رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شازدە سۆفی، ئەندامی خێزانی شاهانەی بەریتانیا دوای سەردانیکردنی بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سوودانی، گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
شازادە سۆفی هێلن هاوژینی شازدە ئیدوارد، فەرمانڕەوای دووقنشینی ئێدنبەرە و برای شا چارڵزی بەریتانیایە.
سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا کە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، مەسرور بارزانی "ئاماژەی بە پەیوەندیی دۆستانە و تایبەتی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرد و سوپاسی بەردەوامیی هاریکاریی بەریتانیای لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە رووبەڕوونەوەی تیرۆر کرد."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، شازادە سۆفی "کورتەیەکی لەبارەی کار و چالاکییەکانی و ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو کە برەودانە بە پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و منداڵان و نەهێشتنی تووندوتیژی بەرامبەریان، بەتایبەتی لەو ناوچانەی دووچاری شەڕ و نائارامی بوونەتەوە، لەوانە ئافرەتان و منداڵانی ئێزدی قوربانییانی دەستی تیرۆریستانی داعش".
نووسینگەی سەرۆکوەزیران دەڵێت، "سەرۆکی حکومەت پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە پەرەپێدانی بنەماکانی یەکسانیی جێندەری و رووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە تووندوتیژی و جیاکارییەك دژی ئافرەتان دووپاتکردەوە"؛ هەروەها دۆخی "بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و باشکردنی کواڵیتیی خوێندن و دەستەبەرکردنی خوێندن بۆ ئافرەتان و منداڵان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو،" ئەمە وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە.
بەیانی رۆژی سێشەممە، 23ی ئایار 2023، براژنی شای بەریتانیا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و بەریتانیایان تاوتوێکردووە.
سوودانی هاوکات پیرۆزبایی خۆی شا چارڵزی سێیەمی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا کرد بە بۆنەی تاج لەسەرنانی.
کورتەیەک لە بارەی سۆفی هێلن:
- ناوی تەواوی سۆفی هێلن جۆنزە
- 20ی کانوونی دووەمی 1965 لە ئۆکسفۆرد لەدایکبووە، واتە تەمەنی 58 ساڵە
- براژنی شا چارڵزی سێیەمە؛ هاوژینی شازادە ئیدواردە
- شابانووی ئێدنبەرەیە
- کوڕێک و کچێکی هەیە
- بازرگانی و پەیوەندییە گشتییەکانی لە کۆلێژی وێست کێنت خوێندووە
- دواتر لە پەیوەندییە گشتییەکاندا دەستی بە کارکردن کرد و نوێنەرایەتیی چەندین کۆمپانیا و دامەزراوەی لە بەریتانیا، سویسرا و ئوسترالیا کرد.
- ساڵی 1996 ئاژانسێکی تایبەت بە خۆی دامەزراند
- دوای ئەوەی کە ژیانی هاوژینی لەگەڵ شازادە ئیدوارد پێکهێنا، ژمارەیەک ئەرکی شاهانەی لە ئەستۆگرت.
- ئێستا سەرپەرشتیی زیاتر لە 100 رێکخراوی خێرخوازی دەکات.
- داکۆکی لە ژینگە و مافەکانی مرۆڤ دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ