاتانەی لە بیناکەدا بەکاردێت، قورسایی زیندوو، بوونی ژمارەی مرۆڤ و ئاژەڵ لەنێو باڵەخانەکە دیاری دەکات و، قورساییەکانی بەفر و با و بوومەلەرزە و لافاو و شتگەلی دیکە لە دیزاینی پڕۆژەکەدا رەچاو دەکرێن، ئەو کۆدە ئەندازیاران بەکاریدەهێنن بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی بینا و باڵەخانەکان.
کۆبوونەوەی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشێک لەو وەبەرهێنەرانەی بینا و باڵەخانە لە هەرێمی کوردستان بنیات دەنێن رۆژی پێنجشەممە بەڕێوەچوو، سەرۆکی دەستەکە دەڵێت، بۆ روودانی بوومەلەرزە و ئەگەری داڕووخان، پێداچوونەوە بە کاری رابردوویاندا دەکەن و رێنمایی نوێ بۆ کاری دروستکردنی بینا و باڵەخانەکان دادەنێن.
د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە رووداوی راگەیاند، ئەو کۆدانەی کە ئێستا حکومەت کاریان لەسەر دەکات، بابەتی سەلامەتی کراوەتە فەرز لەسەر وەبەرهێنەران، جگە لەوەش چێکی سەلامەتیی هەموو ساڵێک دەکرێت بۆ ساڵی داهاتوو، تاوەکو بزانرێت ئەو پڕۆژەیە سەلامەتە یان نا.
وەبەرهێنەرەکان، بۆ ئەوە چووبوون تاوەکو پرس و راوێژیان پێبکرێت بۆ مەرج و رێنمایی نوێ. فەیسەڵ گەردی وەبەرهێنەرە و دەڵێت، دەستەی وەبەرهێنان بۆمان چێک دەکەنەوە، دواتر نووسینگەی دیزاین چێکی دەکاتەوە، بە پێنج بۆ شەش فیلتەردا دەچێت.
پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بە چەندین فیلتەر و رێکاری یاسایی و ئەندازیاریدا گوزەر دەکەن تاوەکو کاتی وەرگرتنی مۆڵەتی دەستبەکاربوون، رێکارە کارگێڕییەکان بۆ پڕۆژەیەک لە چوار تاوەکو شەشی مانگ دەخایێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ