رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەک کە بۆ لێکۆڵینەوە لە زیانەکانی ئاگرەکەی هەڵەبجە پێکهێنرابوو، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، پێنج هەزار دۆنم دارستانی سرووشتی سووتاوە. سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێت: "زیانی ئەو دارستانە سرووشتییە بە ملیار دۆلاریش ناخەمڵێندرێت."
هەفتەی رابردوو ئاگرێک لە سنووری هەڵەبجە کەوتەوە، دوای سێ رۆژ و دوو شەو ئینجا لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵکرا. رۆژی 21ـی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە زەرەر و زیانەکانی ئاگرەکە پێکهێنا.
ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئابی 2025، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "پێنج هەزار دۆنم دارستانی سرووشتی کە پێکهاتبوون لە داری بەڕوو، قەزوان، گوێز، کەیکەڤ، بەڵاڵوک، هەرمێی کێوی، زڕوەن، بادام و چەقەڵە، هەزار دۆنم پاوانی سرووشتی، 36 دۆنم باخ لە سێ گوند و بەرهەمی بنێشت لە هەردوو گوندی مۆردین و چناری کۆکۆیی سووتاون، کە بڕی بنێشتەکە سووتاوەکە بە 475 کیلۆگرام مەزەندە دەکرێت."
محەممەد مەحموود، بەڕێوەبەری دارستان و پاوان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زیاتر لە دوو رۆژە لەگەڵ دوو ئەندامی دیکەی لیژنەکە خەریکی دیاریکردنی زیانەکانین. سەردانی مەیدانیمان کردووە، دواتر وێنەکانمان هێناوەتەوە و بە وردی کارمان لەسەریان کردووە، هەروەها لەگەڵ دانیشتووان و ئەنجوومەنی گوندەکان قسەمان کردووە. لە کۆتاییدا ئامارەکانمان لە کۆنووسەکەدا بڵاوکردەوە."
بە گوتەی محەممەد مەحموود، پێویستە لیژنەیەکی دیکەی پسپۆڕ پێکبهێنرێت، بۆ ئەوەی زیانە مادییەکانیش بە وردی بخەمڵێندرێن. هەروەها گوتی: "زیانی دارستانە سرووشتییەکە بە ملیار دۆلار ناخەمڵێندرێت."
هاوکات سمکۆ سالار، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەڵەبجە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە ئەو راپۆرت و کۆنووسانە دەدەینە لایەنە پەیوەندیدارەکان کە ئەنجوومەنی وەزیرانە، تاوەکو قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکەنەوە و کاری پێویستیش بۆ ساڵی داهاتوو بکرێت. گوندەکان هەموویان باخ بوون، بەڵام ئێستا یەکپارچە سووتاون."
ئاگرەکەی هەڵەبجە زیانی گیانیشی هەبوو، ژینگەپارێزێک و پۆلیسێکی دارستان گیانیان لەدەستدا و شەش کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ