رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە دوای دانیشتنەکەی دوێنێ دووشەممەی پەرلەمانی کوردستان، "چەندین لێدوان و هەڵسوکەوتی ناشیرین و دوور لە رەوشتی پەرلەمانتاری" لە لایەن بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمان لە فرکسیۆنی یەکێتی لەسەری دەکرێن. دەشڵێت، مونا قەهوەچی "ئەرکێکی تەواو یاسایی جێبەجێکردووە."
بەهۆی زیادکردنی بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی دوێنێ دووشەممە 22ـی ئایاری 2023ـی پەرلەمانی کوردستان بێ رەزامەندیی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی دروست بوو.
فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، لەنێو هۆڵی پەرلەمان و بە دەنگی 58 ئەندام پەرلەمان کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کاراکرایەوە؛ فراکسیۆنی یەکێتیش ئەوەیان رەتکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، رێگرییان لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمان کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 23-05-2023، نووسینگەی مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لەدوای بەڕێوەچوونی دوایین دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، چەندین لێدوان و هەڵسوکەوتی ناشیرین و دوور لە ئەتەکێت و رەوشتی پەرلەمانتاری لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمان لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەرامبەر بەڕێز سکرتێری پەرلەمان ئەنجامدراوە."
نووسینگەی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان لە روونکردنەوەکەیدا دەشڵێت، مونا قەهوەچی "لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئەرکێکی تەواو یاسایی و پەیڕەوی ئەنجام داوە، لەپێناو پاراستنی دامەزراوە دەستورییەکان و پاراستنی هەرێمی کوردستان لە چوونە ناو بۆشایی یاسایی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە کاتی یاسایی خۆییدا، هاوڕا بووە بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن."
وەکو لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، بەهۆی ئەو هەڵوێستەی سکرتێری پەرلەمانی کوردستانەوە، "ژمارەیەکی کەم" لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی لێدوان و هێرشیان کردووەتە سەری و دەشڵێت، "هیچ بەهایەکیان لای سکرتێری پەرلەمان نییە و هیچ کاتێک نابنە لەمپەر لەبەردەم پابەندبوون بە یاسا بەرکارەکان و پاراستنی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ