لە هەولێر کارەبای موەلیدە لە کارەبای نیشتمانی زیاترە

23-08-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، لەم مانگەدا لە هەولێر زیاتر لە کارەبای نیشتمانی کارەبای موەلیدە دراوەتە هاونیشتمانییان، لە سلێمانیش کارەبای موەلیدە نیوەی کارەبای نیشتمانی بووە.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لەم مانگەدا رۆژانە لە هەولێر بە تێكڕا نزیکەی 14 کاژێر کارەبای موەلیدە دراوەتە هاوبەشان و لە هەندێک شوێن زیاتریش دراوە، لە سلێمانیش کارکردنی موەلیدە دەگاتە 12 کاژێر، لە دهۆک بە تێکڕا 11 کاژێرە و لە هەڵەبجە لەنێوان 6 بۆ 15 کاژێردایە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی ئابی 2023، ئەندازیار قارەمان مەولوود، بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کارەبای نیشتمانی لە هەولێر زۆر کەمە؛ بە تێکڕا لە 24 کاژێردا 13 کاژێر و نیو بۆ 14 کاژێر کارەبای موەلیدە دەدرێتە هاونیشتمانییان، لە هەندێک شوێنیش 16 کاژێر موەلیدە کار دەکەن." 
 
تاریق سەمین، سەرۆكی كۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئامارەکان ورد نین تاوەکو کۆتایی مانگ، بەڵام بە تێکڕا لە 24 کاژێردا 11 بۆ 12 کاژێر موەلیدە ئەهلییەکان کار دەکەن.
 
هەروەها هەکار هرووری، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژانە کاتەکانی ئیشکردنی موەلیدەکان دەگۆڕدرێن، رۆژ هەیە 6 کاژێر موەلیدە کاردەکات و رۆژیش هەیە 15 کاژێر، بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە تێكڕا هەژماری بکەین رۆژانە 11 کاژێر کارەبای موەلیدە دراوەتە هاونیشتمانیان."  
 
لەبارەی هەڵەبجەوە، زووهرە یوسف، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە قایمقامییەتی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە مانگانە دەتوانین کاژێرەکانی پێدانی کارەبا دیاریبکەین، چونکە خشتەیەکی دروستی کارەبای نیشتمانیی لە بەردەستماندا نییە، رۆژ هەیە شەش کاژێر موەلیدە کاردەکات و رۆژیش هەیە 15 کاژێر." 
 
بەگوێرەی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، بەرهەمهێنانی کارەبا لەم وەرزەدا 3 هەزار و 200 مێگاواتە، لەکاتێکدا خواست دەگاتە 5 هەزار و 500 مێگاوات. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە