رووداو دیجیتاڵ
لە هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی ئاکپارتی بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 23-2-2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، دوو پەرلەمانتاری پێشووی ئیی پارتی و پەرلەمانتارێکی پێشووی پارتی ئایندە پەیوەندییان بە ئاکپارتییەوە کرد.
ئەردۆغان بە سەرۆکی ئاکپارتی هەڵبژێردرایەوە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ نۆیەمجار بە سەرۆکی ئاکپارتی هەڵبژێردرایەوە. عەبدوڵڵا گولەر، بە سەرۆکی دیوانی کۆنگرە هەڵبژێردرا. لە کۆی 1607 ئەندام کۆنگرە 1547یان دەنگیان دا و تەواوی دەنگەکان پەسندکران. گولەر رایگەیاند، ئەردۆغان بە 1547 دەنگ بە سەرۆکی ئاکپارتی هەڵبژێردرا.
هەر لەو دەنگدانەدا 75 ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبردن و بڕیاری پارتەکە دەستنیشانکرا.
هەر لە کاتی کۆنگرەکەدا سالم ئەنساریئۆغڵو، چووە سەر سەکۆ و لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازیی لێکرا. ئەردۆغان دروشمی ئاکپارتیی بە یەخەی ئەنساریئۆغڵو هەڵواسی و بەخێرهاتنی کرد.
ئەنساریئۆغڵو، کە پێشتر ئەندامی ئیی پارتی بوو و 2023 دەستی لە کار کێشایەوە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەیکردووە لە کۆنگرەی ئاکپارتیدا و بە ئامادەبوونی ئەردۆغان چووەتە ریزی ئەو پارتە.
هەروەها نووسیویەتی: "ئەو سەرکردایەتی و بەرێوەبردنەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارمان لە کاتی پرۆسەی چارەسەریدا نیشانیدا، هەروەها هەڵوێستی راستگۆیانەی لە پرسی ئاشتەوایی ناوچەکە و روانگەی بوێرانەی ئەو، هۆکاری سەرەکیی پەیوەندیکردنم بوو بە ئاکپارتی".
ئەنساریئۆغڵو هەروەها رایگەیاندووە:"ئەم هەنگاوەم بۆ پاڵپشتیکردنە لەو هەڵوێستە سەقامگیرە، بۆ بەشداریکردن لە ئاشتییەکی بەردەوام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کارکردن بۆ ئامانجێکی هاوبەش، ئەویش لەپێناوی یەکڕیزی و ئارامیی وڵاتەکەمان. ئامانجم ئەوەیە ئەزموونەکانم لەناو ئاکپارتی بۆ خزمەتکردنی ئەم دۆزی گەورەیە بەکاربهێنم. هیوادارم ئەم بڕیارە سوودی بۆ وڵاتەکەمان و میللەتەکەمان هەبێت".
کە هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی ئاکپارتیدا بە گشتی سێ پەرلەمانتار چوونە ریزەکانی ئاکپارتی. سالم ئەنساریئۆغڵو و ئونال کارامان، پەرلەمانتارانی پێشووی ئیی پارتی و سەراب یازیجی ئۆزبودون، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی ئایندە پەیوەندییان بە ئاکپارتییەوە کرد.
سالم ئەنساریئۆغڵو کێیە؟
- ساڵی 1955 لە ئامەد لەدایکبووە
- کوردی زازایە
- دەرچووی ئامادەییە
- ساڵی 1983-2007 ئەندامی پارتی دۆغرویۆڵ بووە
- ساڵی 2007-2010 ئەندامی پارتی دیموکرات بووە
- ساڵی 2018-2023 ئەندامی ئیی پارتی بووە
- ساڵی 2023 دەستی لە ئیی پارتی کێشایەوە
- رۆژی 23-2-2025 پەیوەندیی بە ئاکپارتییەوە کرد
- لە 05-10-1995 تاوەکو 30-10-1995 وەزیری دەوڵەت بووە
ئاکپارتی
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رۆژی 14-8-2001 لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوڕێکانییەوە دامەزرا.
لەوەتەی دامەزرانییەوە تاوەکو ئێستا جڵەوی دەسەڵاتی تورکیای لەدەستە و لە هەموو هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکاندا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.
ئەگەرچی ئێستا لەڕێی هاوپەیمانیی جمهوورەوە کە ساڵی 2018 لەگەڵ پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) زۆرینەیەکی بەهێزی پەرلەمانییان هەیە، بەڵام ئاکپارتی هێشتا حکومەت بەڕێوەدەبات.
لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمانیی تورکیا هاوپەیمانیی جمهوور 318 کورسییان هەیە؛ ئاکپارتی 271 کورسی و مەهەپە 47 کورسیی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ