رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە، سوپای عێراق لە دەوروبەری کەمپی مەخموور دەستی بە لێدانی خەندەق کرد. قایمقامی شارەکەش دەڵێت، دوای لێدانی خەندەق لە چواردەوری کەمپەکە؛ بڕیارە تاوەری چاودێریی دابنرێت.
رزگار محەممەد، قایمقامی قەزای مەخموور رۆژی سێشەممە، 23-05-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممەوە سوپای عێراق دەستی بە لێدانی خەندەق کردووە و گوتی، "ئەو بڕیارە هیچ پەیوەندییەکی بە قایمقامییەتی مەخموورەوە نییە، بەڵکو بڕیارێکە لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە دەرچووە کە دەبێت ئەو کەمپە بگەڕێتەوە ژێر کۆنترۆڵی عێراق و ئاڵای عێراقی تێدا هەڵبکرێت؛ بۆیە پڕۆسەی لێدانی خەندەقەکە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەواوە جێبەجێ دەکرێت".
رۆژی، 20-05-2023، شاندێکی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی عێراق سەردانی کەمپی مەخمووریان کرد و چوار پێشنیازیان دایە بەرپرسانی کامپەکە.
رەشاد گەڵاڵی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 20ـی رێکخستنی قەرەچووخی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژی 20-05-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کەمپی مەخموور لە لایەن سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە گەمارۆ نەدراوە و گوتیشی، شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، سوپای عێراق و پۆلیسی مەخموور سەردانی کەمپەکەیان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو کەمپە کۆبوونەوە.
رەشاد گەڵاڵی گوتی، شاندەکە چوار داواکارییان بۆ بەرپرسانی کامپەکە پێشنیاز کردووە. یەکەم، کەمپەکە سیم بکرێت و حکومەتی عێراق لە رێگەی سوپا و پۆلیسەوە پاسەوانی بکات؛ دووەم: کۆنکرێت لە سەر رێگە و بەردەم کەمپەکە دابنرێت؛ سێیەم: پۆلیسی خۆجێیی بگەڕێتەوە نێو کەمپەکە؛ چوارەم: یەک رێگە بۆ هاتووچۆی دانیشتووانی کامپەکە هەبێت.
کەمپی مەخموور تایبەتە بە هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان و لە ساڵی 1998ـەوە لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور دروستکراوە.
بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی مەخموور، نزیکەی 10 هەزار کەس لە کەمپەکەدا نیشتەجێن. تورکیا دەڵێت ئەو کەمپە بووەتە شوێنی پێگەیاندنی ئەندامانی پەکەکە و تاوەکو ئێستا چەند جارێک بۆردوومانی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ