ئاگری دارستانەکانی دوو گوندی مەریوان کۆنترۆڵ نەکراوە

23-08-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە دەڵێت، هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان بەردەوامن.
 
ئەمڕۆ شەممە 23ی ئابی 2025 بەهزاد شەریفیپوور، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند، بەشێکی ئاگرەکەی دارستانەکانی مەریوان کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام لە بەشێکی دیکە بەردەوامە.
 
بەهزاد شەریفیپوور گوتی، "بە هەوڵی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکان، ژینگەپارێزان و خەڵکی ناوچەکە، ئاگری دارستانەکانی هەردوو گوندی بناوەچڵە و دەرەوەران کۆنترۆڵ کرا، بەڵام لە دارستانەکانی نێوان گوندەکانی هانەشێخان و هەنجیران هێشتا ئاگرەکە بەردەوامە و بەهۆی ئەوەی ناوچەکە سەختە، کۆنترۆڵکردنی ئەستەمە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە، هەڵکردنی بای بەهێز لە ناوچەکە کاری تیمەکان و ژینگەپارێزانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە سەختتر کردووە.
 
بەهزاد شەریفپوور داوا دەکات، تەنیا ژینگەپارێزانی بەئەزموون و کەسانی شارەزای ناوچەکە بەشداری لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا بکەن، بۆ ئەوەی کارەساتی مرۆیی لێنەکەوێتەوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند، 50 کەسی سەر بە تیمەکانی سەرچاوە سرووشتییەکان و 60 کەس لە ژینگەپارێزان لە کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان دا بەشدارن.
 
ئەوەشی خستەڕوو، بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان داوای هێلیکۆپتەریان کردووە.
 
سەبارەت بە زیانەکانیش، بەهزاد شەریفپوور دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ هەڵسەنگاندنێکی فەرمی بۆ زیانەکان نەکراوە و دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە خەمڵاندن بۆ زیانەکان دەکەن و بۆ رای گشتی رادەگەیێنێن.
 
رۆژی 17ی ئابی 2025 ئاگر لە دارستانەکانی گوندی هانەشێخانی سەر بە شاری مەریوان کەوتەوە و ئێوارەی رۆژی چوارشەممە لە لایەن تیمەکانی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان، ژینگەپارێزانی خۆبەخش، خەڵکی ناوچەکە و تیمەکانی فەرمانگەی پاراستنی ژینگە شارەکەوە کۆنترۆڵ کرا، بەڵام ئێوارەی هەمان رۆژ ئاگر لە دارستانەکانی ناوچەکە سەریهەڵدایەوە.
 
ئاگرەکە سەرەتا لە دارستانەکانی گوندی هانەشێخانی مەریوان سەریهەڵدا و دواتر بەرەوە گوندەکانی گاگل، بناوچڵە، هەنجیران و دەرەوەران تەشەنەی سەند.
 
21ـی ئابی 2025، عیرفان حوسێنی، ژینگەپارێز و ئەندامی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دوێنێ ئێوارەوە ئاگر لە دارستانەکانی گوندی هانەشیخان سەریهەڵداوەتەوە و بەرەو گوندەکانی گاگل، بناوچڵە، هەنجیران و دەرەوەران تەشەنەی سەندووە."
 
لە دوو ملیۆن و 900 هەزار هێکتار رووبەری پارێزگای سنە، 340 هەزار هێکتاری دارستان و یەک ملیۆن و 740 هەزار هێکتار پووش و پاوان و لەوەڕگەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.