رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێش شەڕەکەی لالەزار، لاهوور شێخ جەنگییان ئاگادارکردووەتەوە خۆی رادەست بکات، بەڵام رەتیکردووەتەوە؛ هاوکات کوژرانی زیاتر لە 35 کەس لە هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی رەتدەکاتەوە.
عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی)، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چەکدارەکانی هێزی دووپشک هۆکاری شەڕەکە بوون، چونکە سەرەتا ئەوان دەستیان بە تەقەکردن کرد".
سەلام عەبدولخالق دەڵێت: "بەهۆی تەقەی هێزی دووپشکەوە 2 ئەنداممان شەهید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون، بۆیە لە تەقەکردندا ئەوان دەستپێشخەربوون".
گوتەبێژی دەزگای ئاسایش دەڵێت: "پێش شەڕەکە، لاهوور جەنگی بوورهان ئاگادارکرایەوە بچێتە دادگا، بەڵام رەتیکردەوە. ئێستاش کە دەستگیرکراوە دۆخی تەندروستی باشە، بریندار نییە و لە زیندانی ئاسایش راگیراوە".
لە شەڕەکەی بەرەبەیانی 22ـی ئابدا، 3 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژران. عەقید سەلام دەڵێت: "جگە لەو 3 شەهیدە، نزیکەی 20 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون، بەڵام زۆرینەیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و ئەوانەشی ماونەتەوە تەندروستییان جێگیرە".
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد: "پۆڵاد جەنگی بوورهان بە سووکی بریندارە و لە نەخۆشخانەیە. ئەگەر لە نەخۆشخانە دەرکرا دەبرێتە زیندان".
دەنگۆی جیاواز لەسەر دەستگیرکردن یان برینداربوونی رێبواری حامید حاجی خالی، فەرماندەی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی هەیە. لەوبارەیەوە سەلام عەبدولخالق گوتی: "بریندار نییە".
چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی بە رووداویان راگەیاند، لە شەڕەکەدا نزیکەی 150 درۆنی بۆمبڕێژکراوی بچووک لە دوو جۆر بۆ سەر لالەزار بەکارهێندرابوون. بەڵام گوتەبێژی دەزگای ئاسایش کە هێزەکەی بەشێک بوون لە چالاکییەکە ئەو زانیارییە رەتدەکاتەوە و دەڵێ: "دوورە لە راستییەوە".
سەلام عەبدولخالق ئاماژەی بەوەشکرد: "هێزە ئەمنییەکان نزیکەی 150 چەکداری هێزی دووپشکیان دەستگیرکردووە".
پێکدادانەکەی 22ـی ئاب لە لالەزار دوای زیاتر لە سێ کاژێر شەڕکردن، بە دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی و براکانی کۆتایی بە شەڕەکە هات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ