مۆڵەتی چەک بە کێ دەدرێت و لە نەبوونی مۆڵەتدا سزای هەڵگری چەک چییە؟

24-06-2023
سۆران حوسێن
کارمەندێکی ئاسایشی هەولێر لە هەڵمەتێکی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەتدا. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
کارمەندێکی ئاسایشی هەولێر لە هەڵمەتێکی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەتدا. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، 22ـی تەممووز دوایین رۆژ دەبێت بۆ پێدانی مۆڵەتی چەک و تاوەکو ئەو کاتە هەر کەس مۆڵەت وەرنەگرێت، بەگوێرەی یاسای چەک لە هەرێمی کوردستان سزا دەدرێت.
 
1ـی ئاداری 2023، پەرلەمانی کوردستان یاسای چەکی پەسند کرد و تێیدا ماف بە چەند کەسانێک دەدرێت مۆڵەتی چەک وەربگرن؛ هەروەها چەند کەسێکیشی دیاری کردووە بێ مۆڵەتی چەک دەتوانن چەک بەکاربهێنن.
 
ئەو کەسانەی دەتوانن مۆڵەتی چەک وەربگرن؛ هەموو هاونیشتمانییەک دەتوانێت مۆڵەتی چەک وەربگرێت، بە مەرجێک ئەو خاڵانەی تێدابێت کە یاسای چەک ئاماژەی پێکردووە و ئەمانەی خوارەوەن:
 
- دانیشتووی هەرێمی کوردستان بێت.
- تەمەنی لە 21 ساڵ کەمتر نەبێت.
- رەفتار و ناوبانگی باش بێت.
- بە تاوانی ناسیاسی یان کەتنێکی ئابڕوبەر سزا نەدرا بێت.
- لە رووی عەقڵی و جەستەییەوە شیاو بێت.
- لە رووی تەکنیکییەوە بۆ هەڵگرتنی چەک شیاو بێت کە بە تاقیکردنەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.
- چەکەکەی بەشێوەی رەوا بەدەستخستبێت و بۆ هەبوونی پاساوێکی رەوای هەبێت.
 
مۆڵەتی چەک لە هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆدایە یان کەسانێک وەزیر رایانسپێرێت.
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان 90 بنکەی بۆ تۆمارکردنی چەک لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە؛ کەسێک خاوەنی چەک بێت، دەبێت لە بنکەی پۆلیسی سنوورەکەی تۆماری بکات؛ هاونیشتمانییەکە دەتوانێت چەکەکەشی لەگەڵ خۆی نەبات و تەنیا ژمارەی چەکەکەی ببات بۆ تۆمارکردن.
 
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، هەرکەسێک تاوەکو 22ـی تەممووزی ئەمساڵ مۆڵەت بۆ چەکەکەی وەرنەگرێت، بەگوێرەی یاسای چەک مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
 
بەگوێرەی یاسای چەک، ئەو کەسەی مۆڵەتی چەکێک وەربگرێت، تەنیا خۆی مافی هەیە چەکەکە بەکاربهێنێت؛ مۆڵەتی چەکی ئاساییش بۆ یەک ساڵە، هەندێک جۆری تایبەت بۆ دوو ساڵە.
 
سزای هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت
 
بەگوێرەی یاسای چەک، سزای هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت بریتییە لە بەندکردن بە ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت؛ هەروەها پێ بژاردنێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 5 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
 
چەکی هێزە چەکدارەکان
 
بەگوێرەی یاسای چەک، دەبێت کارمەندانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و پێشمەرگە لە دوای کۆتاییهاتنی ئەرکیان چەکەکان لە شوێنی کار هەڵبگرن. 
 
ئەو کەسانەی بەبێ مۆڵەت دەتوانن چەک هەڵبگرن
 
بەگوێرەی یاسی چەک لە هەرێمی کوردستان، چەند کەسێک دەتوانن بێ مۆڵەت چەک هەڵبگرن کە ئەمانەی خوارەوەن:
 
- سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگرەکانی.
- سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و جێگرەکانی.
- سکرتێری پەرلەمان و پەرلەمانتاران.
- سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگرەکەی.
- وەزیرەکان و ئەوانەی لە پلەی ئەواندان.
- سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری و دادوەران.
- ئەندامانی داواکاری گشتی و لێکۆڵەرە دادوەرییەکان.
- ئەندامانی هەردوو نێردەی دیپلۆماسی و کۆنسوڵگەرییەکان.
- فەرمانبەرانی پلە تایبەت و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان.
 
هاوردە و هەناردەکردنی چەک
 
بەگوێرەی یاسای چەک، هاوردەکردن و هەناردەکردنی چەک تەنیا لە دەسەڵاتی وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەویش بەگوێرەی پێداویستی دەزگاکانیان، بەپێچەوانەوە قەدەخەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

   دیناری عێراقی جۆری 25 هەزاری.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: لیستی مووچەی مانگی 12 رادەستی بەغدا کرا

لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.