بافڵ تاڵەبانی: لەگەڵ تیمی هەژماری من دانوستاندنی باش کراوە

23-02-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، لەسەر پرسی هەژماری من کۆبوونەوەیان لەگەڵ تیمی باڵا کردووە و دانوستاندنەکان باش بەڕێوەدەچن. دەشڵێت، خەریکن چارەسەرێکی هاوبەشی بەجێکردن و هەژماری من بدۆزنەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 23-02-2025 بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداری لە حەوتەم دیالۆگی نێودەوڵەتیی بەغدا بە ناونیشانی "پەیوەندی لە پێناوی گەشەپێدان و سەقامگیریی هەرێمی" کرد. لە پانێڵێکدا باسی کێشەکانی (هەژماری من)ـی کرد.
 
بافڵ تاڵەبانی لە پانێڵێکدا گوتی: " خەریکین دانوستاندن لەگەڵ تیمی باڵای هەژماری من دەکەین، دانوستاندنەکانیش زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن، ئەمەش بەهۆی سەرۆکوەزیران کاک مەسرور بارزانی."
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتیشی، پێش ئەوەی بچێتە واشنتن، لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و باسی چەندین شتیان کردووە. 
 
"کاک مەسرور بە میهرەبانییەوە تیمی هەژماری منی نارد بۆ لام"
 
بافڵ تاڵەبانی گوتی: "یەکێک لەو شتانەی باسمانکرد، کێشەکانی هەژماری من بوون. من چەند پرسیارێکی دیاریکراوم لەسەر هەژماری من کرد. کاک مەسرور زۆر حەپەسا کە من زانیاریم لەسەری نەبوو. دواتر هەردووکمان گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە ئەگەر بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە پارچەیەکی گرنگی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لەو شتانە تێنەگات. ئەی چۆن کەسێکی ئاسایی سەر شەقام تێدەگات؟ بۆیە کاک مەسرور بە میهرەبانییەوە تیمی هەژماری منی نارد، لەگەڵ پسپۆڕە داراییەکانمان و شارەزا یاساییەکانمان کۆبوونەوە. ئێمەش سەیری وردەکارییەکانی نێوان هەژماری من و بەجێکردن [تەوتینمان] کرد. سەیری جیاوازیییەکان، خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانمان کرد."
 
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە، ئەو بەتەواوی پێیوایە دەرفەتێک هەیە بۆ ئەوەی شتێک دروستبکەن لە هەردوو بیرۆکەکە باشترین خاڵەکانی تێدابێت. 
 
گوتیشی: "چەند کێشەیەکی تەکنیکیش هەبوون کە راشکاوانە بڵێم، ئێمە ئاگاداریان نەبووین. هیوام وایە کە پێکەوە پرۆگرامێک دروستبکەین کە گەرەنتیی شەفافیەت لە مووچەکانی خەڵک بدات. بەڵام ئەم پرۆگرامە نوێیە پێویستی بە هەڵمەتێکی گەورەی میدیایە بۆ ئەوەی خەڵک فێربێت و خاڵە ئەرێنییەکان روونبکاتەوە. پێموایە ئەگەر ئێمە بتوانین ئەوە بکەین، دانوستاندنەکانی دیکەش بێکێشە بەڕێوەدەچن."
 
بافڵ تاڵەبانی پەسنی تیمەکەی (هەژماری من)ـی کرد و گوتی: "ئەو تیمەی لەگەڵیان کۆبووینەوە زۆر نایاب بوون. تەنانەت ئیرەییم بە هەندێکیان برد. زۆر راستگۆ بوون و هەموو شتێکیان پێداین کە دەمانویست. ئەوان ئەو گرێبەستانەشمان بۆ دەنێرن کە لە نێوان بانکەکانن و هەروەها روونیدەکەنەوە کە چ بانكێک دەرگەی کراوەیە. پێموایە کە ئێستا کەشی نێوانمان جیاوازە."
 
خۆپیشاندان و مانگرتن لە سلێمانی
 
لەبارەی خۆپیشاندان و مانگرتنی مامۆستایانی ناڕازیی ئەمدواییەی سلێمانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی: "لە سلێمانی دیدێکی جیاوازمان بۆ خۆپیشاندان هەیە. ئەگەر سەیربکەن هەمیشە لە سلێمانی خۆپیشاندان هەیە، چونکە ئێمە بڕوامان بە مافی خۆپیشاندانی خەڵک هەیە. بەڕای من رێگەگرتن لەوەی خەڵک رای خۆیان دەربڕن زیانی هەیە. چونکە بەمشێوەیە کێشەکانی خەڵک دەبینی، لە هەموو کوردستان خەڵک نیگەرانی مووچەکانی خۆیانن. من سەردانی خۆپیشاندەرەکانم کرد چونکە نەمویست هیچ کەسێک لە برسا بمرێت، چونکە خەڵکەکە لەوێ خەریک بوو لە برسا دەمردن."
 
13 مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی بۆ ماوەی 15 رۆژ مانیان لە خواردن گرت و رۆژی 11-02-2025 بە گوشار و داوای خەڵک، مانگرتووەکان بێ ئەوەی هیچ کام لە داواکانیان جێبەجێ بکرێت، لەوانەش مووچەی مانگی 12، تەوتین و پلەبەرزکردنەوە، خەیمەیان هەڵگرت، راستەوخۆ گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
بافڵ تاڵەبانی: ئەمریکا بە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل ئازاری خۆی دەدا
 
بافڵ تاڵەبانی باسی دۆخی ناوچەکەشی کرد و گوتی: " ئەمریکا بە پشتیوانیکردنی تاکلایەنەی رژێمی نەتەنیاهوو خۆی ئازار دەدات. لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەکەم جا لەلایەن رژێمی نەتەنیاهووەوە بێت یان حەماس. بەم رەفتار و کردەوانەی، ئەمریکا نەوەیەکی نوێی موسڵمانان دەهێنێتە ئاراوە کە بەهەموو شێوەیەک ئەمریکا رەتدەکەنەوە و لە دژی دەوەستنەوە."
 
بەگوتەی بافڵ تاڵەبانی، موسڵمانان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە گیانی منداڵێکی موسڵمان هیچ بەهایەکی نییە، بەڵام گیانی منداڵێکی ئیسرائیلی بەهای زۆرە. لە غەززە قەیرانێکی زۆر گەورە روویداوە و پێویستە هەمووان کار بۆ ئەوە بکەن کۆتایی بەم کارەساتە مرۆییە بهێندرێت کە رووبەڕووی غەززە بووەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.