رووداو - کەرکووک
لە شاری کەرکووک، سەنتەرێکی تایبەت بە چارەسەرکردنی ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر بووەتە پەناگەیەک بۆ دەیان کەس کە دەیانەوێت دەستبەرداری ئەو مادەیە بن و بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی. ئەو کەسانەی خۆیان رادەستی سەنتەرەکە دەکەن، بەپێی یاسا لە هەموو سزایەک دەبەخشرێن.
سەنتەری چارەسەرکردنی ئالوودەبووان لە کەرکووک، کە لە ماوەی 8 مانگی رابردوودا 34 کەسی وەرگرتووە، هەلێکی دووەم بەو کەسانە دەدات کە لەڕێگەی هاوڕێی خراپەوە یان هەر هۆکارێکی دیکە، تووشی ئالوودەبوون بوون.
"هـ.م" یەکێکە لەو کەسانەیە سێ مانگە لە سەنتەرەکە چارەسەر وەردەگرێت و چیرۆکی خۆی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە: "پێشتر ئیشم دەکرد، بەڵام هیچم پێوە دیارنەبوو. بەردەوام لە ماڵەوە کێشە و شەڕم هەبوو. کەسێکم نەدەبینی و باش و خراپی خۆمم لێک جیانەدەکردەوە. هیچ شتێکم لەبیر نەدەمایەوە کە لە دەرەوە چیم کردووە. لەو کاتەوەی هاتوومەتە ئێرە، سوپاس بۆ خوا لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە زۆر باش بوومە. هەست دەکەم ژیانێکی نوێم هەیە، وەک ئەوەی تازە لەدایک بووبمەوە. داوا لە دایک و باوکان دەکەم ئاگایان لە منداڵەکانیان بێت و نەهێڵن ئەم ڕێگەیە بگرنەبەر، چونکە ڕزگاربوون لێی زۆر زەحمەتە."
سەنتەرەکە تەنیا شوێنێک نییە بۆ چارەسەری پزیشکی، بەڵکو ژینگەیەکی گشتگیری بۆ چاکسازی رەخساندووە کە هۆڵی وەرزشی، یاریی جۆراوجۆر و خولی فێربوونی پیشەیی لەخۆدەگرێت و هەموو خزمەتگوزارییەکان بەخۆڕایین. هەرچەندە شێوەی کارکردنی هاوشێوەی گرتووخانەیە، بەڵام دەرگای بۆ سەردانیکردنی کەسوکار کراوەیە.
سەعد جاسم، بەڕێوەبەری سەنتەرەکە بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند: "بەرنامەیەکی چاکسازیمان هەیە کە بۆ ماوەی سێ مانگە. دواتر لیژنەیەک هەڵسەنگاندن بۆ کەسەکە دەکات. ئەگەر سوودی لە چارەسەرەکان وەرگرتبوو، نووسراو بۆ دادگە دەکەین و ئازاددەکرێت، بەڵام ئەگەر سوودمەند نەبووبێت، ماوەکەی بۆ شەش مانگ درێژ دەکرێتەوە."
یەکێک لە گرنگترین هاندەرەکان بۆ ئەوەی ئالوودەبووان خۆیان رادەست بکەن، مادەی 40ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانە. شوان هەمەوەندی، چاودێری سەنتەرەکە گوتی: "مادەی 40 دەڵێت، ئەو کەسەی بە ویستی خۆی، خۆی رادەست بکات تا چارەسەر وەربگرێت، بە هیچ شێوەیەک سزا نادرێت، واتە لێبوردنی گشتی دەیگرێتەوە. ئەم مادەیە تایبەتە بەو کەسانەی تەنیا ئالوودە بوون. دوای تەواوکردنی ماوەی چارەسەرییەکەی، ئازاد دەکرێت و زۆر کەسمان هەبووە لێرە چارەسەریان وەرگرتووە و گەڕاونەتەوە بۆ ژیانی ئاسایی."
سەنتەرەکە تایبەتە بە پیاوان و لە ئێستادا 98 کەسی تێدایە. هاوکات، بەپێی ئامارەکان، 53 ژنیش لە گرتووخانەی چاکسازیی کەرکووک لەسەر کێشەی ئالوودەبوون بە مادەی هۆشبەر دەستبەسەر کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ