رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی بەکرەجۆ دەنگۆی دەستبەسەرکردنی رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەو هەواڵانەی لەوبارەوە بڵاودەکرێنەوە دوورن لە راستییەوە. بەڕێوەبەری شارەوانیی راپەڕینیش دوای چەند کاژێرێک لە پرسیارکردن لێی، گەڕایەوە ماڵەوە.
شەوی رابردوو بەو جۆرە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە لوقمان تەرەماری، بەڕێوەبەری ناحیەی بەکرەجۆ لە سنووری سلێمانی بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی بە پێدانی 10 هەزار پارچەزەوی بە هێزەکانی دژەتیرۆر لە لایەن بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دەستگیرکراوە.
لوقمان تەرەماری لەو بارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بابەتی دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنم لە لایەن بافڵ تاڵەبانییەوە هیچ بنچینەیەکی راستی تێدا نییە. لە یەکەم رۆژی جەژنەوە پێشوازی لە میوان دەکەم".
بەڕێوەبەری ناحیەی بەکرەجۆ گوتیشی، ئەو کەسانەی ئەو هەواڵانە بڵاودەکەنەوە "تێکدەرن لەنێو یەکێتی و دەرەوەی یەکێتی و دەیانەوێت ئەم حیزبە ناشیرین بکەن، بەڵام یەکێتی زەریایەکە و کەس ناتوانێت ناوەکەی پیس بکات".
لەگەڵ دەنگۆی دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری ناحیەی بەکرەجۆ، دەنگۆی دەستبەسەرکردنی بەڕێوەبەری شارەوانیی راپەڕینیش بڵاوبووەوە. تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندی بە بەرپرسانی شارەوانیی سلێمانییەوە کرد، بەڵام ئاگاداری ئەوە نەبوون کە ئایا بەڕێوەبەری شارەوانیی راپەڕین دەستبەسەرکراوە یان نا و ژمارە پەیوەندیی خۆیشی داخراوبوو.
لەوبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هاوکار عەسکەری، بەڕێوەبەری شارەوانیی راپەڕین دوێنێ 22-7-2021 کاژێر 1ی دوای نیوەڕۆ بۆ پرسیارکردن لێی بانگیان کردووە و دوای هەندێک ڕێوشوێن بەرامبەری، کاژێر 9ی شەو گەڕاوەتەوە ماڵەوە".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەو شوێنە نەکرد کە هاوکار عەسکەری بۆی بانگکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ