پارێزگاری دیالە فەرمانی بەقەزاکردنی قەرەتەپەی دەرکرد

23-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای ناڕەزایی لایەنە کوردستانییەکان، پارێزگاری دیالە فەرمانی بەقەزاکردنی ناحیەی قەرەتەپەی دەرکرد. سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە داوا دەکات رێکارەکان رابگیرێن و لێکۆڵینەوە لە بڕیارەکە بکرێت.

رۆژی 16ـی ئەم مانگە، عەدنان محەممەد عەباس شەمەری، پارێزگاری دیالە، فەرمانێکی کارگێڕیی بە ژمارە 6878 دەرکرد. بەگوێرەی فەرمانەکە، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە و پاڵپشتە بە نووسراوی وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بڕیاری ژمارە 62ـی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە رێکەوتی 31-12-2023، بڕیار دراوە بە:
 
یەکەم: بەرزکردنەوەی ئاستی ئیداریی ناحیەی قەرەتەپە بۆ قەزا و دیاریکردنی شارۆچکەی قەرەتەپە وەکو سەنتەری قەزاکە.
 
دووەم: جیاکردنەوەی ناحیەی جەبارە لە قەزای خانەقین و لکاندنی بە قەزای قەرەتەپەوە.
 
سێیەم: راسپاردنی تەها ئیبراهیم مەحموود بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری قەزاکە بەوەکالەت، تاوەکو ئەو کاتەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە قایمقامێکی نوێ هەڵدەبژێرێت.
 
ئەوس مەهداوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لەسەر لیستی یەکێتی، رۆژی سێشەممە، 22-07-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەسەر داوای ئێمە، عومەر مەعن ساڵح کروی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە نووسراوی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کردووە بۆ راگرتنی رێکارەکانی بەقەزاکردنی ناحیەی قەرەتەپە."
 
ئەوس مەهداوی هۆکارەکانی رەتکردنەوەی بڕیارەکەی روونکردەوە و گوتی، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسەکە پێکدەهێنرێت، بەڵام "بەدڵنیاییەوە قەرەتەپە مەرجەکانی تێدا نییە". 
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە چەند هۆکارێک دەخاتەڕوو:
 
یەکەم: ژمارەی دانیشتووانی ناحیەکە ناگاتە ئەو ئاستەی بکرێتە قەزا.
 
دووەم: ناحیەی کۆکس، کە ناحیەیەکی سەر بە ئیدارەی هەرێمی کوردستانە نەک دیالە، بە نایاسایی خراوەتە سەر قەزا نوێیەکە.
 
سێیەم: قەرەتەپە دەکەوێتە چوارچێوەی ناوچەکانی مادەی 140 و نابێت هیچ گۆڕانکارییەکی ئیداریی تێدا بکرێت.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە جەختی لەوە کردەوە، سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان دژی بڕیارەکەن و بە هەنگاوێکی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردنی دەزانن.
 
رۆژی 2ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاندبوو، محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، رەزامەندیی لەسەر بەقەزاکردنی قەرەتەپە داوە.
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتەکە پاساوی بڕیارەکەی بەوە هێنایەوە کە "سێ ناحیە هەبوون بە هیچ قەزایەکەوە نەبەسترابوونەوە، ئەوانیش قەرەتەپە، جەبارە و کۆکس بوون، ئەمەش وایکرد پێویست بە دامەزراندنی ناوەندێکی نوێی قەزا بکات بۆ رێکخستنی ئیداریی ناوچەکە."
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی پلاندانان، یەکە ئیدارییە نوێیەکان بەم شێوەیە دەبن:
 
• قەزای قەرەتەپە: کۆدی ئیداری (2109)
• ناحیەی جەبارە: (سەر بە قەزای قەرەتەپە) - کۆدی ئیداری (21092)
• ناحیەی کۆکس: (سەر بە قەزای قەرەتەپە) - کۆدی ئیداری (21093)
 
ناحیەی قەرەتەپە سەر بە قەزای خانەقینە لە پارێزگای دیالە و یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.