رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی هەڵبژاردەی عێراق کرد بەبۆنەی سەرکەوتنیان بۆ مۆندیالی 2026 و دەڵێت، "سەرکەوتنتان مژدەیەکی خۆش و مایەی شانازییە بۆ هەموو عێراقییەکان."
ئەمڕۆ هەڵبژاردەی عێراق و هەڵبژاردەی بۆلیڤیا لە مەکسیک رووبەڕووی یەکدی بوونەوە بۆ یەکلابوونەوەی گەیشتنی یەکێکیان بە مۆندیال، هەڵبژاردەی عێراق توانیی بە ئەنجامی 2 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک یارییەکە بباتەوە و بۆ مۆندیال سەرکەوت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جگە لە پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەکە دەشڵێت، "ئەمە دەستکەوتە مێژووییە کە دوای 40 ساڵ چاوەڕوانی هاتەدی، مژدەیەکی خۆش و مایەی شانازییە بۆ هەموو عێراقییەکان." هاوکات دەستخۆشی لە هەموو ئەندامانی هەڵبژاردەکە دەکات، "کە بە ماندووبوون و دڵسۆزیی خۆیان، خەونی گەیشتن بە مۆندیالیان کردە راستی."
دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
بە بۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق بۆ مۆندیالی 2026، که له مهکسیک بهرامبهر به تیمی بۆلیڤیا به دوو گۆڵ بهرامبهر به گۆڵێک بردییهوه، گەرمترین پیرۆزبایی لە گەلی عێراق بهگشتی، وەرزشوانان و یاریزانانی هەڵبژاردەکە دەکەم.
ئەم دەستکەوتە مێژوویییە کە دوای (40)ساڵ چاوەڕوانی هاتە دی، مژدەیەکی خۆش و مایەی شانازییە بۆ هەموو عێراقییەکان. دەستخۆشی لە تەواوی ئەندامانی هەڵبژاردەکە دەکەم کە بە ماندووبوون و دڵسۆزیی خۆیان، خەونی گەیشتن بە مۆندیالیان کردە راستی.
هیوای سەرکەوتنی بەردەوام بۆ هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکانی کۆمەڵەی مۆندیالدا دەخوازم و ئومێدەوارم ئەم سەرکەوتنە ببێتە هەوێنی تەبایی و خۆشی بۆ هەمووان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/4/1
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ