رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەوانیی سنە دەڵێت، هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەکە داوای لێپرسینەوەیان لە سەرۆکی شارەوانیی سنە کردووە.
ئەمڕۆ شەممە 23ی ئابی 2025 فەرزاد زارعی، سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەوانیی شاری سنە رایگەیاند، "رۆژی 11ی ئاب هەر 9 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی شارەوانی راستەوخۆ داواکارییەکیان واژۆ و پێشکێش کرد، بۆئەوەی لێپێچینەوە لە سەرۆکی شارەوانی بکرێت."
فەرزاد زارعی گوتی، "هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری سنە لە نامەیەکی نووسراودا نووسیویانە کە شار بە کردەوە لە وەستاندایە و بەردەوامی چالاکییەکانی سەرۆکی شارەوانیی سنە بەڕێوەبردنی شارەکە پەکدەخاتل هەربۆیە داوای لێپرسینەوە دەکەین."
زارعی ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆبوونەوەی لێپرسینەوە لە ئەنوەر رەشیدی، سەرۆکی شارەوانیی سنە رۆژی 26ی ئاب کاژێر 5ی ئێوارە بە کاتی سنە بە ئامادەبوونی ئەنجوومەنی شار و ئامادەبوونی میدیاکان بەڕێوەدەچێت."
فەرزاد زارعی گوتیشی بە 9 هۆکار لێپرسینەوە لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی دەکرێت کە بریتین لە:
1. رێکنەخستنی فرۆشیارانی سەر شەقام و دەستفرۆشانی نێوشار
2. جێبەجێنەکردنی یاساییەکانی ئەنجوومەنی شار، بەتایبەتی لە بواری سەرچاوە مرۆییەکان
3. دانانی بەڕێوەبەرانی شارەوانی لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا و رێسا و مەرجەکانی بڕوانامە
4. دواکەوتنی تەواوکردنی پڕۆژەکانی نێو شار
5. ناڕازیبوون لە شێوازی پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری شارەوانی
6. رێگەدان بە بیناسازی نایاسایی لە نێوشار
7. مامەڵە لەگەڵ بەڵێندەری تایبەت
8. نەدانی مووچەی مانگانە بە کارمەند و کرێکارانی شارەوانی سنە
9. کەڵک وەرنەگرتن لە توانایی مرۆیی 2500 کەسی شارەوانی و سپاردنی کارەکان بە بەڵێندەر
ئەنوەر رەشیدی لە 03-10-2021 لەلایەن هەر 9 ئەندامی ئەنجوومەنی شاری سنە وەک سەرۆکی شارەوانی سنە هەڵبژێردرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ