رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، زنجیرەیەک هێرشی درۆنی کرایە سەر کۆگایەکی رۆنی ئۆتۆمبێل لە هەولێر. پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، هێرشەکان بوونە تەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە و تیمەکان ناچار بوون لە شوێنی رووداوەکە بکشێنەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گوتی، "هێرشی یەکەم کاژێر 07:30ـی بەیانی ئەنجامدراوە. دوای گەیشتنی تیمەکانی بەرگری شارستانی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، کاژێر 08:40 و لە کاتی کارکردنی تیمەکاندا، درۆنی دووەم هەمان شوێنی پێکا. زنجیرە هێرشەکان نەوەستان و کاژێر 10:20ـی پێشنیوەڕۆ بۆ جاری سێیەم درۆنێکی دیکە لە کۆگاکەی دا."
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، "بە گشتی سێ درۆن بەر کۆگاکە کەوتوون و درۆنێکی دیکەش پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی، لە ئاسماندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقێندراوەتەوە."
سەبارەت بە کشانەوەی تیمەکانی فریاگوزاری، ئومێد خۆشناو گوتی، "لەپێناو پاراستنی گیانی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی، داوامان کرد لە شوێنی رووداوەکە دووربکەونەوە، چونکە بەهۆی سێجار بۆردوومانکردن و گەورەیی ئاگرەکەوە، هیچ شتێک لەناو کۆگاکەدا نەماوە نەسوتابێت."
پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند، لەبەر مەترسیی بەردەوامی هێرشەکان و نەبوونی هیچ کەلوپەلێکی رزگارکراو لەناو کۆگاکەدا، ئێستا تیمەکان چاوەڕێ دەکەن ئاگرەکە خۆی بکوژێتەوە. هاوکات داوای لەو هاووڵاتییانە کرد کە لە شوێنی رووداوەکە کۆبوونەتەوە، بۆ پاراستنی سەلامەتییان دەستبەجێ لەو ناوچەیە دووربکەونەوە.
لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتی 2026وە، هەرێمی کوردستان بە درۆن و مووشەک هێرش دەکرێتە سەری. بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، هەرێمی کوردستان بە 549 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری و زۆرینەیان بۆ سەر هەولێر بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ