بازرگانیی هەرێمی کوردستان: بەشە خۆراکی هیچ فەرمانبەرێکمان نەبڕیوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی لە سیستمی بەشەخۆراکی مانگانە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق نزیکەی یەک ملیۆن و 400 هەزار فەرمانبەر کە مووچە و داهاتیان بەرزە، بەشەخۆراکەکەیان دەبڕێ. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێ: "لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی هیچ فەرمانبەرێکمان نەبڕیوە".
 
نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە یەکی نیسانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەشە خۆراکی هیچ فەرمانبەرێکمان نەبڕیوە کە مووچەکانیان لە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار بەسەرەوەیە. هیچ لیستێکیشمان لەبارەی بڕینی بەشەخۆراک بۆ وەزارەتی بازرگانی عێراق نەناردووە". 
 
بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان گوتی: "تەنیا بەشە خۆراکی ئەو کەس و فەرمانبەرانەی هەرێمی کوردستان بڕاوە کە مامەڵەیەکیان لە بەغدا هەبووە، دوای لێکۆڵینەوە لە مووچە و پیشەکەی، بەشەخۆراکیان بڕیوە". 
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، "لە رێنمایی گشتیی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دا هاتووە کە ئەوانەی مووچەکانیان ملیۆنێک و 500 هەزار دینار و بەسەرەوەیە بەشەخۆراکیان ببڕدرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا بە نووسراوی فەرمی داوایان لە هەرێمی کوردستان نەکردووە لیستی ئەو فەرمانبەرانەیان بۆ بێنرێن".
 
ئەو بەرپرسە گوتی، دواجار ناو و مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لای حکومەتی عێراق هەیە و دەتوانن لای خۆیان وردبینی بکەن و بەشەخۆراکی ئەو فەرمانبەرانە ببڕن.
 
تاڵب حەسەن نیعمە، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، وەزارەتەکەی هەنگاو دەنێت بۆ بڕینی بەشەخۆراکی ئەو کەسانەی کە مووچەکەیان دەگاتە یەک ملیۆن و 500 هەزار دیناری مانگانە و زیاتر.
 
بەپێی گوتەکانی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی، تاوەکو ئێستا یەک ملیۆن و 361 هەزار و 422 فەرمانبەر کە مووچەکانیان لە سەروو یەک ملیۆن و نیو دینار بووە، بەشەخۆراکەکەیان بڕدراوە. ئەم بڕیارەش پاڵپشتە بە بڕیاری ژمارە 108ی ساڵی 2025ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
تاڵب حەسەن ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم رێکارە بە مەبەستی چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە، بۆ ئەوەی هاوکارییەکانی حکومەت تەنیا بگاتە دەستی ئەو کەسانەی بەڕاستی شایستەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرچنار. وێنە:بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

شەش ساڵە هێندەی ئێستا ئاوی ژێر زەوی زیادی نەكردووە

بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی سلێمانی دەڵێ، ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە سلێمانی ‌و دەوروبەری بە شێوەیەكی باش زیادی ‏كردووە ‌و ئاماژە بەوەش دەکات، "شەش ساڵە هێندەی ئێستا ئاوی ژێر زەوی زیادی نەكردووە."