بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی: دەوام لە نیوەی قوتابخانەکان دەستیپێکردەوە

23-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای نزیکەی مانگێک بەردەوامیی لە بایکۆت لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ناوچەکە، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، ئەمڕۆ نیوەی قوتابخانەکان بە تەواوی کراونەتەوە.
 
پەروەردەی راپەڕینیش دەڵێت، ئەمڕۆ دەوام دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیان ئاماژە بەوە دەکات، هێشتا زۆرینە بەردەوامن لە بایکۆت.
 
نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کۆی 600 قوتابخانە لە پەروەردەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای سلێمانی، ئەمڕۆ دەرگەی 297 قوتابخانەیان کرانەوە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی گوتی، چاوەڕوان دەکەن رۆژانی داهاتوو ئەو قوتابخانانەشی ماون بکرێنەوە.
 
هەر ئەمڕۆ یوسف جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پەروەردەی ئیدارەی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ دەرگەی قوتابخانەکان کرانەوە، بەڵام دەوام وەکو پێویست نەبوو، چونکە بەشێک لە مامۆستایان نەهاتبوونە دەوام".
 
یوسف جەلال ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمڕۆ یەکەم رۆژبووە کە بڕیاری کردنەوەی قوتابخانەکان درا؛ چاوەڕوان دەکەین سبەی و دوو سبەی ئەو مامۆستایانەشی دەوامیان نەکردووە بگەڕێنەوە قوتابخانەکان".
 
هاوکات عەدنان حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان بە وەکالەت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سنووری گەرمیان زۆرینە بایکۆتە و مامۆستایان بەهۆی داواکارییەکانیانەوە ئامادەنین دەوام بکەن".
 
دوای قسەکانی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، ئاوات محەممەد، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "راستە لە بەشێکی قوتابخانەکان دەوام ئاسایی بووەتەوە، بەڵام لە بەشێکی دیکە هێشتا بایکۆت بەردەوامە".
 
ئاوات محەممەد گوتی: "ئەو مامۆستایانەی پێشتر لە شەقامدابوون ئێستاش بەردەوامن لە بایکۆت و بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ دەوام نەداوە".
 
هاوکات، فەرهاد قادر، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بایکۆت لاواز بووە، بەڵام چونکە دەستپێکردنی خۆڕسکانە بووە و بە فەرمانی کەس نەبووە، بۆیە ئێستاش مامۆستا هەیە نەگەڕاوەتەوە دەوام و بەردەوامە لە بایکۆت".
 
هەر ئەمڕۆ عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە بەشێکی قوتابخانەکان دەوام دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام بە تەواوی ئاسایی نەبووەتەوە".
 
لە خوێندنی ساڵی 2024 – 2025، یەکەمجار لە 01-12-2024 بایکۆت لەو سنوورانە دەستیپێکرد و تەواوی مانگەکە بەردەوام بوو. دوای دابەشکردنی مووچەیەک، مامۆستایان بۆ تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم گەڕانەوە ناوەندەکانی خوێندن، بەڵام لەگەڵ کۆتاییهاتنی تاقیکردنەوەکان و دەستپێکردنەوەی دەوام لە 26-01-2025ـەوە بایکۆت دەستیپێکردەوە.
 
داواکاریی سەرەکیی مامۆستایان بۆ دەستپێکردنەوە و ئاساییکردنەوەی گشتیی دەوام، مووچەی مانگی 12 و بەجێکردن (تەوتین)ی مووچەیە.
 
لە خوێندنی ساڵی 2023 – 2024دا، لەگەڵ دەستپێکی خوێندن لە 13-09-2023، لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سنوورەکە، مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچە بایکۆتیان کرد و بایکۆتەکەش تاوەکو 20ـی شوباتی 2024 درێژەی کێشا.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە