رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ئیلام دەڵێت، لە 6ـی ئابەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن و 100 هەزار زیارەتکاری شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە هاتووچۆیان کردووە.
حەسەن بەهرامنیا، پارێزگاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، لە 6ـی ئابەوە تاوەکو 22ی ئاب زیاتر لە دوو ملیۆن و 100 هەزار زیارەتکاری ئێرانی و بیانی بە دەروازەی سنووریی مێهرانی سەر بە پارێزگاکە هاتووچۆیان کردووە.
حەسەن بەهرامنیا گوتی، لەو ژمارەیە زیارەتکارە، نزیکەی 700 هەزاریان لە شوێنە پیرۆزەکانی عێراقەوە گەڕاونەتەوە ئێران و یەک ملیۆن و 400 هەزار کەسیش بە دەروازەکەدا چوونەتە عێراق.
دەروازەی سنووریی مێهران یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکانی نێوان ئێران و عێراق بۆ هاتووچۆی گەشتیاران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی. بەهۆی نزیکیی زیاتری لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق، ساڵانە زۆرترین زیارەتکار هاتووچۆی پێدا دەکەن.
پارێزگاری ئیلام لەبارەی توونێلی کەبیرکوه کە لە 6ـی ئابەوە بە مەبەستی خێراترکردنی هاتووچۆی زیارەتکاران کراوەتەوە گوتی: ''توونێلەکە هێشتا تەواو نەکراوە و بە شێوەی کاتی کراوەتەوە، بەڵام کاریگەرییەکی زۆری لە کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی هاتووچۆدا هەبووە کە تاوەکو کۆتایی پڕۆژەکە، دەبێ زیاتر لە دوو تریلیۆن و 900 ملیار تمەنی بۆ تەرخان بکرێت.''
ساڵی 2010 دەست بە پڕۆژەی توونێلەکە کراوە کە لە چیای کەبیرکوهی زنجیرە چیای زاگرۆس لە سنووری پارێزگای ئیلام تێدەپەڕێت و درێژاییەکەی زیاتر لە حەوت کیلۆمەترە، دەگوترێت بەهۆی توونێلەکەوە مەودای نێوان لوڕستان-ئیلام کە هاتووچۆی زۆربەی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێنیش دەگرێتەوە، 40 کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ