رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری بەرگریی سووریا، هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر بنکەی "خراب جیر" لە گوندەواری دێرک سەرکۆنە دەکات و حکومەتی عێراق بە "بەرپرسیاری راستەوخۆ" دەزانێت.
شەوی دووشەممە، 23-3-2026، سیپان حەمۆ، جێگری وەزیری بەرگریی سووریا بۆ ناوچەی رۆژهەڵات، لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە کرایە سەر بنکەی "خراب جیر" و رایگەیاند: "ئەم هێرشە لە رێگەی چەند مووشەکێکەوە بووە کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستە کراون."
سیپان حەمۆ رەخنەی تووندی ئاراستەی بەغدا کرد و گوتی: "ئێمە دەسەڵاتدارانی عێراق بە بەرپرسیاری تەواو و راستەوخۆی ئەم کارە دەزانین، چونکە نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی خاکەکەیان بکەن و رێگری بکەن لە بەکارهێنانی بۆ هێرش کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەلامەتیی خاکمان دەکات."
جێگری وەزیری بەرگری ئاماژەی بەوەش کرد کە هێرشەکە تەنیا زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە و هیچ زیانێکی گیانی لەنێو هێزە سەربازییەکاندا نەبووە. داواشی لە عێراق کرد بە "دەستبەجێ" بەرپرسیارێتییەکانی هەڵبگرێت و رێکاری تووند بگرێتەبەر بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم پێشێلکارییانە.
ئێوارەی دووشەممە سەرچاوەیەک لە قامشلۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگی 4 تاوەکو 6 تەقینەوە لە دەوروبەری بنکەی "خراب ئەلجیر" لە گوندەواری دێرک بیستراوە. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە "هێرشەکە لە رێگەی درۆنەوە بووە و بەر لەوەی بگاتە ئامانجەکەی، تێکشکێندراوە."
بنکەی "خراب ئەلجیر" پێشتر لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بەکاردەهات، بەڵام ئێستا هیچ سەربازێکی ئەمریکی لێ نییە و تەنیا هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان و هێزی ئەمنی گشتیی سەر بە حکومەتی سووریا تێیدا جێگیرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ