رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاندبوو کۆتایی ئەم مانگە کەمپی ئاشتی لە عەربەت دادەخرێت، بەڵام بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، ناتوانن لەو وادەیە دایبخەن، چونکە هێشتا ژمارەیەک خێزانی ئاوارەی تێدا ماوە.
دابان محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کەمپی ئاشتی 447 خێزانی ئاوارەی تێدا ماوە، زۆربەیان کوردانی ئێزدیی شنگال و عەرەبی سوننەی پارێزگای سەلاحەدینن."
بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت، "کۆتایی ئەم مانگە کەمپەکە داناخرێ، بەڵکو داخستنەکەی دەکەوێتە کۆتایی مانگی داهاتوو" دەشڵێت، پابەندین بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کە 30ـی مانگی داهاتووە.
هەر خێزانێکی ئاوارە کە بگەڕێتەوە چوار ملیۆن دینار، تەلەڤیزیۆن، تەباخ و بەفرگرێکی پێدەدەرێت، ماڵەکەشی بێبەرامبەر بۆ دەگوازرێتەوە. بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت دەڵێت: "ئەوە هاندانێکە تاوەکو ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان."
رۆژی 14-06-2024، عەلى جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، 30ـی ئەم مانگە دیاریکراوە بۆ داخستنى دوایین کەمپى ئاوارەکان لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى، ئەگەری هەیە بەر لەو وادەیەش سەرجەم خێزانەکان بگەڕێنەوە و کەمپەکە دابخرێت.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە هەرێمی کوردستاندا 23 کەمپ هەن.
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران 30ـی تەمموزی ئەمساڵی دیاریکردووە بۆ داخستنى سەرجەم کەمپى ئاوارەکان لە عێراقدا.
بەگوێرەى ئامارەکانى ئەو وەزارەتە، 24 هەزار خێزانى ئاوارە لە کەمپى ئاوارەکانى دهۆکن و چوار هەزار خێزانی ئاوارەش لە کەمپەکانی هەولێرن.
بە بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هەر خێزانێکی ئاوارە لە دوای 30ـی تەممووزەوە بگەڕێتەوە زێدی خۆی، لە پێدانی هاوکارییەکان بێبەش دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ