باوکی عومەر شایان بۆ کارمەندانی رووداو: لە هەر شوێنێک بتانبینم، وا دەزانم کوڕەکەی خۆم بینیوە

23-05-2025
پەیمان محەممەد
وێنەیەکی عومەر شایانی کۆچکردوو و ئەحمەد شایانی باوکی
وێنەیەکی عومەر شایانی کۆچکردوو و ئەحمەد شایانی باوکی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

عومەر شایان، بەرپرسی رووداو ستریم بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستدا؛ باوکی دەڵێت، "لە هەر شوێنێک هاوکارەکانی ببینم، وا دەزانم عومەرم بینیوە." گوتیشی، "منداڵێکی 10 مانگانەی هەیە و بە وشەی بابە فێری قسە کردن بووە."
 
دوای ماوەیەکی زۆر مانەوە لەژێر چارەسەریدا، کاژێر 12:00ی ئەمڕۆ هەینی 23ی ئایاری 2025؛ عومەر شایان، بەرپرسی رووداو ستریم لە نەخۆشخانەی (کەوسەر)ی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دواییکرد.
 
ئەحمەد شایانی باوکی لە نەخۆشخانە بە بەختیار قادر، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی بۆ سنە راگەیاند، "عومەر منداڵی گەورەم بوو، بەهۆی گرێیەک کە لە مێشکیدا بوو، دوو جار نەشتەرگەریی بۆ کرا، بەڵام پزیشکەکە پێی راگەیاندین هەرچەند جاری دیکەیش نەشتەرگەریی بۆ بکرێت، دووبارە نەخۆشییەکەی سەرهەڵدەداتەوە."
 
باوکی عومەر شایان باسی کارکردنی کوڕەکەی لە تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، "عومەر لەو رۆژەوە کە چووەتە رووداو، باسی چاکەی رووداو و کارمەندانی بۆ ئێمە کردووە، ئەوەندە بیرەوەریی خۆشی گێڕاوەتەوە کە هەر کاتێک لە هەر شوێنێکدا ئێوە ببینم، وا دەزانم عومەرم بینیوە."
 
دوو جار نەشتەرگەریی مێشک بۆ عومەر کرا. باوکی ئاماژەی بەوە کرد، "لەدوای نەشتەرگەریی یەکەم ماوەیەک دۆخی باش بوو، گەڕایەوە سەر کارەکەی لە رووداو، گوتمان سوپاس بۆ خودا رزگاری بووە، بەڵام دواتر دووبارە تەندروستیی تێکچوو و ئێش و ئازاری سەری گەڕایەوە، بۆیە دووبارە بردمانەوە تاران و پزیشک گوتی گرێی (شێرپەنجە) مێشکی هەیە."
 
عومەر شایان لە 05-02-1983 لە بنەماڵەیەکی ئایینی لە مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، خێزاندارە و کچێکی تەمەن 10 مانگی هەیە بەناوی دیلا. بە گوتەی ئەحمەد شایان، لەم دواییانەدا دیلا بە وشەی "بابە" فێری قسەکردن بووە.
 
تەرمی عومەر شایان لە گۆڕستانی "بەهەشتی مستەفا"ی مەریوان بەخاکدەسپێردرێت و پرسەکەشی لە مزگەوتی قوبای شارەکە بەڕێوەدەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زەویی جووتیارانی کورد لە سنووری مادەی 140

هادی عامری بڕیارێکی لە بارەی زەویی جووتیارانی کورد لە خورماتوو دەرکرد

وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق بەڕێوەبەرایەتیەکانى لە کەرکووک و دیالەو سەلاحەدین ئاگادار دەکاتەوە کە گرێبەستى کشتوکاڵى بۆ ئەو زەوییانە نوێ نەکەنەوە، کە یاسای گەڕانەوەى موڵک و ماڵ دەیانگرێتەوە، سەرۆکى لیژنەى مادەى 140یش بە نووسراوێک ئەو وەزارەتە ئاگادار دەکاتەوە کە خورماتوو دەکەوێتە سنوورى مادەى 140 و زەوییەکانى بە بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیی شۆڕش بەناو کراون.