وەزارەتی بازرگانی: هەفتەی داهاتوو نرخی فرۆشتنی گەنمی جووتیاران بە کۆمپانیاکان دیاری دەکەین

23-06-2023
هیدایەت جان
جووتیارێک سەیری بەرهەمی گەنمی دەکات. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
جووتیارێک سەیری بەرهەمی گەنمی دەکات. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی عێراق کردووە هەموو گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "پلانی دیکەمان ئەوەیە کە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کۆدەبینەوە بۆ دیاریکردنی نرخێک بۆ ئەوەی جووتیاران گەنمەکانیان بەو کۆمپانیایانە بفرۆشن".
 
رۆژی هەینی، 23ـی حوزەیرانی 2023، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەشازیی هەرێمی کوردستان میوانی بوولتەنی کاژێر هەشتی رووداو بوو کە فوئاد رەحیم پێشکێشیکرد، رایگەیاند، "لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە هەوڵداین بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار بدات سەرجەم گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت".
 
دوێنێ لیژنەی بەبازاڕکردنی گەنمی عێراق لە بەغداوە سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. نەوزاد سێخ کامیل دەڵێت، "دوای ئەوەی لەگەڵیان کۆبووینەوە کۆنووسێکی هاوبەشمان ئامادەکرد کە تێیدا داوا کراوە ماوەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران درێژبکرێتەوە و بڕی ئەو گەنمەش کە لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت، زیاد بکرێت".
 
ئەگەر بەغدا بەو داواکارییە رازی نەبێت، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان باس لە پلانی جێگرەوە دەکات و دەڵێت، "هەفتەی داهاتوو لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای خۆشناو و قەیوان کۆدەبینەوە بۆ ئەوەی نرخێک بۆ گەنمی جووتیاران دیاری بکەین و ئەو کۆمپانیایانە گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکڕن".
 
نەوزاد شێخ کامیل دەشڵێت، "دەبێ نرخەکە زۆر کەمتر نەبێت لەو 850 هەزار دینارەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ تۆنێک گەنم دیاریکردووە و دوای دیاریکردنی نرخەکە، راپۆرتەکە دەنێرینەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێ بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدرێت".
 
ئەمساڵ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە سنووردارکراوە؛ لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 230 هەزار تۆن وەردەگیرێت؛ پشکی پارێزگای هەولێر 145 هەزار تۆن و دهۆکیش 125 هەزار تۆنە. حکومەتی عێراق هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرێت؛ جووتیاران نرخەکەیان پێ گونجاوە، بەڵام نیگەرانن لەوەی هەموو بڕە گەنمەکەیان لێ وەرناگیرێت.
 
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق لە رێگەی سایلۆکانەوە زیاتر لە 300 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت؛ لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن؛ لە سلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن.
 
ساڵی رابردوو بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، ئەمساڵ کە لە 27ـی ئایارەوە وەرگرتنی گەنم دەستیپێکردووە، بەرهەم زۆرە و بۆ وەرگرتنەکەی حکومەتی عێراق سنووری داناوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دابەشکردنی نەوتی ماڵان. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

سامانە سرووشتییەکان: 601 هەزار خێزان نەوتیان پێدراوە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 120 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر خەڵکدا دابەشکردووە. بەرپرسێکی نەوت و کانزاکان دەڵێت، ئەوەی دابەشکراوە بۆ ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری پارێزگاکان بووە و قۆناخی دواتر لە سەنتەری پارێزگاکان دابەش دەکرێت.