لویس ساکۆ: هەرێمی کوردستان خاوەن سیستمێکی مەدەنییە نەک ئایینی و تائیفی

23-04-2025
مالیک محەممەد
کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان
کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان دەڵێت، بەڕێوەچوونی چالاکییەکانی 'نزای نیشتمانی' یەکێکە لە ئەزموونەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پتەوکردنی پێکەوەژیان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی نیسان، کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە دوای چالاکییەکانی "رۆژی نزای نیشتمانی" لە هەولێر بە هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "بەڕاستی ئەم چالاکییە دەستپێشخەرییەکی جوان بوو، چونکە هەموو پێکهاتە عێراقی و بیانییەکانی کۆکردەوە، ئەمە پێویستە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان و پێکەوەژیان پتەوتر بکرێن، خەڵکی لێرەدا هەست بە ئازادی و ئاسایش دەکەن."
 
لویس ساکۆ گوتیشی: "ئەمە یەکەم ئەزموون نییە، ئەزموونی دیکەش هەبوون، هەرێمی کوردستان خاوەن سیستمێکی مەدەنییە، نەک ئایینی یان تائیفی و پشکگەرایی."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی نیسانی 2025، لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، چالاکییەکانی "رۆژی نزای نیشتمانی" بە درووشمی "بەرەو یەکبوون لە باوەڕدایە" دەستیانپێکرد.
 
رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و بەشداری نزیکەی 600 سەرکردە و بەرپرسی باڵای هەرێمی کوردستان و وڵاتان دەستی پێکرد.
 
دەقی پرسیار و وەڵامی پەیامنێری رووداو و لویس ساکۆ:
 
رووداو: بۆچوونتان لەسەر نزای نیشتمانی چییە؟
 
لویس ساکۆ: دەستپێشخەرییەکی زۆر جوان و ناوازە بوو، چونکە سەرجەم پێکهاتەکانی عێراقی و بیانی کۆکردەوە، ئەمە پێویستە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان و پێکەوەژیان پتەوتر بکات. خەڵکی لێرەدا هەست بە ئازادی و ئاسایش دەکەن لێرەدا، ئەمە زۆر گرنگە، ئەمە یەکەمین ئەزموون نییە و ئەزموونی دیکەش هەبوون، هەرێمی کوردستان سیستمێکی مەدەنییە، نەک ئایینی یان تائیفی و پشکگەرایی، کە ئەمەش زۆر ئەرێنییە.
 
رووداو: ئەمڕۆ لە هەموو جیهانەوە، هەموو پێکهاتەکانی لە جیهانەوە میوانداری کران، بۆچوونتان چییە لەسەر ئەوە؟
 
لویس ساکۆ: لە کۆتاییدا هەموومان مرۆڤین و لە کەرامەتی مرۆڤیی بەشدارین، ناکرێت ئایین جیاوازیمان لە نێواندا دروست بکات، ئێمە رۆڵەی ئەم خاکەین و دەبێت بە دڵخۆشی و بە ئاشتییەوە بژین، وەکو خوشک و برا، بەبێ ئەوەی بەربەست هەبێت، با بەس بێت بەربەستەکان.
 
رووداو: نزاکەتان چیبوو ئەمڕۆ؟
 
لویس ساکۆ: پشت بەخوا ئاشتی و سەقامگیری بۆ وڵات و ناوچەکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە