رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ و سبەی لە کاتی جیادا باران دەبارێت. گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراقیش دەڵێت، سبەی لێزمەباران دەبارێت.
هاوکات، کەشناسێکیش ئاماژە بەوە دەکات، لە گەرمیان مەترسی لافاو هەیە و لە سلێمانی و هەڵەبجەش بارانی زیاتر لە هەولێر و دهۆک دەبارێت.
لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆ شەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئاسمان هەوری تەواو دەبێت؛ هەندێک جار نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت؛ هەروەها ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکاندا هەیە".
لەبارەی کەشوهەوای سبەی یەکشەممەش کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری بارینی بارانی پچڕ پچڕ. لە ئێوارەدا دابارین زیاتر دەبێت لە ناوچەکانی گەرمیان و هەڵەبجە و هەندێک ناوچەی باشووری پارێزگای سلێمانی".
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراقیش ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ لە ناوچەکانی باکووری عێراق و لەنێویاندا بەشێکی هەرێمی کوردستان بارانی مامناوەند و لێزمەباران دەبارێت.
بە گوتەی جابری، شەپۆلی بارانبارین سبەی یەکشەممە چڕ دەبێتەوە و لە هەرێمی کوردستان لێزمەباران دەبارێت، "لە شەودا لێزمەباران لە سلێمانی و کەرکووک دەبارێت و پلەی گەرما دادەبەزێت".
گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، سبەی لە نێوەڕاست، باشوور و رۆژەهەڵاتی عێراق لێزمەباران و تەرزە دەبارێت لە ناوچەکانی پارێزگاکانی واست و دیالەش ئەگەری لافاو هەیە.
هەر ئەمڕۆ شەممە، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شەپۆلەکە لە سبەی دوای نیوەڕۆوە دەگاتە هەرێمی کوردستان و بارانبارین دەستپێدەکات تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت.
بە گوتەی ئاراس جەبار، لە شەپۆلەکەدا کە نزیکەی 12 کاژێر بەردەوام دەبێت، زۆرترین باران لە ئیدارەی گەرمیان، پاشان سلێمانی و هەڵەبجە دەبارێت؛ گوتیشی، "لە کەلار و خانەقین و سنووری گەرمیان بەگشتیی مەترسی دروستبوونی لافاو هەیە؛ لە سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕینیش بارانی باش دەبارێت".
لەبارەی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیشەوە ئەو کەشناسە گوتی، تاوەباران و بارانی ناوبەناو لە هەردوو پارێزگاکە و ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ و سۆران دەبارێت، بەڵام مەترسی لافاو نییە و کەمترین کاریگەری شەپۆلەکەش لە سنووری پارێزگای دهۆک دەبێت.
ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەشکرد، لە دووشەممەوە شەپۆلی بارانبارینی بەهێز لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت، بەڵام تاوەکو رۆژی چوارشەممە ئەگەر نمەباران و تاوەبارانی کورت لەناوچە جیاکان هەیە و رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو کەشوهەوای هەرێمی کوردستان ساماڵ و سەقامگیر دەبێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، نزیکەی هەفتەیەکە شەپۆلێکی بارانبارینی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە لە چەند شارێک لافاو زیانی مادی و گیانی لێکەوتەوە، بەتایبەت لە دهۆک و زاخۆ.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی یەکشەممە لە باشووری کوردستان بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر؛ 17 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 15 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 16 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 18 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 17 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 17 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 13 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 6 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 22 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ