رووداو دیجیتاڵ
کەسێک لە کەرکووک بەهۆى تاى خوێنبەربوون گیانى لەدەستدا و کەسێکى دیکەش وەک تووشبوو تۆمار کرا.
چوارشەممە، 23ى نیسانى 2025، سامان یابە، گوتەبێژى تەندروستیى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەمڕۆ هاووڵاتییەکى تەمەن 52 ساڵان، کە گۆشتفرۆش بووە بەهۆى تاى خوێنبەربوونەوە گیانى لەدەستداوە."
ئەوە سێیەم کەسە لەو شارە لە سەرەتاى ئەم ساڵەوە بەهۆى تاى خوێنبەربوون گیانى لەدەستدابێت.
سامان یابە رایگەیاند: "پشکنینى ژنێکى دیکە گەڕایەوە، کە تووشبووى تاى خوێنبەربوونە و تەمەنى 37 ساڵە و پەرستارە، ئێستا لە ژێر چاودێریی تەندروستی دایە."
بەپێی ئاماری تەندروستیی کەرکووک، تائێستا شەش تووشبووی تای خوێنبەربوون لە کەرکووک تۆمار کراون، سێیان گیانیان لە دەستداوە، دووانیان لە نەخۆشخانەن و یەکێکیشیان چاکبووەتەوە.
بە گوێرەى ئامارێکى وەزارەتى تەندروستیى عێراق، کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە، ژمارەى تووشبوان بە تاى خوێنبەربوون لە سەرەتاى ئەم ساڵەوە گەیشتووەتە 22 کەس، کە سیانیان گیانیان لە دەستداوە.
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، هەندێکجار دەبێتە هۆى مردنى تووشبووەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ