مەسرور بارزانی: بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییە ترسناکەکەی مۆسکۆ دەکەم

23-03-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی هاوخەمیی لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی هۆڵی ئاهەنگگێڕانەکەی مۆسکۆ بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە ترسناکە دەکەم."
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسیویەتی، "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییە ترسناکەکەی شەوی رابردووی مۆسکۆ دەکەم. هاوخەمم لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان و بریندارەکان و خەڵک و حکومەتی رووسیا لەم ساتە سەختەدا."
 
شەوی رابردوو چەند چەکدارێک هێرشیان کردە سەر هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان و دەستڕێژی گولـلەیان لە خەڵکی نێو هۆڵەکە کرد، بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 93 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندارن. بەرپرسانی رووسیا دەڵێن، ژمارەی کوژراوەکان بەرزتریش دەبێتەوە، بەو پێیەی برینی بەشێک لە بریندارەکان سەختن.
 
دوای هێرشەکە، چەکدارەکان هۆڵەکەشیان ئاگرتێبەردا. رووسیا دەڵێت، چەکدارەکان بە شلەیەکی سووتێنەریان لە سووتاندنی هۆڵەکەدا بەکارهێناوە. لەسەر هێرشەکەش تاوەکو ئێستا 11 کەس دەستگیرکراون.
 
دوای هێرشەکە، گرووپێکی داعش لە تێلیگرامەوە بەرپرسیارێتیی هێرشەکەیان لە ئەستۆ گرت، بەڵام هێشتا ئەوە یەکلایی نەبووەتەوە و بەرپرسانی رووسیا لە لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامن.
 
کاردانەوە جیهانییەکان
 
بە ماوەیەکی کەم دوای هێرشەکە، یەکێتیی ئەوروپا هێرشەکەی بە "ترسناک" ناوبرد و رایگەیاند، "تووشی شۆکی کردین." هاوکات تورکیا، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا سەرکۆنەیان کرد.
 
لە سەرەتای هێرشەکەوە میدیای رووسیا باسی لەوە کرد، چەکدارەکان کە ژمارەیان چوار کەس بووە، چوونەتە نێو هۆڵەکە، سەرەتا تەقەیان کردووە و دواتر نارنجۆکیان فڕێداوە. هەرچەندە داعش دەڵێت، چەکدارەکانیان دەستگیر نەکراون، بەڵام میدیای رووسیا دەستگیرکردنی یەکێک لەو چەکدارانە راگەیاند.
 
رووداوەکە لە هۆڵێ کرۆکۆس سیتی بووە لە باکووری مۆسکۆ کە شوێنی چەند هەزار کەسێکی تێدا دەبێتەوە و بۆ کۆنسێرتی هونەرمەندە بەنێوبانگە جیهانییەکان بەکاردەهێندرێت.
 
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هێرشەکەی بە "هێرشێکی تیرۆرستیی خوێناوی" ناوبرد. هەروەها لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا، کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە تاوانە گەورەکان، باسی لەوە کرد، لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
 
هاوکات دیمیتری مێدڤیدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاساییشی رووسیا هەڕەشەی کرد کە ئەگەر هێرشەکە پەیوەندیی بە ئۆکرایناوە هەبێت، ئەوا رووسیا کیێڤ لەنێودەبات.
 
مێدڤیدێڤ لە تەلگرامەوە رایگەیاند، "ئەگەر بسەلمێندرێت کە ئەم تیرۆریستانە سەر بە رژێمی کیێڤن، ئەوا پێویستە هەموویان بدۆزرێنەوە و بێبەزەییانە وەک تیرۆرست لەنێوببردرێن،" هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، "بەرپرسانی ئەو ئەو وڵاتەی کە ئەم تاوانەی کردووە" پێویستە سزابدرێن.
 
ئەمریکا هاوسۆزیی خۆی بۆ رووسیا راگەیاند و هێرشەکەی بە "تۆقێنەر" ناوبرد. جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "بیرمان لای قوربانیانی ئەم هێرشە تۆقێنەرەیە. وێنەکان تاسێنەرن و سەختن بۆ بینین."
 
کێربی گوتیشی، هیچ "ئاماژەیەک نییە" ئۆکراینا دەستی لە هێرشەکەدا هەبووبێت. دواتر سەرۆکایەتیی ئۆکراینا رەتیکردەوە کیێڤ "هیچ پەیوەندیێکی" بە هێرشەکەی مۆسکۆوە هەبێت.
 
هەواڵگریی وەزارەتی بەرگریی ئۆکرایناش لە نامەیەکی تەلەگرامدا، هەواڵگریی رووسیای بە رێکخستنی هێرشەکە تۆمەتبار کرد.
 
هەواڵگریی ئۆکراینا دەڵێت، "هێرشە تیرۆرستییەکەی مۆسکۆ دنەدانێکی نەخشەبۆدانراو و بەمەبەستی هەواڵگریی رووسیا بوو لەسەر فەرمانی پووتین،" کە ئامانج لێی "تەشەنەسەندن و فراوانترکردنی جەنگە" لەگەڵ ئۆکراینا.
 
ئەو رووسیانەشی کە لە ریزەکانی ئۆکراینا شەڕ دژی ئۆکراینا دەکەن، رەتیانکردەوە هیچ بەرپرسیارێتییەکیان لە هێرشەکەدا هەبووبێت. 
 
دوای رووداوەکە، رێوشوێنی ئەمنی لە هەموو فڕۆکەخانە و وێستگەکانی شەمەندەفەری مۆسکۆ تووند کران، هەروەها سێرگی سۆبیانین، سەرۆکشارەوانیی مۆسکۆش رایگەیاند، هەموو ئاهەنگ و چالاکییەکانی پشووی هەفتە هەڵدەوەشێنرێنەوە.
 
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە مۆسکۆ، دوو هەفتە لەمەوبەر، ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەگەر هەیە لە ماوەی داهاتوودا ژمارەیەک "هێرش" بکرێنە سەر خەڵک.
 
باڵیۆزخانەکە 7ی ئادار لەسەر ماڵپەڕەکەی هۆشداریی دا و رایگەیاند، "باڵیۆزخانەکەمان چاودێریی ژمارەیەک راپۆرت دەکات کەوا پەڕگیرەکان پلان دادەنێن بۆئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا هێرش بکەنە سەر کۆبوونەوە گەورەکان لە مۆسکۆ، لەنێویاندا کۆنسێرتەکان، پێویستە هاووڵاتییانی ئەمریکا لە 48 کاژێری داهاتوودا، خۆیان لە کۆبوونەوە گەورەکان بەدووربگرن."
 
ئەمریکا روونی نەکردبووەوە لە چ سەرچاوەیەکەوە ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی پێ گەیشتبوون. وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، دوای هێرشەکە رایگەیاند، "ئەگەر ئەمریکا زانیاریی لەبارەی تەقەکردنەکەی مۆسکۆوە هەبێت، پێویستە پێمانی بدات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.