رووداو دیجیتاڵ
لە حاجی ئۆمەران هەردوو شاندی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوونەوە.
پارێزگارانی هەولێر و ئازەربایجان واژۆی رێککەوتنێکی 20 خاڵییان کرد بۆ زیاتر و باشترکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کارئاسانی گەشتیارانی هەردوولا.
کردنەوەی دەروازەیەکی دیکەی نوێی سنووری لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران خاڵێکە لەنێو ئەو رێککەوتنە.
محەممەد سادق، پارێزگاری ئازەربایجان گوتی: بابەتی گرنگ کە لەنێوان ئێمە و شاندی هەرێمی کوردستان باس کرا، کردنەوەی دەروازەیەکی سنووری نوێ بوو لەنێوان هەرێم[ی کوردستان] و ئێران، ئەویش کردنەوەی دەروازەی کێلەشینە لە سیدەکان؛ رێککەوتین لە زووترین کاتدا بیکەینەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گوتی: ئەو رێککەوتنەی واژۆمان کرد لەگەڵ پارێزگار، بریتییە لە رێککەوتنێکی نوێی 20 خاڵی کە گوڕێکی دیکە بە هەموو رێککەوتنەکانی رابردوو دەدات. رێککەوتنەکانی رابردوو بوونە هۆی ئەوەی جووڵەی بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران - تەمەرجین 25% بەرەو پێشەوەببات. بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە هەردوولامان ئەو گرفتانەی رووبەڕووی بازرگانان و خەڵکی ئەو سنوورە دەبنەوە چارەسەر دەکەین.
ئەو دەروازە سنوورییەی ئەمڕۆ بڕیاری کردنەوەی درا لە سنوری قەزای سیدەکانە و ناوی دەروازەی کێلەشین دەبێت، بەوەش سۆران دەبێتە خاوەن سێیەمین دەروازە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بە رووداوی گوت: هەنگاوەکانمان دەستپێکردووە، دەستمان بە رێگەوبانەکان کردووە. کار لەسەر رێکارەکانی دیکەی کردنەوەی دەروازەکە دەکەین، ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی پێویستن لەوێ بکرێنەوە کاریان لەسەر دەکەین و لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجامەکانی دەردەکەون.
لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران حەوت دەروازەی سنووری هەن سێ فەرمی و چواریشیان نافەرمین؛ لەو دەروازانەوە ساڵانە چوار ملیار دۆلار ئاڵۆگۆڕی بازرگانی دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ