رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نێوخۆی تورکیا گیانلەدەستدانی دوو گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی هێزەکانی جەندرمە لە شرنەخی باکووری کوردستان راگەیاند، بەڵام هەپەگە تائێستا پشتڕاستی نەکردووەتەوە.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 22ی حوزەیرانی 2023، عەلی یەرلیکایا، وەزیری نێوخۆی تورکیا، لە هەژماری خۆی لە تویتەردا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی ساتی بەئامانجکردنی دوو گەریلای لەلایەن فرۆکە بێفڕۆکەوانەکانی فەرماندەی هێزەکانی جەندرمە بڵاوکردەوە.
عەلی یەرلیکایا لە تویتەکەیدا نووسیوویەتی: "لە ئەنجامی چالاکییەکی هەواڵگری فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمەی پارێزگای وان، بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ هێزەکانی ئاسمانی جەندرمەی شرنەخ، توانرا لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە دوو تیرۆریستی رێکخراوی جوداخواز بە چەکەکانیانەوە بکرێنە ئامانج. خەباتمان تا لەناوبردنی دوایین تیرۆریست، بەردەوام دەبێت".
رۆژی 28ی نیسانی 2023، ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کوژرانی پێنج سەربازی تورکیا لە پێکدادانێکیان لە دژی هێزەکانی جەندرمە لە بەرزاییەکانی نزیک لە شارۆچکی نسێبین سەر بە پارێزگای مێردین بڵاوکردەوە. وەزارەتی ناوخۆی تورکیاش کوژرانی سێ سەربازی راگەیاندبوو.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ساڵانە "ستراتیژییەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" دادەڕێژێت و بەئۆپەراسیۆنە وەرزییەکان ناوی دەبات. دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکانی زستانە بەناوی زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەرەن کە بە 34 قۆناخدا تێپەڕی، ئەمجارە زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی بەهار و هاوینە، دژ بە گەریلاکانی پەکەکە دەستیپێکرد. رۆژی 17ی نیسانی 2022 قۆناخی یەکەمی زنجیرە ئۆپەراسیۆنی بەهار و هاوینە بەناوی ئابڵوقە، لە ئامەدی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو.
رۆژی 2ی تشرینی یەکەمی 2022، ئۆپەراسیۆنی ئابڵوقە زستان-1، لە سنووری پارێزگای شرنەخ لە باکووری کوردستان بە بەشداری هەزار و 600 سەرباز بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە ئەنجامی زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی ناوخۆ کە لە باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، 121 گەریلا گیانیان لەدەستداوە و دەست بەسەر 589 حەشارگە و ئەشکەوت و جبەخانەدا گیراوە. لە بەرامبەردا 23 سەرباز کوژراون. هەپەگە-ش لەم ئۆپەراسیۆنانەدا کوژرانی 49 سەرباز و گیان لەدەستدانی 25 گەریلای راگەیاندووە.
دوای شکستهێنانی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015دا، شەڕی کۆڵان بەکۆڵان لە نێوان سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان روویدا و تا نیسانی 2016ی خایاند. لەم قۆناخە بەدواوە و لە سەرەتای ساڵی 2017ـەوە ژووری ئۆپهراسیۆنهكانی وهزارهتی ناوخۆی توركیا پێنج جۆر زنجیرە ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و سەربازیی لە باکووری کوردستان بەناوەکانی "شکێنەر، تەڵە، هەورە برووسکە، باگۆک، ئەرەن و ئابڵوقە" لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان و دوورەدەستەکان لە باکووری کوردستان راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ