رووداو دیجیتاڵ
مانگی 11ی ساڵی رابردوو لە دەوحە لەگەڵ بەڕێز د.فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق هەڤپەیڤینم کرد. ئەوکاتە هێشتا دۆخەکە دیار نەبوو و پرسیارم لە بەڕێزیان کرد ئایا شەڕ لە ناوچەکە روودەدات یان نا؟ هەروەها پرسیاری ئەوەم کرد کە ناوچەکە بەرەو کوێ دەڕوات؟ ئایا ئەمریکا و ئیسرائیل شەڕی ئێران دەکەن یان نا؟ پرسیارم کرد کە دۆخی ناوچەکە بەرەو کوێ دەچێت؟ ئایا شەڕ هەڵدەگیرسێ یان ئاشتی دێتە ئاراوە؟ ئەوکاتە بەڕێز د.فوئاد گوتی: "ئەوەی من دەیزانم، ناوچەکە بەرەو شەڕ دەڕوات. ئەوەی دەردەکەوێ و ئەو گۆڕانکارییانەی هەن، شەڕ لەپێشترە لە ئاشتی".ئەوەبوو دوای چەند مانگێک شەڕ روویدا و ئێستا شەڕێکی فراوان هەیە.
ئێستا کە ئەم هەڤپەیڤینە دەکەین (رۆژی یەکشەممە 22ی ئاداری 2026) ماوەی 23 رۆژە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەردەوامە، واپێدەچێت شەڕەکە بەم زووانە نەوەستێت. قسەکەی بەڕێز د. فوئاد، وەزیری دەرەوەی عێراق، دروست دەرچوو. بۆیە پێم خۆش بوو جارێکی دیکە یەک ببینینەوە لەگەڵ بەڕێز فوئاد حوسێن.
هەڤپەیڤینی سەنگەر عەبدولڕەحمان لەگەڵ فوئاد حوسێن
رووداو: بیرتە پێشتر کە پرسیارم لێکردیت، گوتت رەوشەکە بەرەو شەڕ دەڕوات.
وەزیری دەرەوە: بەڵێ.
رووداو: ئێستا بەڕێزت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانت بەردەوامی و پەیوەندیت لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە و وەزیرانی دەرەوەی ناوچەکە هەیە. ئێستا پێمبڵێ، شەڕ فراوانتر دەبێت یان بەرەو ئاگربەست دەڕوات؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: نەخێر، هەموو شەڕێک هەر کۆتایی دێت. پرسیار ئەوەیە کەی و چۆن؟ پێشبینیی من ئەوەیە ئەم شەڕە بۆ ماوەیەک فراوانتر دەبێت و دوای ئەوە ئاگربەست دەبێت یان خۆی رادەوەستێت. بۆ نموونە، ئەمریکا رایدەگەیێنێت کە سەرکەوت، بەوشێوەیە، بەڵام بۆ ماوەیەک فراوانتر دەبێت.
رووداو: واتە بەم نزیکانە ناوەستێت؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: ئینجا نازانم، بەڵام ئەوەی دەیخوێنمەوە ئەوەیە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هەڕەشەی لێدانی ژێرخانی ئێران دەکەن. مەبەستم لە ژێرخان تەنیا ژێرخانی سەربازی نییە، چونکە ژێرخانی سەربازی ئەوە 20 رۆژە لێیدەدەن، بەڵام ژێرخانی ئابووری یان ئەو ژێرخانەی کە پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە. بۆ نموونە، کارەبا، نەوت، گاز، بەنزین و ئاو. ئەگەر لەو ژێرخانانە بدەن، راستییەکەی بڵێم، بارودۆخەکە بۆ خەڵکی ئێران زۆر ئاڵۆز و زەحمەت دەبێت.
رووداو: ئایا شتی وادەکەن؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: هەڕەشەکان وان و بەم شێوەیە دەڕوات، لانیکەم. راستە سەرۆک ترەمپ لە پرسی نەوت و گاز هەستیارە، چونکە ئەوە کاریگەری لەسەر ئابووریی جیهان و لەسەر دۆخی نێوخۆی ئەمریکا هەیە، چونکە بەنزین چەندە گران بێت، ئەوەندە هاووڵاتیی ئەمریکی لێکدانەوە بۆ گیرفانی خۆی و گرانبوونی بەنزین دەکات و ئەوەش کاریگەری دەبێت بۆ سەر ئەو هەڵبژاردنەی کە دێت، کە پێیدەڵێن هەڵبژاردنی نیوەی وەرزی کۆنگرێس. ئەو (دۆناڵد ترەمپ) ئەو حیساباتە دەکات، بەڵام بەردەوامبوونی کێشەکەش لە کەنداو و لە تەنگەی هورمز، ئەویش وزە و نەوت و گاز گران دەکات. پاشان، وردە وردە لەنێو ئەمریکا، لە کۆنگرێس بێت، لە رای گشتی بێت، لە رۆژنامە و تەلەڤزیۆن بێت، قسە دێتە پێشەوە کە ئەم شەڕە چۆن دەبێت و تاوەکو کەی و بۆچییە؟ بۆ ئەوەی لەو پرسە رزگاریان بێت، پێویستە یان وا بیر دەکەنەوە کە گورزێکی گەورە لە ئێران بدەن. ئینجا راستییەکەی بڵێم، شوێنی دیکە نەماوە. ژێرخانی سەربازیی هەمووی لێیدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێران هەر هێرش دەکات و هەر گورزی خۆی دەوەشێنێت. ئەو رۆژە مووشەکێکی هاویشت بۆ دوورگەی گارسیا کە ئەمریکییەکانی تێدایە، نزیکەی 4,000 کیلۆمەتر دوورە. مانای وایە مووشەکی دوورمەودای هەیە. ئێران هەر بەردەوامە لە بەرگریی خۆی. رەنگە لاوازبووبێت، بەڵام بەردەوامە. بە پێشبینیی من، چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەکرد، کە شەڕەکەیان دەستپێکرد چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەکرد.
رووداو: ئەمریکا و ئیسرائیل؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: بەڵێ ، بەپێی پێشبینی من.
رووداو: چاوەڕوانی ئەو توانا سەربازییەی ئێرانیان نەدەکرد؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: بە پێشبینیی من چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەکرد، چونکە گورزی یەکەم لە سەرکردایەتی درا، یانی 09:30 خولەک بە کاتی تاران، یەکەمین هێرش کرایە سەر سەرکردایەتی، واتە رێبەر و هەرچی لە دەوروبەری بوو. پێشبینیی ئەوەیان کرد کە ئەگەر گورز لە سەرکردایەتی بدەن، گۆڕانکاری لەنێو تاران روودەدات و خەڵکی دیکە دێتە سەر دەسەڵات. مۆدێلی ڤەنزوێلا لەلای ئەمریکییەکان روونبوو، دەچن سەرۆک دەبەن و دوایی گۆڕانکاری روودەدات و کەسانێک دێنە سەر کار کە کاریان لەگەڵ ئەمریکا دەبێت. ئەم پێشبینییەیان هەبوو.
رووداو: خوێندنەوەکە هەڵەبوو؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: لەوبابەتەدا لێکدانەوەکەیان هەڵە بوو.
رووداو: ئەمریکا و ئیسرائیل تووشبوون؟ تووشی شەڕێک بوون کە ناتوانن لێی دەرچن؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: نەخێر، من وای نابینم. پێموایە ئیسرائیل ئامانجی جیاوازتری هەبوو لە ئەمریکا. ئەمریکا ویستی سەرکردەکان بگۆڕێ و سەرکردەی دیکە بێن، نەک رژێم بگۆڕێت. یانی ئەمریکا ئامانجەکەی ئەوەبوو و خۆشیان باسیان دەکرد، بەڵام ئیسرائیل ویستی هەموو شتێک بگۆڕێت و شەڕێک بکات کە پشێوی لە ئێران دروستببێت. جیاوازیی بوو لە ستراتیژی هەردوولادا.
رووداو: جیاوازییان هەبوو.
وەزیری دەرەوەی عێراق: بەڵێ، جیاوازییەکە روون بوو.
رووداو: ئێستا هیچ هەوڵێک هەیە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: هەوڵدان هەیە، بەڵام دۆخی شەڕەکەش رێگە نادات. واتە هەوڵدان و قسەکردن هەیە، راستییەکەی بڵێم.
رووداو: کێ؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: لە هەموو لایەک قسە هەیە، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران بێت، لەگەڵ خەڵکی دیکە بێت، قسە ناردن و وەرگرتنی پەیام هەیە، بەڵام دەنگی شەڕ رێگە نادات بۆ ئەوەی دەنگی گفتوگۆ سەرکەوێت.
رووداو: لەنێوان ئەمریکا و ئێران پەیام و پەیام گۆڕینەوە هەیە یان نا؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: لەنێوانیاندا نا، بەشێوەی ناڕاستەوخۆ زۆر هەیە.
رووداو: گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ هەیە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: گفتوگۆ نییە، من پێی ناڵێم گفتوگۆ، بەڵام رایەک دەردەبڕدرێ و دەچێتە لای کەسێک، وەزیرێک، ئەویش رایەکە بۆ لایەنی بەرامبەر دەگوازێتەوە. واتە گفتوگۆی راستەوخۆ نییە. گفتوگۆ نییە.
رووداو: ئێوە وەک عێراق هیچ هەوڵدانێکتان هەیە بۆ ئاگربەست؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: حەز ناکەم باسی بکەم، بەڵام ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە نەهێڵین شەڕ بێتە نێو عێراقەوە. بۆ ئەوەی نەهێڵین شەڕ بێتە نێو عێراقیشەوە، بێگومان دەبێت لە پەیوەندیدا بمێنینەوە.
رووداو: کاک دکتۆر، دێمە سەر ئەوەی کە شەڕ لە عێراق هەیە یان نا، بەڵام هەر لەسەر فراوانبوونی شەڕەکە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، دوای سەردانی بۆ چەند وڵاتێکی کەنداو گوتی، ئەگەری هەیە وڵاتانی کەنداویش وەڵامی هێرشەکانی ئێران بدەنەوە. ئەوە بە واتای ئەوە نایێت کە شەڕەکە فراوانتر و درێژتریش دەبێت؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: وڵاتانی کەنداو تاوەکو ئەم ساتە وەڵامیان نەداوەتەوە، ئەمە راستییەکەیە، بەڵام ئەوانیش زۆر هەستیارن کە شەڕەکە نەکەوێتە نێو ماڵی خۆیانەوە، واتە بەردەوامبوونی شەڕەکە و ئەوانیش ببنە بەشێک لە شەڕەکە. راستە هێرش دەکرێتە سەریان، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشێکن لە شەڕەکە، بەڵام کاتێک ئەوانیش بچنە نێو شەڕەکەوە، واتای وایە شەڕ لە ناوچەی کەنداو لەنێوان وڵاتانی عەرەبیی کەنداو و ئێران دەبێت. ئەمە زۆر قورسە. دەزانی بۆ قورسە؟ یەکەم، ئەوانیش هەست دەکەن ئەگەر ئەم شەڕە ببێتە بەشێک لە رەفتاری رۆژانەی ئەو ناوچەیە، مانای وایە دۆخی هەموو شتێک، ئابووری بێت، سیاسی بێت، تێکدەچێت. دووەم، لەبیرمان نەچێت شەڕەکە ئیسرائیل دەستی پێکرد لەگەڵ ئەمریکا. بۆ وڵاتانی عەرەبی زەحمەتە شەڕێک دژی وڵاتێک بکەن کە ئیسرائیلیش هێرش دەکاتە سەری. واتە لەنێو خەڵکدا ئەوکاتە وا نیشاندەدرێت کە ئەمانە لەگەڵ ئیسرائیلن. ئەم هەڵوێستە وڵاتانی کەنداوی راگرتووە، بەڵام هێرشەکان لەسەر وڵاتانی کەنداو لەلایەن ئێرانەوە بەردەوامن.
رووداو: بە بڕوای بەڕێزت، وڵاتانی کەنداو تاوەکو کەی بێدەنگ دەبن؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: نازانم. پێشبینیی من ئەوەیە ئەوان هیوای ئەوەیان هەیە... لە گفتوگۆکانم لەگەڵیان و لە پەیوەندیم لەگەڵ زۆربەی هەرە وەزیرەکان، هیوایان ئەوەیە کە شەڕەکە راوەستێت.
رووداو: بەم نزیکانە لەگەڵ عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران قسەت کردووە، کاک دکتۆر؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: قسە نا.
رووداو: بە نامە و تەلەفۆن؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: نامە گۆڕینەوەمان هەیە.
رووداو: نوێترین رای ئێران چییە لەسەر شەڕەکە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: ئەوە باس ناکەم، بەڵام نامە گۆڕینەوەمان هەیە.
رووداو: راگۆڕینەوە هەیە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: بەڵێ، هەواڵیشی دەپرسم وەک هاوڕێیەک، هەواڵی خۆی، خێزانەکەی و کەسوکاری دەپرسم.
رووداو: بۆچی حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە رێگری لەو گرووپە چەکدارانە بکات کە لەژێر ناوی "موقاوەمەی ئیسلامی"ن بۆ ئەوەی بەشداریی شەڕەکە نەکەن؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: وەڵڵا، ئەم باسە هەر لە زووەوە کراوە، باسی ئەمڕۆ نییە. ئەمڕۆ باسی دەوڵەت و نادەوڵەتمان دەکرد. من پێنج ساڵ و نیوە، دوو ساڵە باسی دەکەم. جاران، پێش یەک-دوو ساڵ، هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، چوومە سەر تەلەڤزیۆن و باسم کرد. خۆ ئەم باسە هەبووە، بەڵام ئەوانیش هێزیان هەیە؛ هێزی سەربازی، هێزی رێکخستن و هێزی پەرلەمانییان هەیە. خۆ ئەوە روونە.
رووداو: چەند رۆژێک لەمەوبەر، لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان گفتوگۆیەکم هەبوو. بەڕێز د.موسەننا گوتی: "ئێستا عێراق دوو عێراقە؛ عێراقێکی فەرمی کە حکومەت و داوودەزگاکانیەتی و عێراقێکی دیکەش عێراقی ئەم گرووپانەیە". گوتم کامیان بەهێزترن؟ گوتی: "ئەو گرووپانە لە حکومەت بەهێزترن لە عێراق دا"؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: من ناتوانم ئەوە بڵێم.
رووداو: پرسیارەکەی من ئەوەیە، عێراق بۆ نەیتوانیوە کۆنترۆڵیان بکات تاوەکو ئێستا؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: بەشێکی پەیوەندیی بە سیستمی عێراقی و، سیستمی سیاسیی عێراقەوە هەیە. بەشێکی پەیوەندیی بە تێکەڵاویی نێوان ئەم گرووپانە و هێزی سەربازی و سیاسی دیکە هەیە. ئەمە وای لێکردووە، بەڵام ئێستا، چونکە هێرشەکانیان هەر بەردەوام بوون لەسەر کوردستان و دواتر دەستیانکرد بە هێرشکردنە سەر بەغدا، سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا، ئینجا سەر هۆتێل رەشید کە شەش نێردەی دیپلۆماسی لەوێ هەبوون، ئێستاش لەسەر دەزگای هەواڵگریی عێراقی، واتای وایە ئەمە ناکرێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت. پێویستە حکومەت رێوشوێن بگرێتەبەر. سەرۆکوەزیرانیش لەم رۆژانەدا باسی ئەوەی کرد کە پێویستە رێوشوێن بگرنەبەر، چونکە راستییەکەی بڵێم، زۆر چوون، لە هێرشکردنە سەر کوردستانەوە گەیشتە هێرشکردنە سەر دەزگای هەواڵگریی عێراقی.
رووداو: هێرشەکەی سەر دەزگای هەواڵگریی عێراقی ئەوان بوون؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: هێرشەکە نێوخۆیی بووە و بەڵگەش ئەوەیە سەرۆکوەزیران ئەمڕۆ یان دوێنێ لێدوانی دا کە ئەمە ناکرێت و ئەوەی کە بڕیاری شەڕ و راوەستاندنی شەڕ دەدات، پێویستە دەوڵەت بێت نەک کەسانی دیکە. کەواتە ئاماژەکان بەرەو ئەوان دەچێت.
رووداو: ئێستا عێراق رەنگە تاکە وڵات بێت ئەمریکا لێیدەدات، ئێران لێیدەدات و خۆشی لە خۆی دەدات. بۆچی عێراق گەیشتووەتە ئەو دۆخە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: عێراق، ئەمریکا لێی نادات. ئێران، جیاوازە. ئەمریکا لێی نەدەدا ئەگەر ئەم کێشە نێوخۆییە نەبووایە، کێشەی چەکی دەرەوەی دەوڵەت. چەک لە دەرەوەی دەوڵەت تەنیا هەڕەشە نەبوو بۆ خودی دەوڵەت، بەڵکو هەڕەشە بوو بۆ ئەمریکییەکانیش، واتە ئەمریکای سەربازی و ئەمریکای دیپلۆماسی. خۆ باڵیۆزخانە شوێنی دیپلۆماسییە، کە لێیدەدرێت. پێشبینیی من، کاردانەوەی ئەمریکییەکان لەبەرئەوەبوو. ئەگەر لە ئەمریکییەکان نەدرابووایە، ئەوان دەستیان نەوەشاند، بەڵام پرسی ئێران جیاوازە. پرسی ئێران هەر پێش شەڕیش، من نزیکەی مانگ و نیوێک یان دوو مانگ پێش ئەم شەڕە لە تاران بووم و بەڕێز لاریجانیم بینی، خودا لێیخۆش بێت. کاژێر و نیوێک لەگەڵی دانیشتم. جگە لەوەش وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی و سەرۆککۆمارم بینی، بەڵام لەگەڵ لاریجانی و وەزیری دەرەوە کە بە تەنیا دانیشتین، تێگەیشتم ئێران خۆی ئامادە دەکات بۆ شەڕ. واتە ئێران حیساباتی ئەوەی کردبوو کە شەڕ هەر دەبێت. پشتبەست بەو ئەزموونەی لە شەڕی 12 رۆژەی حوزەیرانی ساڵی رابردوو کە باسی دەکەن، رۆژی یەکشەممە وادەی گفتوگۆیان هەبوو لە مەسقەت، بەڵام پێنجشەممە لەسەر هەینی لێیاندا. کەواتە بیریان لێکردبووەوە. لاریجانی باسی ئەوەی بۆ کردم کە ئیسرائیلییەکان بە رووسەکانیان گوتووە: "ئێمە هەوڵی هێرشکردن نادەین ئەگەر هێرش نەکرێتە سەرمان" و، گوتی: "خۆ ئێمە هێرش ناکەین، بەڵام ئەوان ئامادەکاریی خۆیان دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر ئێمە. ئەگەر هێرش بکرێت، ناچارین شەڕێکی فراوان بێت". منیش گوتم: "شەڕی فراوان یانی چی؟"، گوتی: "شەڕی فراوان لە هەر کوێیەکی ناوچەکە ئەمریکی هەبێت، چونکە خۆ دەستمان ناگاتە ئەمریکا"، بێگومان باسی سوپای ئەمریکای دەکرد و گوتی "ئێمە لەوێ لێیدەدەین". تەنانەت بە گاڵتەوە گوتم: "ئێمە دوور بخەوە لەو پرسە".
رووداو: مەبەستت هەرێمی کوردستان بوو؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: بەڵێ، بەڵێ، چونکە ئەوکاتە سوپا لە عەین ئەسەد نەمابوو. لاریجانی پێکەنی، بەڵام ئەم ستراتیژییەیان هەبوو کە ئەگەر لێمانبدرێت، شەڕ فراوان دەکەین. لە تەنیشت ئەو ستراتیژییەوە، ئێستا شتێکی دیکەیان زیادکردووە؛ هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و، هێرشکردنە سەر نەوتیش. نەوتیان هێناوەتە نێو شەڕەکەوە، ئێستا هێرشی سەرەکی و شەڕی سەرەکی، شەڕی نەوتە.
رووداو: ئەوە بۆ گوشارکردنە بۆ راوەستاندنی شەڕ؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: بەڵێ، چونکە ئەوەی سیاسەتی جیهان بخوێنێتەوە و ئابووریی جیهان بخوێنێتەوە، دەزانێت نەوت بنەمای جووڵەی ئابوورییە لە جیهان دا. هەموو کەسیش دەزانێت 20%ی نەوتی بازاڕی جیهان لە کەنداوەوە دێت. نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل لە تەنگەی هورمزەوە تێدەپەڕێت. کە ئەوە راوەستێت، نەوت گران دەبێت، گاز گران دەبێت. گاز و نەوت کە گران بوون، ئابووریی جیهان دەکەوێتە کێشەوە. ئێستاش کەوتووەتە کێشەوە. ئابووریی ئەورووپایی بێت، کاریگەریی لەسەر دۆخی نێوخۆی ئەمریکاش دەبێت. ئەمریکا خۆی 13 ملیۆن و شتێک رۆژانە نەوت بەرهەم دەهێنێت، وەک دەوڵەتێکی زۆر گەورەی نەوتییە. یەکجار گەورەیە. خۆی لە بنەڕەتدا پێویستی بە نەوت نییە، هەرچەندە بە کەمی هاوردەی دەکات چونکە بازاڕی ئازادە، بەڵام نرخی نەوت کە بەرز بێتەوە، نرخی بەنزین لە ئەمریکاش گران دەبێت. کە نرخی بەنزین گران بوو، کاریگەری دەکاتە سەر رەفتاری خەڵک بەرامبەر حکومەتەکەی. لە دەوڵەتانی کراوە و دیموکرات، کە کاریگەریت کردە سەر خەڵک، کاریگەری دەکەیتە سەر حکومەتەکەشی.
رووداو: بێمەوە سەر ئەو گرووپانەی "موقاوەمەى ئیسلامی". بە کردەوە وایانکردووە ئێستا عێراق مەیدانێک بێت لە شەڕەکە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: مەیدانی شەڕ نین، بەڵام وردە وردە ئێمەیان بەرەو شەڕ برد. جێگەی داخە. ئەمەمان پێشتر لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران باس کردووە و ئێستاش تاوتوێى دەکەین، کە ئێمە ناکرێت خۆمان بە دەستی خۆمان بکەوینە نێو ئاگرەوە. ئاگرەکە زۆر گەورەیە. راستە هەندێک جار نزیکی ئاگرەکەش بیت هەر دەسووتێیت، بەڵام جیاوازە تۆ خۆت بچییە نێو ئاگرەکەوە.
رووداو: ئێستا کامیانە، عێراق نزیکی ئاگرەکەیە یان لەنێو ئاگرەکەدایە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: نزیکی ئاگرەکەیە.
رووداو: ئێستا ئەمریکا لە حەشدی شەعبی و لەو گرووپانە دەدات، ئەو گرووپانەش لە کۆنسووڵخانە و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە هەولێر و بەغدا دەدەن. چۆن عێراق لەنێو ئاگرەکەدا نییە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: باشە، من دەڵێم نزیکی ئاگرەکەین، چونکە راستییەکەی ئێران لەنێو ئاگرە. تۆ سەیری ئاگرەکە بکە لە ئێران چی لێهاتووە. ئێمە هێشتا لە کەشی شەڕداین، نەک خودی شەڕەکە، بەڵام ئەگەر وابڕوات، بە دڵنیاییەوە دەکەوینە نێو ئاگرەکەوە. بۆیە گرنگە حیزبە سیاسییەکان، بەتایبەتی هێزە سیاسییەکانی شیعە، بڵێین چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بڕیارێک بدەن، چونکە حکومەت ناتوانێت ئەمە بکات. دەبێ بڕیارێک بدات و ئاراستەی ئەم گرووپانەی بکات کە هێرشەکانیان رابگرن.
رووداو: حکومەت ناتوانێت ئەو گرووپانە کۆنترۆڵ بکات؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: باوەڕناکەم.
رووداو: بۆچی؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: چونکە ئامرازی نییە. دەزانی کۆنترۆڵکردنی گرووپەکان هەر ئەوە نییە بە سەربازی بێت، بەڵکو سیاسییە، فکرییە، ئایدیۆلۆژییە. بۆیە دەڵێم هێزە سیاسییەکانی شیعە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی، دەبێت ئەوان ئەم رۆڵە ببینن لەجیاتى حکومەت. حکومەت جیاوازە. حکومەت ئەگەر پرسی کۆنترۆڵ بێت، ئەگەر ببێتە شەڕ، من نازانم هاوسەنگیی هێزی سەربازی لەلای کێیە، واتە ناتوانم دیاری بکەم لەلای کێیە؛ لەلای حکومەتە یان لەلای ئەوانە، نازانم، چونکە نازانم ئەوان چییان هەیە و چ چەکێکیان هەیە، بەڵام دەزانم ئەوان ئایدیۆلۆژین. جیاوازە تۆ لەگەڵ گرووپێکی ئایدیۆلۆژی شەڕ بکەیت یان لەگەڵ گرووپێکی سەربازیی راسپێردراو. بۆ ئەوەی ئەوەش روونەدات، واتە شەڕێکی نێوخۆیی، چارەسەر ئەوەیە سەرکردەکانی شیعە بە ئاشکرا رایبگەیێنن و بڵێن ئەمە نابێت بکرێت. ئەوە چارەسەرە.
رووداو: عێراق بەرەو شەڕی نێوخۆ دەڕوات ئەگەر وا بێ ؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: ئەگەر لە یەک بدەن، ئەی چییە. شەڕی ناوخۆ شاخ و گوێی هەیە؟
رووداو: ئەگەر ئێستا چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆنترۆڵی نەکات، بەرەو شەڕی نێوخۆیی دەڕوات؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت، ترس هەیە. من ناڵێم بەرەو شەڕی نێوخۆیی دەڕوات، بەڵام مەترسی هەیە بەرەو ئەو شێوەیە بڕوات. چونکە لایەنی بەرامبەری ئەم گرووپانە نازانم توانای چەندە. لایەنی بەرامبەر کێیە؟ ئەگەر حکومەت بێت، سوپای عێراقییە. باوەڕناکەم سوپای عێراق ئامادەبێت شەڕێکی نێوخۆیی بکات.
رووداو: ئامادەنییە یان توانای نییە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: من ناتوانم هەڵسەنگاندنی بۆ بکەم، من کەسێکی سەربازی نیم. تەنانەت ئەگەر کەمێکیش لێی بزانم، باسی ناکەم.
رووداو: بەڵام یەک شتی دیکە، ئەم پرسیارە بۆیە لە بەڕێزت دەکەم، چەند ساڵ بەڕێزت وەزیری دارایی بوویت، هەروەها وەزیری دەرەوە و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری بوویت لە عێراق دا و ئێستاش ئەو پۆستەت هەیە. پارەیەکی زۆر بۆ سوپای عێراق و بۆ سیستمی سەربازی تەرخان دەکرێت ساڵانە لە بودجەدا. ئایا عێراق بووەتە خاوەنی سوپایەکی بەهێز؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: نەخێر. دەزانی بۆ؟ سوپای عێراق چەند جارێک رووخا. دوایین جار کە رووخا، 2014 بوو. هەرچی چەکی هەبوو، هەمووی داعش بردی. هەرچی کۆگای هەبوو، کۆگا گەورەکان کە لە موسڵ، سەلاحەدین و دەوروبەری کەرکووک بوون، هەمووی داعش بردی. هیچ نەما ، سوپا رووخا. ئەوکاتە حەشد بە فەتوای مەرجەعییەت دروستبوو. حەشد لە سەرەتادا چەکی پەیداکرد، بەڵام دواتر خۆی پڕچەک کرد. لە تەنیشت حەشدەوە، هەندێک گرووپی چەکدار دروستبوون. بەشێکی دیاریکراو لەم گرووپانە لەنێو حەشدن، بەڵام بەگشتی حەشد جیاوازە لە گرووپە چەکدارەکان. جیاوازن. حەشد دامەزراوەیەکی یاساییە، سەرکردایەتییەکی ئاشکرای هەیە، جووڵەى هەیە، لە کۆبوونەوەکاندا دادەنیشێت و بەشدار دەبێت، بودجەی هەیە، وەک بەڕێزت باست کرد. ئەوانەی دیکە ئاشکرا نین، نە دەزانیت ژمارەیان چەندە، نە دەزانی چەکیان چۆنە و نە دەزانیت لە کوێن.
رووداو: زۆر جار دەگوترێت هەر حەشدن و لەژێر ناوی دیکەدا ئەو کارانە دەکەن؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: هەموویان نا و رێژەیەکی گەورەش نا. باوەڕبکە، من ئەمە دەڵێم تاوەکو روون بێت بۆ خەڵکی خۆشمان، پێویستە جیاوازی بکەین لەنێوان حەشد و ئەوانەی دەرەوەی حەشد. دوور نییە هەندێکیان، وەک گوتم، رێژەیەکی دیاریکراو، چوونەتە نێو حەشدەوە، بەڵام رێژەیەکی کەمە و حەشدیش وەک دامەزراوە جیاوازە.
رووداو: ئەی ئێستا ئەمریکا بۆ لە هەردوولا دەدات؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: من نازانم ئەمریکا لێیاندەدات یان کەسێکی دیکە. بەڕێزت دەڵێی ئەمریکایە.
رووداو: ئەمریکا نییە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: نازانم، خۆ ئەمریکاش راینەگەیاندووە کە ئێمە لێیاندەدەین. رایگەیاندووە؟ من شتی فەرمیم دەوێ، بەڵام ئەوەی لێیدراوە، زۆربەیان گرووپە چەکدارەکانن.
رووداو: بەڵام لیوای فەرمی و بارەگای فەرمیی حەشدی شەعبیش لە کەرکووک، ئەنبار، قائیم چەند جارێک لێیاندراوە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: راستە، تێکەڵییەک هەیە و لە لێدانەکەشدا تێکەڵییەک هەیە.
رووداو: بەڕێزت باست لەوەکرد کە عەلی لاریجانی پێش شەڕەکە هۆشداریدا کە ئەگەر شەڕ دەست پێبکات، فراوان دەبێت؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: تەنیا بە منیان نەگوت، بەڵکو بە خەڵکی دیکەشیان گوتبوو.
رووداو: بەڵێ، واتە ئێران پەیامی خۆی هەبوو پێش شەڕەکە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: بەڵێ، بەڵام دەیانگوت ئێمە لەگەڵ شەڕ نین و نامانەوێت شەڕ رووبدات، بەڵام ئەگەر شەڕ روویدا بەرگری لە خۆمان دەکەین.
رووداو: ئەمریکا پێش لێدان لەو گرووپانە لە عێراق، هیچی بە ئێوە گوت، هیچ پەیامێکی هەبووە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: نەخێر. لە بنەڕەتدا شەڕەکە دەزانیت چۆن بوو؟ دانوستاندنی جنێڤ هەبوو و زۆر چوونە پێشەوە، زۆریش چوونە پێشەوە. وەزیری دەرەوەی عومان لە جنێڤەوە چوو بۆ واشنتن، هەر هەمان ئەو کەسەی نێوەندگیری دەکرد. لە واشنتن تەلەفۆنی بۆ کردم. جێگری سەرۆکی ئەمریکای بینیبوو و نامەیەکی روونی لە ئێرانەوە بۆ بردبوون کە: "ئێمە ئامادەین بگەینە تێگەیشتن". تێگەیشتن لەسەر پڕۆژەی ئەتۆمی و لەسەر پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم. وابزانم 460 کیلۆیان هەیە، 450 کیلۆ یان شتێکی وا، کە ئەویش چارەسەر بکەن.
رووداو: ئێران ئامادەیی دەربڕی بۆ ئەوەی چارەسەری بکەن؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: ئێرانییەکان خۆیان بە منیان گوت: "دەمانەوێت ئەم دۆسیەیە دابخەین، بەڵام ناچینە سەر باسی مووشەکەکان" و، گوتیان دانوستاندن لەسەر سیستمی مووشەکی بالیستی ناکەین، ئەوە شتێکی نێوخۆیی و بەرگرییە، بەڵام لەسەر پرسی پڕۆژەی ئەتۆمی، ئێمە ئامادەین. لە جنێڤ زۆر چوونە پێشەوە. وەزیری دەرەوەی عومانیش دواتر وتارێکی نووسی، بەڵام پێش ئەوە خۆی لە واشنتنەوە تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی: "ئەو پێشنیازەی ئێرانم برد بۆ جێگری سەرۆککۆمار، تەنانەت ئەویش گوتی وەڵڵا زۆر هاتوونەتە پێشەوە". منیش گوتم: "چۆن دۆخەکە دەبینی؟"، گوتی: " بە پێشبینیی من شەڕ دەبێت، کەشەکە کەشی شەڕە. من هاتووم بۆ چارەسەری کێشەکە، بەڵام کەشەکە کەشی شەڕە. نازانم ئەمڕۆ لێیدەدەن ". ئەمە رۆژی شەممە بوو، کاژێر 01:30ی شەو بەکاتی ئێمە، بێگومان لەوێ ئێوارە بوو. کاژێر نۆ و شتێک لە تاران درا. واتە ئەو پێشنیازەی ئێران لەسەر پرسی پڕۆژەی ئەتۆمی و ئەوەی چەند هاتوونەتە پێشەوە، وەرنەگیرا. چونکە لۆژیکی شەڕ زاڵ بوو.
رووداو: ئیسرائیل شەڕەکەی بە ئەمریکا کرد یان ئەمریکا خۆی نیازی شەڕی هەبوو؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: من لە بابەتی شیکاری نیم. شیکارم بکردایە، هەموو شتێکم باس دەکرد. شەڕەکە کرا و ئەوەی بەشداربوو، ئیسرائیل و ئەمریکا بوون.
رووداو: من ئەم پرسیارە بۆیە لە بەڕێزت دەکەم دەزانم شیکاری ناکەی، ئایا ئەمریکا خۆی نیازی شەڕی هەبوو یان ئیسرائیل پێی کرد؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر ئەم پرسە پەیوەندیی رۆژانەیان هەبوو، لەسەر مەسەلەی شەڕ بێت یان...بەڵام هیچ دەوڵەتێکى دیکە ئاگادار نەبوو، شیکارى هەبوو ،زانیارى هەبوو، بەڵام نە ناتۆ ئاگاداربوو، نە دەوڵەتانی بەشدار لە ناتۆ کە ئەمریکا سەرکردایەتى ئەو دامەرزاوە سەربازییە دەکات، نە ئەوروپاییەکان بەگشتی ئاگادار بوون، نە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و نە کەنداویش ئاگاداربوون. شیکاری و خوێندنەوە هەبوو. من خوێندنەوەم لە مانگی 11ەوە هەبوو، بەڵام پرسی کاتی شەڕەکە و لێدانەکە ئەمریکا بە کەسی نەگوت. بۆیە ئێستا هەڵوێستی ئەورووپاییەکان دەبینیت چۆنە. هەڵوێستی ئەورووپاییەکان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەڵێن " تۆ شتێکت کرد و بە ئێمەت نەگوت، ئێستا دەڵێیت وەرن. چۆن؟."
رووداو: ترەمپیش زۆر گلەیی لە ناتۆ و ئەورووپاییەکان هەیە. ناتۆ چی لێدێت بە بڕوای تۆ؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: نازانم، بەڵام کێشەیەکی گەورە هەیە ئێستا لە جیهان و کێشەیەکی گەورەش هەیە لەنێوان ئەورووپا و ئەمریکا. نەک هەر لەسەر بابەتی ناتۆ، خۆی لەسەر گرینلاندیش کێشە هەبوو، واتە کێشە هەن. چۆن چارەسەری دەکەن، نازانم.
رووداو:مەبەستی پرسیارەکەم ئەوەبوو، ئەمریکا لە لێدانی ئەو گرووپانە لەنێو عێراق دا، پێش لێدانیان هیچی بە ئێوە گوت؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: هەمیشە دەگوترا کە "ئەگەر ئەم گرووپانە لێمان بدەن، ئێمەش لێیان دەدەین".
رووداو: ئەگەر لە ئەمریکایان نەدایە، ئەمریکا لێی نەدەدان؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: ئاخر ئەمریکا چییە؟ تۆ لە کۆمپانیایەکی نەوت دەدەیت لە سەرسەنگ، کۆمپانیاکە ئەمریکییە، دروستە؟ خاوەن کۆمپانیاکە لە واشنتن دەتوانێت قسە بکات و پەیوەندیی باشیشی هەیە. دەنگی دەگات. تۆ نەک هەر لە خودی ئەمریکا وەک باڵیۆزخانە، بەڵکو لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاش بدەیت، ئەمریکا هەر بە خۆی دەزانێت. پیاوەکە دەچێت لۆبی دەکات، خاوەن کۆمپانیایەکی ئەمریکییە، دەستی دەگاتە حکومەتی ترەمپ، دەنگی خۆی دەگەیێنێت.
رووداو: وەڵامی محەممەد شیاع سوودانی وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بۆ ئەو گرووپانە چۆن بووە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: ئەمڕۆ زیاتر روون بوو. جاران لەنێوخۆمان و بە هەوڵدان لەگەڵیان و لە رێگەی خەڵکی دیکەوە بوو، بەڵام ئەمڕۆ و دوێنێ زیاتربوو، بە روونی قسەی کرد، بەتایبەت لە دوای ئەو هێرشەی کرایە سەر نووسینگەی هەواڵگری لە مەنسوور کە ئەفسەرێک بووە قوربانی. ئەمڕۆ روونتر بوو. راستییەکەی بڵێم، ئەمە هەڵوێستێکی دروستە، بەڵام هەڵوێستی ئەو بەهێزتر دەبێت ئەگەر سەرکردە شیعەکانیش هەڵوێستیان هەبێت. بێگومان ئەگەر نەبێت، کێشەیە.
رووداو: محەممەد شیاع سوودانی تاوەکو رادەیەک روونبووەتەوە، بەڵام ئایا ئەم هەڵوێستە دەکاتە کردار دژی ئەو گرووپانە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: ئاخر بە کردار، بەبێ پشتیوانیی سیاسی زەحمەتە؛ پشتیوانیی سیاسی و مەعنەویی سەرکردەکانی شیعە. سەرکردەکانی شیعە پێویستە هەڵوێستیان هەبێت لەم بابەتەدا.
رووداو: سەرکردەکانی شیعە ناکۆکن لەسەر ئەم بابەتە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: لەسەر زۆر شت ناکۆکن، بەڵام لەم پرسەدا تائێستا هەڵوێستی ئاشکرایان نەبووە. لە دانیشتنی دووقۆڵیدا هەڵوێستیان هەیە، بەڵام ئاشکرا نییە. ئێستا دوور نییە بیکەنە ئاشکرا. ئەگەر بیکەنە ئاشکرا، ئەوە حکومەت بەهێز دەکات و هەڵوێستی سەرۆکوەزیران زۆر بەهێز دەکات، بەڵام ئەگەر نەیکەنە ئاشکرا، نەوەڵڵا.
رووداو: باسی ئەو لایەنانەی شیعەت کرد، پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی تازەی عێراق وادەردەکەوێ راوەستابێت ؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: دروستە.
رووداو: پەیوەندیی بەو شەڕەوە هەیە یان پەیوەندیی بە ناکۆکیی نێوخۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە هەیە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: پەیوەندیی بە هەردووکیانەوە هەیە. چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەگەیشتنە ئەنجام لەسەر پرسی سەرۆکوەزیران. بەڕێز مالیکی بە فەرمی بەربژێر بوو و تائێستاش هەر بەربژێرە، بەڵام گرووپێکیان داوایان دەکرد بکشێتەوە و ئێ ناکشێتەوە و دەڵێت: "بە کۆبوونەوەیەکی فراوان، وەک چۆن ئێوە منتان بەربژێرکرد، با بە کۆبوونەوەیەکی فراوان بڕیار بدرێ" و، دەڵێ "لە کۆبوونەوەکەدا بۆ بەربژێرکردنم جگە لە یەک کەس یان دوو کەس لە 12 کەس، ئەوانی دیکە دەنگیان دا. ئێستاش کۆبوونەوەیەکی فراوان بکەین و بە دەنگدان بێت، دەکشێمەوە، ئەگەر نا بۆچی دەبێت بکشێمەوە؟ بەو میکانیزمەی کە پێی هاتم، پێویستە بەو میکانیزمە بکشێمەوە". ئێ ئەو میکانیزمەش جێبەجێ ناکرێت.
رووداو: لایەنەکان نایکەن؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: نا هەموویان، ناتوانن. بەشێکیان لەگەڵ ئەون، ئەوە یەکێکە لە بابەتەکان. بابەتی دیکەش ئەوەیە کە شەڕەکە دەستی پێکرد و عێراق لە دۆخێکی زەحمەتدایە.
رووداو: پێشبینییەکان هەر وابوون کە لە مانگی رەمەزان دا لەوانەیە ئەو پرۆسەیە راوەستێت. پێتوایە دوای جەژن ئەو پرۆسەیە دەست پێبکاتەوە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: دەبێت دوای جەژن چارەسەرێک بدۆزینەوە. هەر ئەوە کێشەکە نییە، سەرۆککۆماریش کێشەیە لەنێو کورد دا. ئێمەش نەگەیشتینەتە ئەنجام، چونکە سەرۆککۆمار نەبێت، سەرۆکوەزیرانیش نابێت.
رووداو: پێش ئەوەی بێمە سەر باسی سەرۆککۆمار، مالیکی سوورە تاوەکو ئێستا لەسەر مانەوەی؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: تاوەکو پێش دوو-سێ رۆژ کە هاتمەوە، هەر سووربوو لەسەر مانەوەی و دەڵێت "من ناکشێمەوە، ئەگەر بە کۆبوونەوە بڕیار نەدرێ. بە کۆبوونەوە هاتووم و هەر دەشبێت بە کۆبوونەوە بڕیاری لابردنم بدرێت، ئەگەر وا نەبێت بۆچی بکشێمەوە".
رووداو: ئەی سەرۆککۆمار چی. پارتی و یەکێتی هیچ گفتوگۆیان هەیە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: وەستاوە، گفتوگۆ نییە.
رووداو: بۆچی ؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: ئەوە بابەتێکی دیکەیە.
رووداو: ئەویش پەیوەندی بە شەڕەکەوە هەیە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: نەخێر، پێش شەڕەکەش گفتوگۆ نەبوو.
رووداو: پێش شەڕەکەش گفتوگۆ وەستابوو؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: بەڵێ.
رووداو: ئێستا کە ئەو شەڕە روویداوە و زۆر باسی یەکخستنی نێو ماڵی کورد دەکرێت، هیچ هەڵوێستێکی تازە نەهاتووەتە پێشەوە بۆ گفتوگۆی پارتی و یەکێتی؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: ئاخر بۆ یەکخستنی نێوماڵی کورد دەبێت دانیشتن هەبێت.
رووداو: هیچ دانیشتنێک نییە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: نییە.
رووداو: پەیوەندیش نییە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: نازانم پەیوەندیی تەلەفۆنی هەیە یان نا، بەڵام دانیشتن نییە.
رووداو: هەر لەسەر ئەوە نییە یان هەر نییە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: هەر نییە.
رووداو: لەسەر هیچ شتێک، لەسەر ئەم دۆخەش پەیوەندی نییە لەنێوان پارتی و یەکێتی؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: باوەڕ ناکەم. دوور نییە هەر لایەک روانگەی خۆی هەبێت.
رووداو: روانگەی پارتی و یەکێتی جیاوازە ئێستا لەسەر ئەم بارودۆخە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: نا، تەبیعی، بابەتی شەڕ، هەمووی بە هیوای ئەوەیە شەڕەکە راگرن، بەڵام دوور نییە خوێندنەوەیان بۆ ئەم دۆخە جیاوازبێت. خوێندنەوەی سەختە ئێستا، چونکە خوێندنەوە لەسەر بنەمای زانیاری نەبێت، دەبێتە شیکاری. زۆربەی هەرەزۆری خوێندنەوەکان لەسەر بنەمای راگەیاندنە، چونکە بڕیاردەر کێیە لەم شەڕە؟ بڕیاردەر ئێرانە، ترەمپە، نەتەنیاهووە. کێ بتوانێت ئەمە بخوێنێتەوە؟
رووداو: ئێران و ترەمپ و نەتەنیاهوو یان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: ئاخر من ترەمپ دەڵێم. ترەمپ خاوەن بڕیارە. لە ئیسرائیلیش نەتەنیاهوو خاوەن بڕیارە. ئێران کێ بڕیار دەدات، نازانم ئێستا. جاران دەمزانی، بەڵام ئێستا نازانم.
رووداو: ئێستا کێ بڕیار دەدات لە ئێران؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: نازانم.
رووداو: کێ ماوە ئێستا لە ئێران؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: خۆ خەڵک ماوە. سەرکردایەتیی پلە دوو و سێ هەمووی لەنێوچوون، بەڵام ئەوەی هاتوونەتە پێشەوە، کێ خاوەن بڕیارە و چۆنە، ئایا گرووپێکن یان یەک کەسە؟ بە پێشبینیی من، کۆمەڵێکن.
رووداو: ئێران دەڵێت رابەری تازە تەندروستیی باشە و کێشەی نییە. ئەمریکا هەندێک جار دەڵێت کوژراوە، هەندێک جاریش دەڵێت بە سەختی بریندارە. ئەم ماوەیە کە لەگەڵ بەڕێز وەزیری دەرەوەی ئێران قسەت کردووە، هیچی گوتووە لەسەر تەندروستیی رابەر؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: باسی ئەو بابەتەمان نەکردووە. نە من دەپرسم و نە ئەویش باسی دەکات. باس ناکرێت.
رووداو: ئێستا عێراق چەند نەوت دەفرۆشێت؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: نافرۆشێت، تەنیا ئەوەیە کە لە کوردستانەوە دەڕوات، ئەوەی کوردستان، بڕیاربوو 250,000 بەرمیل بێت لە کەرکووکەوە. ئەگەر کێڵگەکانی نەوتی کوردستانیش دەست بەکار بکەنەوە، نازانم دەستیان پێکردووە یان نا، هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت 100-150-200 هەزار بەرمیل زیاد بکات، واتە دوور نییە بگاتە 400,000 بەرمیل، ئەگەر کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانیش دەست پێبکەنەوە و ، نازانم دەستیان پێکردوەتەوە یان نا. هەر ئەوەیە و هیچی دیکە نییە. عێراق پێش شەڕ 4.4-4.5، 4.3 ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانی رۆژانەی بوو. نزیکەی یەک ملیۆن و 100 هەزاری بۆ پاڵاوگەکان و بەکاربردنی نێوخۆیی بوو. سێ ملیۆن و 200-300 هەزار بۆ هەناردەکردن بوو. ئێستا 3 ملیۆن و 200 هەزار رەوانە ناکرێ، ئەوە ئەمڕۆ نییە و نزیکەی 10 رۆژ زیاترە ئەو بڕە هەناردە ناکرێت، چونکە سەرەتا بەرهەم دەهێنرا. بەرهەمهێنان دەبوو، نەوەک هەناردە. بەرهەمهێنان هەبوو تاوەکو کۆگاکان پڕ دەبوون. ئێ کە پڕبوون، ئیدی شوێن نییە. ئێستا نەوت بەرهەم بهێنیت، چی لێ بکەیت؟
رووداو: ئێستا بەرهەمهێنانی نەوت راوەستاوە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: بەڵێ، لە زۆربەی کێڵگەکان.
رووداو: بەرهەمهێنان لە عێراق وەستاوە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: بەڵێ، چونکە ئەگەر هەناردەی نەکەیت، شوێنت نەبێ کۆگای بکەی، ئیدی بۆ بەرهەمی بهێنێت؟ بەرهەمهێنانیش نەکەیت، لە داهاتوودا کاریگەریی نەرێنی لەسەر بیرە نەوتەکان دەبێت. ئەمە کاریگەریی هەیە لەسەر پەیوەندی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەش، چونکە گرێبەستت لەگەڵیان هەیە. بۆیە وا بزانم وەزارەتی نەوت پێش چەند رۆژێک رایگەیاند کە ناتوانن، چونکە دۆخی سەختە (ظروف قاهرة)یە. بارودۆخی شەڕە. ئەوەی راستی بێت، ئەوەی لە هورمز هەیە داخستن نییە، چونکە شەڕە و خەڵک دەترسێت، ئەوانەی لەسەر کەشتییەکانن دەترسن بێن. ئەوەش بتوانێ بێت یان ترسی نەبێ، دەبینن دڵنیایی پاپۆڕەکان نەماوە. ئەو کۆمپانیایانەی، بەتایبەتی 6 کۆمپانیان هەبوون، کە دڵنیایی ئەم پاپۆڕانەیان دەدا بۆ ئەو ناوچەیە، دەڵێن ئێمە ناتوانین بەرگە بگرین. ئێ تۆ دەبێ پارە بدەیت. ئێ پارە بدەیت، پاپۆڕەکەش نەچێ؟ ئەگەریش لێیبدەن، دەبێ پارە بدات، واتە کۆمەڵێک بابەتە.
رووداو: بۆچی عێراق ناتوانێت لە رێگەی ئێرانەوە نەوت بنێرێت؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: عێراق خۆی پاپۆڕی نییە، تاوەکو لەگەڵ ئێران قسە بکات بڵێت ئەوە کەشتی منە بابروات، دەبێت کەشتیی یۆنانی یان وڵاتێکی دیکە بەکرێ بگریت. ئەو کەشتییە نایێت، چونکە بیمەی نییە. ئەوانەش کە لەسەر کەشتییەکەن، ژیانیان لە مەترسیدایە. عێراق خۆیشی پاپۆڕەکەی نییە. شتی بچووکی هەیە و ئەوەی نییە بتوانێ نەوتی پێ بنێرێ. بۆیە هەناردە وەستاوە. بەرهەمهێنانیش ئێستا وەستاوە.
رووداو: بەرهەمهێنان چەند رۆژە وەستاوە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: نازانم. چەند رۆژێکە، بەڵام هەناردەکردن لە زووەوە وەستاوە.
رووداو: عێراق پارەی نەوتی مانگانە بۆ دێتەوە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: نەخێر، کە ئەمڕۆ دەیفرۆشیت، دوای دوو-سێ مانگ پارەکەی دێت. ئێمە مانگی یەک و دوومان فرۆشتووە، واتای وایە پارەکەی مانگی سێ و چوار و لەوانەیە سەرەتای پێنج بێتەوە. پارەی کۆنەکەیە، بە نرخی کۆن کە 60-62-63 دۆلار بوو بۆ هەر بەرمیلێک. ئێستا ئەم مانگە هیچی نەفرۆشتووە. ئەگەر بەوشێوەیە بەردەوامبێت، واتە بۆ مانگی 3سێ هیچ نەفرۆشێ، کەواتە بۆ مانگی پێنج یان شەش پارەی نەوت نایێت، چونکە هیچت نەفرۆشتووە. جیاوازە ئێستا، لەو بۆرییەی کوردستان، 250,000 بەرمیل، ئەم پارەیە دێت. ئەگەر کوردستانیش ئەوەی خۆی زیاد بکاتە سەری و ببێتە 400,000 بەرمیل، نرخی نەوتیش لە 63 دۆلارەوە بگاتە 108 دۆلار. نرخی نەوت جیاوازە. ئەوەی بۆ ئاسیا دەچێت(چین، هیند)، 160-170-180 – 190 دۆلارە. بازاڕی چین، هیند و ژاپۆن پێویستیان پێیە، بەڵام بۆ ئەورووپا 110-115 دۆلارە. ئێستا عێراق ئەگەر 400,000 بەرمیل بفرۆشێت بە نرخی 110 دۆلار، پارەکەی جیاوازە لەوەی جاران بە 60 یان 61 یان 62 دۆلار دەیفرۆشت. چارەسەرێکی دیکە ئەوەیە عێراق دەست بکات بە فرۆشتنی نەوت بە تانکەر، بەرەو ئوردن و سووریا، بەڵام نرخەکەی جیاواز دەبێت، خەرجیی زیاتر دەبێت، بابەتی ئەمنی و دزیشی تێدایە.
رووداو: بەڵام دەتوانێت بڕێکی کەم بەوشێوەیە بفرۆشێت؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: بەڵێ، دەتوانێت بەشێکی بەو رێگەیە بفرۆشێت. واتە هەندێک پارەی بۆ دێتەوە، بەڵام وەک جاران نا.
رووداو: ئاسان دەتوانێ پارەکە بێنێتەوە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: پارەی چی؟
رووداو: پارەی مانگی یەک و دوو؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: پارە دێت، بەڵێ. مەبەستت دۆلارەکەیە؟
رووداو: بەڵێ.
وەزیری دەرەوەی عێراق: بەڵێ، دۆلاری خۆتە. گواستنەوەی جیاوازە، بەڵام دەتوانێ چارەسەر بدۆزێتەوە. دۆلار لە بازاڕ و لە بانکی ناوەندی هەیە.
رووداو: بەو پێیەی کە نەوتی مانگی یەک و دووی فرۆشتووە، مووچەی مانگی سێ و چوار مسۆگەرە لە عێراق؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: ئەگەر باسی پارەکە بکەین، پارەکە مسۆگەرە، بەڵام مووچەکە چۆن دەبێت، نازانم دۆخی عێراق بەرەو کوێ دەچێت و چۆن مامەڵە دەکەن. ئێستا دەبێت پارە لە شوێنێک خەرج بکەیت کە حیسابت بۆی نەکردووە، وەک دۆخی ئەمنی، خۆراک چونکە دەبێ دڵنیایی بدەیت کە کۆمەڵگە ئارام بێت و جووڵەی سەربازی. ئەمە هەمووی پارەی زیادەیە.
رووداو: ئەوە لەسەر بنچینەی مووچە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: دوور نییە لە بودجە ئەو شتە نەبێ، ئاخر ئێستا دۆخێکی لەناکاوە، بەڵام بەگشتی، ئەگەر شەڕەکە زوو راوەستێ، کێشەی گەورە نابێ، بەڵام ئەگەر شەڕەکە بەردەوامبێ، بێگومان کێشەیە.
رووداو: ئێستا مووچەی مانگی سێی عێراق مسۆگەرە، دەست پێدەکات لەدوای جەژن؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: نازانم.
رووداو: مەبەستم عێراقە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: بەڵێ، دەبێت بدرێت.
رووداو: پارەی هەیە مووچەی مانگی سێ بدات؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: پارەکە دەدرێت، مووچە دەدرێت. یەدەگی عێراق خراپ نییە، من ناڵێم لە یەدەگ وەربگرین، چونکە ئەوە جۆرێک لە هەڵاوسان دروست دەکات، بەهای دینار لاواز دەکات بەرامبەر دۆلار، بەڵام بەهەرحاڵ ئەوەی من تێیگەیشتووم لەگەڵ ئەو برادەرانەی بەرپرسی ئەم شتانەن، ئەوەیە کە ئێمە دەتوانین بۆ ماوەی پێنج-شەش مانگ ئیدارە بکەین.
رووداو: تاوەکو پێنج شەش مانگ عێراق دەتوانێ مووچە بدات؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: ئینجا چۆن دەیدات نازانم، بەڵام دەتوانێ.
رووداو: چۆن دەیدات، مەبەستت چییە، لێبڕین و نیو مووچە دەبێت لە عێراق دا؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: نازانم. حەز ناکەم باسی بکەم، چونکە ئەمە هەمووی پێشبینییە. ئەگەر شەڕ رابوەستێت، کێشەکان چارەسەر دەبن و نەوت هەناردە دەکەین. ئیدی بۆ باسی شتێک بکەین کە رووینەداوە و تەنیا پێشبینییە. نابێت باسی بکەم و باسیشی بکەم کاریگەری دەبێت.
رووداو: حکومەتی عێراق بەدواداچوونی بۆ ئەگەرەکان کردووە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: حکومەتی عێراق لێیکۆلیوەتەوە.
رووداو: راستە عێراق بیر لە چاپکردنی پارە دەکاتەوە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: بۆچی چاپ بکات؟ سیولە نییە. وابزانم 104 تریلیۆن دیناری چاپکراو هەیە. کێشەی نەختینەیی لە عێراق ئەوەیە خەڵک پارە لە ماڵ دادەنێت، نایخاتە بانکەوە. بەشێکی فەرهەنگە، بەشێکیشی پەیوەندی بە دۆخی ئەمنییەوە هەیە. تۆ دۆخی ئاسایش خراپ بێ، پارە لە بانک دانانێی و لە ماڵەوە دایدەنێی بۆ ئەوەی ئەگەر شتێک بقەومێ، هیچ نەبێ خۆت و ماڵ و منداڵت پارەت پێ بێت. بەشێک فەرهەنگە، بەڵام بەشێکیشی پەیوەندی بە بانکەکانەوە هەیە. خەڵک متمانەی بە بانک نییە. هەندێک جار پارە لە بانک دادەنێیت و دەچی پارەکە وەربگری، یان ناتداتەوە یان بەشێکت دەداتەوە. ئێ هاووڵاتی بۆ پارە دابنێت؟ ئەمە کێشەی دروستکردووە و سیولە نییە. پارە هەیە، بەڵام نایێتەوە نێو ئابوورییەکە. سیولەش نەیێتەوە نێو ئابووری، ون دەبێت. ئەم کێشەیە دەبێت چارەسەر بکرێت. پێش ئەم شەڕە زۆر باسمان لە چارەسەرکردنی کێشەی نەختینەیی کرد و چۆن لە ماڵەکانەوە دەریبێنینەوە. کۆمەڵێک رێوشوێنی ئابووری هەیە، بۆ نموونە دراوەکە بگۆڕین. بۆ نموونە، لە هیند ئەوە کرا و دوای هەفتەیەک خەڵک هەموو دراوەکانیان هێنا بۆ گۆڕینەوە بە دراوی نوێ، هەندێک دەوڵەتیش رێژەی سوو زیاد دەکەن. بۆ نموونە تورکیا هەندێکجار گەیاندییە 50٪ و 60٪ و خەڵک پارەکانیان بردە بانک و بە شەش مانگ پارەکانیان دوو هێندە زیادی کرد. هەندێک باسیان لەوەکرد کە چەند سفرێک لەسەر دینار لابدەین کە ئەوەش هەر گۆڕینی دراوە، لەنێو حکومەتدا ئەو بابەتانە هەمووی گفتوگۆی لەسەر کرا، بەڵام ئەنجامێکی لێنەکەوتەوە و جەنگ روویدا. بزانین دوای شەڕ چی لێدێت.
رووداو: دۆخی ئابووریی عێراق خراپە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: نا، لە هەموو جەنگێک کە نزیکی هەر وڵاتێک بێت، کاریگەریی لەسەر ئەو وڵاتەش دەبێت. دۆخی عێراق بە جۆرێکی لێهاتووە ناتوانێت نەوت هەناردە بکات و ئەوەش کێشە گەورەکەیە.
رووداو: داهاتیشی هەمووی لەسەر نەوتە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: 88٪ تاوەکو 90٪ـی داهاتی بودجەی عێراق نەوتە و ئەوی دیکەی نانەوتییە. لەگەڵ ئەوەش، ئێمە نزیکەی یەک ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پاڵاوگەکان بەرهەم دەهێنین بۆ پاڵاوگەکان و ئەوانیش دەیفرۆشن، واتە دەیکەنە بەنزین و سووتەمەنی و دەفرۆشرێ. کێشەمان نەوتە رەشەکەیە کە لە پاڵاوگەکان دەردەچێ کە چی لێ بکەین، چونکە فڕێی بدەیت باش نییە و و هەناردەکردنیشی دەبێت رێگەی بۆ بدۆزرێتەوە. 250 هەزار بەرمیلەکەی نێردراو لە رێگەی بۆری کوردستانەوە دەستی پێکرد و کوردستانیش بۆی زیاد بکات، ئەوە زۆر باشە. هەربۆیە کۆمەڵێک داهات دێتەوە بۆ عێراق و ئێستا نرخەکەی بەرزە، وەک باسم کرد.
رووداو: هەولێر و بەغدا لەسەر سیستمی گومرگ رێک دەکەون؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: نازانم، بەڵام پرسی نەوت چارەسەر بوو، ئەوە کێشەیەکی گەورەی دروستکرد لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادا.
رووداو: ئەوەی کە نەڕۆیشت و دوایی گفتوگۆ کرا؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: ئاخر کێشەکە چی بوو؟ (هەناردەی) نەوت بەو سیستەمەوە گرێدرا. خۆی کوردستان لەژێر گوشاردایە لە بابەتی ئەو سیستمە و گومرگ و باج، بەڵام گرێدانی بە نەوت، بە بۆچوونی من، دروست نەبوو. لە کۆتاییدا حکومەتی کوردستان رازیبوو کە نەوت بڕوات و بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا گەیشتنە ئەو ئەنجامە کە ئەنجامێکی باش بوو و هەردوولا رازی بوون بە ناردنی نەوتەکە لە رێگەی بۆرییەکەی کوردستان، چونکە ئەوە نەوتی کەرکووکە و لە 2014 دیسان وای لێهات کە بەشێکی زۆری بۆری نەوتەکە لە بێجی و مووسڵ کەوتە دەستی داعش. ئەمە بۆ مێژوو دەڵێم، لەبیرمە کە لە 2014 عەبادی تازە ببووە سەرۆکوەزیران و داوای لێکردم لەگەڵیدا بچم بۆ نیویۆرک بۆ کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان. لەوێ سەرۆک ئۆبامامان بینی. عەبادی لە دانیشتنێکی تایبەتدا گوتی کارێکم پێتە. ئەمە دوای مانگێک بوو کە ببووە سەرۆکوەزیران. راوێژکارێک لەوێ دانیشتبوو و باڵیۆزی عێراقیش لە واشنتن هاتبوو بۆ نیویۆرک و لەوێ دانیشتبوو. عەبادی گوتی، "ئیشم پێتە" و منیش گوتم: چییە؟ گوتی بۆری نەوتی کەرکووک ببەسترێتەوە بە بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە. گوتم "چی دەڵێی؟" و، عەبادیش دوو جار تاوەکو سێ جار دووبارەی کردەوە. ئەو راوێژکارەی لەوێ دانیشتبوو، گوتی، "بابە گوێی لێیە، بەڵام حەز دەکات تۆ دووبارە و سێ بارەی بکەیتەوە". ئەوکاتە پێکەوە بەسترایەوە.
رووداو: داواکارییەکەت پێ سەیر بوو کە دەتگوت دووبارەی بکەوە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: دەزانی، پرسی گرێدانی نەوتی کەرکووک و هەرێمی کوردستان هەمیشە لە بەغدا بەرهەڵستی کراوە. ئەوە مەفهوومێکی هەیە، بەڵام کە عەبادی ئەوەی گوت، پێم سەیر بوو. عەبادی لەگەڵ من گفتوگۆی کرد. ئەوەبوو نزیکەی 100 تاوەکو 120 و وابزانم گەیشتە 130 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک دەچووە ناو ئەم بۆریەی ئێستا و لەگەڵ نەوتی کوردستاندا دەگەیشتنە نزیکەی 500 هەزار بەرمیل. ئەوە تاوەکو 2017 وابوو کە دۆخەکە تێکچوو، ئیدی ئەوە نەما. واتە ناردنی نەوتی کەرکووک لە رێگەی ئەم بۆرییەوە مێژووی هەیە. من باسی ئەوە بۆرییە ناکەم کە کەوتە دەستی داعش. ئێستاش کە نەوت رەوانە نەکرا، حەق بوو ئەوەمان قبووڵ بکردایە.
رووداو: مەبەستت هەرێمی کوردستانە؟
وەزیری دەرەوەی عێراق: بەڵێ، دروستیش بوو کە دوایی قبووڵکرا. ئەوە لە بەرژەوەندی هەردوولادا بوو و دەبووایە بەوجۆرەش بووایە، زەرەریش نەبوو بۆ کەس. ئەمریکییەکانیش لەسەر خەت بوون لەگەڵمان و ئەوانیش داوادەکەن نەوت بچێتە بازاڕ تاوەکو کەمێک هەرزان بێت. تورکیاش لەسەر خەت بوو. سوپاس بۆ خودا چارەسەر بوو، ئەگینا کێشەیەکی گەورە دروست دەبوو، بەڵام پرسی گومرگیش دەبێت چارەسەر بکرێ و پێویستی بە دانیشتنە. لەبەرئەوە، ئەمانە جودان و پێکەوە گرێیان نەدەین.
رووداو: زۆر زۆر سوپاس دەکەم کاک دکتۆر، بەڕێز دکتۆر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق. زۆر سوپاس جارێکی دیکە لەگەڵمان بوویت.
وەزیری دەرەوەی عێراق: زۆر زۆر سوپاس بۆ ئێوەش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ