رووداو دیجیتاڵ
دوای گشتاندنێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ رێگری لە مامۆستایانی زانکۆ حکومییەکان کە لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان وانە بڵێنەوە، دادگە و ئەنجوومەنی شوورا لە بەرژەوەندیی مامۆستایان بڕیارێکیان دەرکرد.
لە 05-09-2024، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، گشتاندنێکی بە ژمارە 17392 دەرکرد و تێیدا رایگەیاند، نابێت مامۆستایانی زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان وانە بڵێنەوە.
د. هەڵمەت محەممەد، مامۆستای زانکۆ لە هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای بڕیارەکەی خوێندنی باڵا، من سکاڵام تۆمارکرد، دواجار سکاڵاکەم بردەوە و بڕیارەکەی وەزارەت هەڵوەشایەوە".
بە گوتەی د. هەڵمەت، گشتاندنەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی دژی بڕگەیەکی یاسای زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستانە، کە لە ساڵی 2013 دەرکراوە.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەڵێت: "لە دادگەی بەرزەفتکردنی فەرمانبەران سکاڵام تۆمار کرد و لە بەرژەوەندی من دادگەکە بڕیاریدا؛ دواتر وەزارەتی خوێندنی باڵا داوای پێداچوونەوەی کرد و لەوێش لە بەرژەوەندی داواکەی من بڕیار درا".
د. هەڵمەت محەممەد ئاماژەی بەوە کرد: "دواجار ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستانیش ئەنجامی دادگەکەی پەسند کرد و پشتیوانی کرد، بۆیە ئێستا بڕیارەکە هەڵوەشاوەتەوە و مامۆستایانی زانکۆ حکومییەکان دەتوانن لە زانکۆ تایبەتەکانیش وانە بڵێنەوە".
بەپێی قسەکانی هەڵمەت محەممەد بێت، بڕیارەکە لە بەرژەوەندی هەموو مامۆستایانە، لەبارەی هۆکاری قسەکەشییەوە گوتی: "بەهۆی بڕیارەکەی پێشووەوە زانکۆ تایبەتەکان مامۆستایان نەبوو، بەجۆرێک بوو لە دەرەوە مامۆستایان دەهێنا".
لەبارەی بڕیارەکەی دادگەوە، بەرپرسێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "راستە بڕیارەکە دەرکراوە و بەگوێرەی ئەنجوومەنی شوورا، لەمەودوا مامۆستایانی زانکۆ حکومییەکان لە دەرەوەی زانکۆکەشیان دەتوانن وانە بڵێنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ