رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ گەشتە ئاسمانییەکانی سعودیە و هەرێمی کوردستان تایبەت بە عومرە دەستیان پێنەکردووەتەوە. گوتەبێژی حەج و عومرە دەڵێت، دەبێت بریکاری هێڵە ئاسمانییەکان سەردانیان بکەن.
نزیکەی دوو هەفتەیە کێشەی گەڕانەوە بۆ ئەو هاونیشتمانییانە دروستبووە کە بە رێگەی ئاسمانی بۆ عومرە چوونەتە سعودیە. رێبوار ئازاد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە، ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت: "کێشەکە بەردەوامە و خەڵک بە پاس دەگەڕێنەوە".
رێبوار ئازاد گوتی: "زۆرینەی ئەوانەی بە فڕۆکە چووبوونە سعودیە ناچاربوون بە پاس بگەڕێنەوە، چونکە تاوەکو ئەمڕۆ هیچ گەشتێکی ئاسمانیی عومرە لە سعودیەوە بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجام نەدراوە".
ئەو هاونیشتمانییانەی لە سعودیە گیریان خواردبوو، زیاتر لە دوو هەزار کەس بوون و هێشتا ژمارەیەکیان لەو وڵاتە ماون.
بەهۆی کێشەی نەبوونی گەشتی ئاسمانی بۆ عومرەکارانی هەرێمی کوردستان، 19ـی ئەم مانگە بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە رایگەیاند، هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی عومرە بۆ سعودیە رادەگرن.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەشتەکانمان راگرتوون و تاوەکو ئێستاش هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەیان دیار نییە".
گوتەبێژی حەج و عومرە گوتی: "دەبێ هەموو بریکارانی هێڵە ئاسمانییەکان سەردانمان بکەن و بەڵێننامە پڕبکەنەوە، دواتر کاتی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان رادەگەیێندرێت، چونکە ناکرێت خەڵک ببەنە سعودیە بە فڕۆکە و لەوێ نەیانهێننەوە".
دوای بڕیارەکەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق 20ـی ئاب رایگەیاند، "بەهۆی چلەی ئیمام حوسێنەوە گەشتەکان راگیرابوون و ئەمڕۆ دەستپێدەکەنەوە".
وەلید دلفی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، 20ـی ئاب بە رووداوی راگەیاند: "بەهۆی رێوڕەسمەکانی زیارەتی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن، گەشتەکانی عومرە بۆ هەفتەیەک راگیرابوون، چونکە گوشاری زۆر لەسەر هێڵەکەمان هەبوو".
بە گوتەی وەلید دلفی، دەبوو لە 20ـی ئابەوە "گەشتەکان لە هەموو فڕۆکەخانەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەستپێبکەنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ