رووداو - هەولێر
سێ رۆژە دایکێک و دوو کوڕی لە ماڵەکەی خۆیاندا لە هەولێر دەرگەیان لەسەر قوفڵدراوە و ناتوانن بچنە دەرەوە. هۆکاری کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هاوژینەکەی بەبێ ئاگاداریی ئەو خانووەکەی فرۆشتووە، لەکاتێکدا ژنەکە دەڵێت بەشێکی زۆری پارەی خانووەکە لە میراتی باوکی بووە.
نازەنین وەیسی لە قاتی سەرەوەی ماڵەکەیانەوە بە رووداوی گوت، "[پیاوەکەم] هاتە دادگە گوتی 'هەڕەشەم لێ نەکردووە و خیانەتیشم نەکردووە'. ئێستاش تاوەکو هەقی من کە لەنێو ئەم خانووەیە و پێی کڕاوە، بە زێڕ و پارە، هەتا ئەو مافە وەرنەگرمەوە لە دادگە، چۆڵی ناکەم. بەناو برادەرێکی خۆی کردووە بە غەدر".
نازەنین دایکی سێ کوڕە، دەشڵێت، دوای ئەوەی هاوژینەکەی ژنی دووەمی هێناوە، کێشە کەوتووەتە نێوانیان. بە گوتەی نازەنین، خانووەکەیان کە 200 مەترە و دەکەوێتە گەڕەکی راستیی هەولێر، لە ساڵی 2020 بە 140 هەزار دۆلار کڕاوە و 83 هەزار دۆلاری ئەو پارەیە هی ئەو بووە کە لە میراتی باوکی بۆی جێماوە.
ئیسماعیل بورهان، کوڕی ناوەندیی خێزانەکە دەڵێت، "بابەتەکە ناپاکیی هاوژینی بوو، دواتر کە لێی ئاشکرا بوو، دایکم گوتی بۆ واز لە ژیانمان ناهێنی؟ باوکم هاتەوە دەمانچەی لێ راکێشا و زۆریشی لێدا، گوتی 'ئاویشی بدەنێ لە ئێوەش دەدەم'، لەوکاتەوە ماڵی بەجێهێشتووە و نەگەڕاوەتەوە. منیش لە ماڵە دراوسێ دەمێنمەوە، سێ رۆژە هیچیان نەخواردووە. با بێتەوە حەقمان بداتەوە هیچمان لێی ناوێ".
لە بەرامبەردا، پارێزەری پیاوەکە دەڵێت، خانووەکە بە بڕیاری دادگە قوفڵی لێدراوە. ئەحمەد محەممەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو خانووە بە چۆڵی قوفڵی لێ دراوە، بەهیچ شێوەیەک کەسی تێدا نەبووە، بەڵام ئەوان بە یاساشکێنی چوونەتە نێو خانووەکە، ئەگەر وانییە، بۆچی لەکاتی قوفڵدانی خانووەکە هیچ هەڵوێستیان نەبووە؟"
نازەنین دایکی سێ کوڕە، بچووکەکەیان تەمەنی 13 ساڵە و گەورەکەیان 20 ساڵانە. کێشەی جیابوونەوەی ئەم دوو هاوژینە لە دادگەیە و هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەوە نەدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ